محەمەدی حاجی مەحمود: یەكێتی و پارتی لە هەموو شتێك شەریكن خۆشیان چارەسەری كێشەی د. بەرهەم دەكەن

2265 جار خوێندراوەتەوە کات07:28 بەروار29-11-2018
محەمەدی حاجی مەحمود: یەكێتی و پارتی لە هەموو شتێك شەریكن خۆشیان چارەسەری كێشەی د. بەرهەم دەكەن
 
راچڵەكین- ئاوات خەیروڵڵا  
 
محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری گشتی حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی راچڵەكین  چەندین زانیاری نوێ لەبارەی پێكهێنانی حكومەت و پرسی ریفراندۆم و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان دەدركێنێت، هەروەها باس لەئایندەی عێراق وداعش لە ناوچەكە دەكات. 
 
محەمەدی حاجی مەحمود رایدەگەیەنێت، كابینەی ئەمجارەی حكومەتی هەرێم جیاوازتر دەبێت و رەنگە هەموو لایەنەكان بەشدارنەبن، یەكێتی وپارتی بیانەوێت كام لایەن بەشداریپێبكەن ئەوا بەشداری پێ دەكەن، نەشیانەوێت بەشداری پێی ناكەن، دەشڵێت: مەرج نییە هەموو لایەنەكان بەشداربن لە حكومەت لەهەموو دنیاش بەوشێوەیە. 
 
ئاماژە بۆئەوەش دەكات، حكومەت بێ پارتی یان یەكێتی دروست نابێت بەڵام بەبێ هەموو لایەنەكانی دیكە دروست دەبێت. جەخت لەوەش دەكاتەوە، كە دوو رێگاهەیە بۆ دروستكردنی حكومەت یان ئەوەیە یەكێتی وپارتی بگەنە رێككەوتن وحكومەت دروست بكەن یاخود دەبێتە دووئیدارەیی كەئەوەش خەڵك قبوڵی نییە.
 
محەمەد حاجی مەحمود ئاماژە بەوەدەكات، تائێستا نازانن بەشداری حكومەت دەكەن یاخودناچاوەڕێی دیاریكردنی ئەو كەسە دەكەن كە ڕادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت. 
 
دەشڵێت، كورد جارێكی دیكە پێویستی بەڕیفراندۆم نییەوهەركاتێك بیەوێت ئەوەی كردویەتی بەكاریدەهێنێت. 
 
دەشڵێت پێشمەرگە بەشەڕ كەركوك وناوچەجێناكۆكەكانی جێ هێشتووە بۆیە بەئاشتی ناگەڕێتەوە ئەو ناوچانە.
 
هەروەك هێما بۆئەوەش دەكات، ئاگاداری دەسپێشخەرییەكانە بۆ باشبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان بارزانی و بەرهەم ساڵح ، دەڵێت: یەكێتی وپارتی لەنەوت وحكومەت و هەمووشتێك هاوبەشن خۆشیان ئەوەچارەسەر دەكەن "پێم وایە پێك بێنەوە".
 
لەبارەی پۆستی سەرۆكی هەرێمیشەوە دەڵێت، كورد ئێستا مەرجەعیەتێكی نیە بۆیە پێویستییەكی گرنگ وزەروری هەرێمە كە سەرۆكی هەرێم دابنرێتەوە ئیتر لەهەر لایەن ویان كەسێك بێت. 
 
دەقی چاوپێكەوتنەكەی راچڵەكین لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمود:
 
راچڵەكین: یەكەمین كۆبوونەوەی لایەنەكان لەبارەی پێكهێنانی حكومەت چۆن دەبینیت؟
 
محەمەدی حاجی مەمحود: تائێستامن نازانم لەكۆبونەوەكان چی باسكراوە، ئاگاداری وردەكارییەكان نییم، بەڵام ئەوەی كەلەدوای هەڵبژاردنەكان پێویستە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، ئەوكاتە فراكسیۆنی گەورە كەسێك رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەوكات دەست بەسەردانی لایەنەكان دەكات لەبارەی پێكهێنانی حكومەت ئەوە كەخاڵی سەرەتا ویەكەمە تائێستا نەكراوە،بەڵام شاندی پارتی سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و گۆڕانی كرد وردەكاریم لانییە بەڵام ئەوەندە دەزانم كۆبوونەتەوە.
 
راچڵەكین: سەردانی چەندلایەنەێك نەكراوە لە لایەن وەفدەكەی پارتییەوە، دەوترێت كۆبونەوەكە راوێژكاریی بووە رای ئێوە چییە؟  كاتی زۆر بخایەنێت؟
 
محەمەدی حاجی مەحمود، بەڕای من پارتی ویەكێتی ئەو دوو لایەنە دەتوانن حكومەت پێكبهێنن بەتەنها وە دەتوانن داوا لەحزبەكانی تریش بكەن بەشداری بكەن لەحكومەت وەپێكهێنانی حكومەت بەشێوەیەكە بەبێ یەكێتی وپارتی دیموكراتی كوردستان تەشكیل ناكرێت، كە ئەوە ئەمری واقعێكە وهەموو لایەنەكان دەیزانن، بەبێ هەموو لایەنەسیاسییەكان حكومەت پێك دەهێنرێت، بەڵام بەبێ یەكێتی وپارتی ناتوانرێت حكومەت پێك بهێنرێت.
 
راچڵەكین: پەیوەست بە حزبی سۆسیالست دیموكرات ئایا ئێوە بەشداری حكومەت دەكەن؟ 
 
محەمەدی حاجی مەحمود:وەك ئاماژەم پێكرد دەبێت سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت ودوای سەرۆكی پەرلەمان كەئێستا وابزانم بووە بە دووجێگر ئەوكات پەرلەمان كۆدەبێتەوەویەكێك رادەسپێردرێت لەلایەن فراكسیۆنی گەورە بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەوكات سەردانی لایەنەكان دەكات تائێستا ئەوە نەكراوە و سەردانی ئێمە نەكراوە، هەركاتێك ئەوانەكرا رەنگە قسەمان هەبێت بەشدار دەبین یاخودنا "جارێ نازانین".
 
راچڵەكین: باسلەوەدەكرێت پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە بە محەمەدی حاجی مەحمود دەدرێت ئایا ئەمە تاچەند راستە؟ 
محەمەدی حەجای مەحمود: ئەوەی باس دەكرێت تەنیا لەراگەیاندنەكانەوەیەوە تائێستا بەفەرمی هیچ شتێك لەوبارەیەوە بەئێمە نەوتراوە. 
 
راچڵەكین: دەوترێت بۆكابینەی نوێ پارتی كەسێكی دیكە لەبری نێچیرڤان بارزانی رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت تاچەند ئێوە ئاگاداری ئەوەن ئایا ئەمە راستە؟ 
 
محەمەدی حاجی مەحمود: نازانم.. چونكە نازانم سیاسەتی پارتی لەئێستا چۆنەو كێ دادەنێت، منیش ئەوەم لە راگەیاندنەكانەوە گوێ لێبوو، بەڵام ئەوەندە دەزانم لەكوردستان یان لە هەر وڵاتێك بێت كەیاساو هەمووشتێك هەبێت بەردەوام لایەنی زۆرینە دەتوانێت حكومەت پێك بهێنێت لەگەڵ ئەوەندەی كورسی كەپێویستیەتی، بۆنمونە ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان 11 كورسی پێویستە بۆ پێكهێنانی حكومەت بەڵام لەواقعی كوردستاندا دەتوانێت حوكمی هەموو شوێنەكان بكات؟، بێگومان ناتوانێت، یانی حكومەت بەبێ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ناكرێت، دوو رێگە هەیە،یان دەبێت دووئیدارە بێت یان دەبێت پێكەوەبن،هیچ خاڵ ورێگەی دیكە نییە، ئایا كە بە دووئیدارەیی رازی دەبێت؟ ئەویش بڕواناكەم. لەبەرئەوە بڕواموایەئەو دوولایەنە هەردووكیان حكومەت پێكبهێنن وبگەنە رێككەوتن  دوای ئەوەش ئەگەر بیانەوێت هەر حزبێك بەشداری پێبكەن، ئەوابەشداری دەكەن ئەگەریش نەیانەوێت پێویست ناكات ئەوحزبانەی كەپێكەوەبن چونكە لەهەموو دنیا هەموو لایەنەكان بەشداری حكومەت ناكەن.
 
راچڵەكین: با دووركەوینەوە لەپێكهێنانی حكومەت بەڕای بەرێز محەمەدی حاجی مەحمود سەردانی بارزانی بۆ بەغدا تاچەند ئیجابی بوو؟ 
 
محەمەدی حاجی مەحمود: پێموایە لەم ماوەیە هەموو حزبەكان سەردانی بەغدایان كردووە وەكو حزب، هەموو سەردانیكردنێك بۆچارەسەركردنی كێشەكان باشە، هەرچۆن تۆ هەوڵدەیت چونكە ئێمە لەچوارچێوەی عێراقداین، چەندێك تۆ لەگەڵ بەغدا بگەیتەئەنجام شتێكی باشە، بەڵام ئاسانیش نییە، خاڵی یەكەم یەكڕیزی لایەنە سیاسیەكانەو ئەوان دەتوانن زەمانەتێكی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنن، پێموایە هەموو كۆبوونەوەیەك لەگەڵ عێراق و هەر سەردانێك گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بەتایبەت چونی كاك مەسعود كاریگەری خۆی دەبێت، بەڵام لەچوارچێوەی خەڵًكی كوردستان دەتوانی چارەسەری كێشەكان و ماڵی كوردی ویەكخستنی بكەیت؟، عێراق سیستەمێكی هەیە كە ئایا تەچەند دەتوانێت پاشگەزنەبێتەوە لەوبەرنامەی كە لەگەڵ كورد دایدەنێت، رەنگە ئاسان نەبێت دوای ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێم وبەغدا روویاندا لەوانەیە ماوەیەكی پێ بچێت بۆ چارەسەركردن وگەڕانەوەی متمانە.
لەداقوق وكەركوك زەوی خەڵك داگیردەكرێت، ئێمە لەبەغدا سەرۆكی كۆمارو وەزیروئەندامی پەرلەمانمان هەیە وەسەردانییەكانیش دەكرێت بۆبەغدا بەڵام لەگەڵ ئەوەنەدا لەكەركوك وشارو شارۆچەكەكانی دیكەی ناوچە دابڕێنراوەكان كێشەكان بەردەوامن. 
 
راچڵەكین: دوای سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغداو پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم وبەغدا ریفراندۆم چی بەسەر دێت؟ 

 

محەمەدی حاجی مەحمود: ریفراندۆم داوایەكی خەڵكی كوردستان بوو، تۆ چیت بوێت داوای دەكەیت، خۆ ریفراندۆم بۆجیابونەوە نەبوو لەعێراق یان ریفراندۆم شتێك نەبوو یەكسەر قەراری دابێت تۆ راپرسییەكت كردووە بەڕای من ئەو راپرسیەی كرا لەكوردستان خەڵك لەسەدا 93 چەند پۆینتێك دەنگی بەبەڵی دا ئەو ریفراندۆمە دووشتی گرنگی بۆخەڵك وهێزە سیاسییەكان دیاری كرد، یەكێكیان ئەو دیموكراتییەی ئەوروپا وئەمریكا ومافی مرۆڤ و جنێف  باسی دەكرد دەركەوت ئەسڵ وئەساسی نەبوو، چونكە ئەوان رازی نەبوون كە كورد بڵی چیم دەوێت، ئەوەش بەرچاو ڕوونییەكی بۆخەڵكی كوردستان و هێزە سیاسیەكان دروست كرد، خاڵی دووەمیش دەركەوت كە دەسەڵاتی هەبێت چی دەوێت، وەكوردیش دەنگی دا بەتایبەت لەناوچە دابڕێنراوەكانیش واتا كورد بۆی روون بوو ئەم دووخاڵە گرنگە هەمووكەسێك بەدوای بڕوات، بۆیە من پێم وایە ریفراندۆم رایەكی خەڵكی كوردستان بووە وە خەڵك دەنگی داوە بۆ مافی خۆی و شتێكە دەمێنێتەوە و نافەوتێ‌ و ناڕوات، كورد جارێكی دیكە پێویستی بە ڕیفراندۆم نییە". 
 
راچڵەكین: باسی ناوچە دابڕیندراوەكانت كرد ئایا تاچەند مەترسی بونی داعش لەوناوچانە هەیە بەتایبەت ئێوە كەپێشتر بەشداری شەڕەكانتان كردووە ئایا داعش مەترسی ماوە؟ 
 
محەمەدی حاجی مەحمود: داعش وەك رێكخراوێكی جەماوەری وسیاسی وسەربازی و ئیداری وئابوری هەڵوەشاوەتەوەز لەبەریەك نەماوە، چونكە داعش رێكخراوێكی عەسكەری نەبوو بەڵكو عێراق لەدوای رووخانی سەدام چەند مانگێكی پێچوو نەوتی فرۆشت كورد لەدوای  12 بۆ 13 ساڵ نەوتی فرۆشت، داعش لەدوای سێ رۆژ كە هاتە موسڵ نەوتی فرۆشت، ئەوە مانای ئەوەیە رێكخراوێكی منەزەمی ئیداری بوو پاشان چەكی دروستكرد، دەبابەی دروستكردوهێنای بۆئێمە خۆتان دەزانن نەئاربیجی دەیبڕی نەهیچ، جگە لەوە بەرنامەی خوێندنی گۆڕی، تەربییەی گۆڕی، چونكە لەسەدا 40ی خاكی عیراقی لەدەستد بوو وە لەسەدا 50ی زەوی خاكی سوریای لەبەردەست بوو،ئێستا هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام فكرەی داعش هەر ماوە".
 
راچڵەكین: داعش كەی كۆتایی دێت ؟ 

 

محەمەدی حاجی مەحمود: فكرەی داعش فكرەی عەرەبی شۆڤێنییەو توندرەوی ئیسلامیە رەنگە لەكۆنیشەوە هەبێت و لەداهاتووش دەبێت، چونكە ئەم داعشە هەر رۆژەو لەناو دەنگ و رەنگێكدا خۆی پیشانی خەڵكی كوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەدات رۆژێك بەناوی حەرەسی قەومی یان فیدایی، رۆژێ قاعیدە و سەحوە و جەیشی حور و یان جەبهەی نوسرە، رەنگە ماوەیەكی تر داعش ناوێكی دیكەی لێ بنرێت، ئەم فكرەیە ماوە، بەڵام وەكو هێزێكی داعش چوار مەفرەزەیەك لەولاو20 كەس لەولا ئەمە پەیوەندی بەمەسەلەی سیاسییەوە هەیە لەعێراق، چونكە هەموو داعش سوننەیە، بەڵام رەنگە هەموو سوننە داعش نەبێت، ئایا مافی سوننە لەعێراق چەند جێبەجێكراوە پەیوەندی بەو بابەتە هەیە، چونكە ئەگەر لەعێراق كێشەی سوننە چارەسەربكرێت وسوننە شەریك بێت داعش نامێنێت یان فكرەی داعش نامێنێت، ئەگەر ئەوانە بەردەوام بێت بەدڵنیایەوە ئەوفكرەیەی داعش لەناوێكی تر لەرەنگێكی تر بەشێوەیەكی تر هەڵدەداتەوە، چونكە خۆ سوننە هەمووی لەناو ناچێت ئێستا هێزێك نەماوە بەناوی سوننە هەندێكی هەڵهاتووە وهەندێكی لەكوردستانە وهەندێكی دابەشبووە بەسەر دووبەشی عێراقدا، بۆیە ئێستا كێشەی شیعەوشیعە هەیە لەعێراق نەك سوننە.
لەم هەلومەرجەدا كورد فرسەتێكی دیكەی بۆ هاتووە ئەمفرسەتە بۆ كورد هاتۆتەپێشەوە یەكێك لەوانە رەنگە وەزعی مەنتیقەكە ورۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كێشەكانی ئەمریكا وئیران وسعودییە وئێران وئەمریكا وتوركیا ئەمانە وایكردووە كەئێمە پێویستی بەمەجالێكی تر هەیە بۆكورد، ئایاكورد چەنێك دەتوانێت سود لەودەرفەتانە وەرگرێت بۆنمونە دەبینی لەعێراق یان لەهەموو دنیادا هەڵبژاردن دەكەیت بۆئەوەیە ئەنجامەكەی بەپێی كورسییەكانی كەنوێنەرایەتی خەڵك دەكات حكومەت پێك بهێنرێت، لەعێراق 329 كورسی پەرلەمان هەیە كە موقتەداسەدر زیاتر لەپەنجا كورسی و هادی عامری زیاتر لە40 كورسی و مالكی وپارتی-ش كورسییان هێناوە، یان ئەمانەی كورسیان هێناوە هیچیان حكومەتیان تەشكیل نەكردووە ئێران وئەمریكا رێكەوتوون بەرێز عادل عەبدولمەهدی كە یەك كورسی نییە كردوویانەتە سەرۆكی حكومەت واتا نەدەنگی خەڵك دەخوات نەبڕیار دەیخوات، تۆ لەوڵاتێكدای وڵاتی قەدەرە.
 
راچڵەكین: ئەو قەدەرە هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە بەوشێوەی تۆباسی دەكەی؟ 
 
محەمەدی حاجی مەحمود: ئەگەر هەرێمی كوردستان بگرێتەوە هەقە سەرۆكی پەرلەمان یان حكومەت بدەنە حزبی سۆسیالیست و حەقی ئێمەبێت خۆ ئەو كورسییەكی نییە كراوە بەسەرۆكی حكومەت لەبەرئەوە پێموایە ئەوروپا و بریتانیا ودنیا هەوڵیاندا نەوتی كەركوك لەكوردستانەوە بچێتە دەرەوە ئەمە یەكێكی دیكە لەوفرسەتانەی بۆكوردماوە خۆ نەوتەكەشمان نەدەنی كرێی بۆرییەكەوپاسەوانییەتیەكەی بدەنە كوردستان رەنگە بوژاندنەوەیەك بێت بۆئابووریمان. 
 
راچڵەكین : دورستبوونی ئەو بارودۆخەی كەجەنابت باسی دەكەی ئایا پەیوەندی دەبێت بەگەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك وناوچە جێناكۆكەكان؟ 
 
محەمەدی حاجی مەحمود: هەروڵاتێك یان هەرشوێنێك بەشەڕگیرابێت بەئاشتی نەگەڕاوەتەوە یانی بەئاشتی وتەسلیم بوون نەگەڕاوەتەوە، ئەگەرنمونەشت دەوێت ئەوە یەكێتی وپارتی ئەو لەسلێمانی دەركراوە ئەو لە هەولێر دەركراوە، هەردووكیان خۆیان بەمیوان دەزانن لە 2010 شەوە بارەگاكانیان چووەتەوە هەولێر ئێستا بڕۆ بەردەم مەڵبەند 50 كەس بگرە كەس خۆی ناكا بەخاوەنی بچۆ بەردەم لقیش وابكە بەهەمان شت هەركەسێك بەشەڕ دەركرا لەشوێنێك یان شارێك بەئاشتی ناوتوانێت ئەو شوێنە بەدەست بهێنێتەوە. 
 
راچڵەكین: ئەی پارێزگاری كەركویش وای لێدێت پێشبینی دەكەن كوردێك جارێكی دیكە دابنرێتەوە؟ 
 
محەمەدی حاجی مەحمود: ئەوەكێشەكە زیاتر یەكێتی وپارتی دیموكراتی كوردستانە ئەو دووحزبە بگەنە رێككەوتن لەسەر پارێزگار دادەنرێتەوە، بەڵام پارێزگاریش دابنێی ئەو دەسەڵاتەی پێشووی نابێت، چونكە ئەوكات پێشمەرگەی بەدەستەوەبوو خۆشی ئەبەست دەچووە جەبهەكان ئێستا كەركوك لەدەستی ئەو نابێت.
 
راچڵەكین: پەیوەندییەكانی ئێوە لەگەڵ یەكێتی وسەركردەكانی چۆنە؟ 
 
محەمەدی حاجی مەحمود: پەیوەندیمان لەكۆنیشەوە باشبووە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی و یەكێتی و كاك كۆسرەت و هەموویان، هەمیشە پەیوەندییمانباشبووە هەمیشە نزیك بوین، ئێمە لەئەنجومەنی پارێزگا یەك دەنگمان هەبوو دامان بەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كاتی خۆی  كۆمەڵێك هاوبەشی پێشترمان هەیە شەهیدی هاوبەشمان هەیە ناوچەی مشترەكمان هەیە خەباتی هاوبەشمان هەیە،دەتوانم بڵێم لای ئێمەوە زۆرباشە ئیتر نازانم لای ئەوان. 
 
راچڵەكین: لەبارەی تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان بارزانی و بەرهەم ساڵح ئایە هیچ دەسپێشخەرییەكی نێوخۆیی هەیە بۆئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانیان؟
 
محەمەدی حاجی مەحمود: من هەندێك ئاگادارم لەوەی كە هەوڵ هەیە بۆ ئەوبابەتە، كاك بەرهەم ئێستا سەرۆكی عێراقە تاچوارساڵی تر.
 
راچڵەكین: تۆش بە سەرۆك كۆماری عێراقی دادەنێیت؟ 
 
محەمەدی حاجی مەحمود: سەرۆكی عێراقە من دانی پێدا بنێم یان نەینێم ئەوە واقیعێكە لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردراوە وتا چوارساڵی تر سەرۆك كۆماری عێراق دەبێت دانیشی پێدانراوە لەوڵاتانی دەرەوە  ئێمەش بەشێكین لە عێراق، من پێموایە كاك بەرهەم نوێنەری یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەو لەگەڵ پارتی تائێستا حكومەتیان پێك هێناوە هاوبەشن لەحكومەت لەپەرلەمان لە ئابوری لە سیاسەت لەنوێنەرایەتی لەبیرە نەوت لەهەموو شتەكان شەریكن قابیلە ئەمجارەش چارەسەری نەكەن، پێم وایە ئەمجارەش خۆیان چارەسەری دەكەن. 

راچڵەكین:هیچ دەستپێشخەری نوێ هەیە وەك ئێوە ئاگاداربن؟
 
محەمەدی حاجی مەحمود: شەڕنەبووە تائاشت ببنەوە، بەڵام پێموایە پێكدێنەوەوپێكهێنانەوەزۆر قورس نییە چونكە پێم وایە ئێمە لەوڵاتێكداین پێویستە پێكەوە بین وچارەسەری كێشەكان بكەین".
 
ڕاچڵەكین: كۆتاپرسیارمان لەبارەی سەرۆكایەتی هەرێم-ە، ئایا تۆ لەگەڵ كاراكردنەوەی ئەو پۆستەیت؟ 
 
محەمەدی حاجی مەحمود: سەرۆكی هەرێم بۆكوردستان زەرورییەكی گرنگی مێژووی مەوزوعییە، چونكە ئێمە لەكوردستان تائێستا مەرجەعییەتێكمان نییە تائێستا زەمانەتێكمان نییە بۆئاراستەكردنی ئەم هەرێمە خۆتەزانی پەلاماریانداین، هەرەشەی حاجی ئۆمەران و پێنجوێنیان لێكردین، سەدام پێی نەكرا عەبادی كردی لەگەڵ كورددا، ئەو هەنگاوانە بابەتی هەرێم یان سەرۆكی هەرێم دەبێتە سەرۆك یان رەمزێكە بۆخەڵكی كوردستان جا هەركەسێك بێت یان لەهەر لایەنێك دەبێت، هەرێمی كوردستان بەبێ سەرۆكی هەرێم ناتوانێت ئیدامە بەو حكومەتەی كە هەیەتی بیدات، چونكە تۆسەرۆكی هەرێمت نەبوو لەومەنتیقەیە ئەمریكا حەزەكات پارێزگایەك بیت كە یاسای پارێزگاكان بوو ئەوكات پارێزگاكان بەیەكەوە دەبسترێـتەوە بەبەغدا، كەتۆسەرۆكی هەرێمت نەبوو مەرجەعیەتێكت نەبوو وردە وردە پەرلەمانیش كەكەسەكانی تریش زۆر توانای هەبێت ناچنە پەرلەمان زۆری عەیبی پێ دێت بچێتە پەرلەمان، بەڵام ئەوەتا پەرلەمانی توكیا ئەرۆدغان و دەمیرتاش وباخچەلی تێدایە بایكاڵی تێدایە، پەرلەمانی عێراق مالكی تێدایە وعەبادی تێدایەو حەكیمی تێدایە، پەرلەمانی ئێمە ئەمانە عەبیان پێی دێت بچنە ناوپەرلەمانەوە، كە ئەمانە نەچوونە پەرلەمان وردە وردە بچوك دەبێت وئەو قوەتەی تێدا نامێنێت، دەبێت پرسی حزبەكان بكات لەبەر ئەوە بوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پاراستنی دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستانە بۆیە من لای خۆمەوە وای دەبینیم زەرورییە كورد پێش هەمووشتێك لەم خولەی پەرلەمان بیر لەدەستور بكەنەوە بۆهەرێم و ئێمە دەستورمان نییە دوای دەستورەكە پرسی سەرۆكی هەرێم چارەسەبكرێت و پێویستە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان پاشان پێویستە دۆخی خەڵك وناوچە دابڕێندراوەكان چاك بكرێت بەپێی ماددەی 140 ، واتا پەرلەمانی ئەمجارە رەنگە ئەركێكی قورسی لەسەر شانبێت.