بەرزان ئەحمەد كوردە: یەكێتی وەزیرێكی ناوێت كە دەسەڵاتەكانی دیاریكراو بێت

340 جار خوێندراوەتەوە کات08:59 بەروار11-12-2018
بەرزان ئەحمەد كوردە: یەكێتی وەزیرێكی ناوێت كە دەسەڵاتەكانی دیاریكراو بێت
 
 
راچڵەكین: ئاوات خەیروڵڵا 
 
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەپێی بڕیاری كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی لەكۆبوونەوەكانیاندا لەگەڵ شاندی دانوستانكاری پارتی  داوای ئەوە دەكەن بە پێی سەنگ و قورسایی خۆیان بەشداری لەحكومەت بكەن، دەشڵێت، كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وجێگرەكانی سەرۆكی هەرێم وحكومەتیش دەبێت. 
 
بەرزان ئەحمەد كوردە، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی راچڵەكین لەبارەی پێكهێنانی حكومەت و پۆستە وزارییەكانەوە قسەدەكات، هەروەها جەخت لەوەدەكاتەوە كە یەكێتی وەزیرێكی ناوێت كە دەسەڵاتە كانی دیاریكراو بێت ودەسەڵاتەكانی حكومەتیش قۆرخ كرابن.
 
ئاماژە بەوەش دەكات، تائێستا حزبەكەی كاندیدەكانی بەفەرمی دیارینەكردووە و دوای ئەوەی لەگەڵ پارتی پێك دێن ئەوا لەئەنجومەنی سەركردایەتی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستە حكومییەكان یەكلایی دەكرێنەوە. 
 
 
لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان بارزانی وبەرهەم ساڵحیش ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئاشكرایدەكات چەند هەوڵێك هەبووە بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبووە. 
 
دەقی چاوپێكەوتنەكە:
 
راچڵەكین: لەدانوستانەكان و كۆبوونەوەی دووەم لەگەڵ شاندی پارتی یەكێتی دەیەوێت چۆن بەشداری حكومەت بكات؟
 
بەرزان ئەحمەد كوردە: ئێمە بەپێی خەبات وتێكۆشان قورسایی خۆمان دەبێت بەشداری بكەین لەحكومەتی داهاتووی هەرێم،بەڵام گرنگ دەسەڵاتە بەپێی ئەو پێوەرەی هەیە پێشتر وەكو پێویست نەبووە. جاری وا هەبووە وەزیرمان هەبووە یان پۆستێكمان هەبووە بەڵام دەسەڵاتەكە زیاتر لای پارتی قۆرخ كراوە . زیاتر دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران بۆخزمەتی بەشەكەی خۆیان بەكارهاتووە.ئێمە دەمانەوێت دەسەڵاتی راستەقینەمان هەبێت بەپێی قورسایی و وەزنی خۆمان بتوانین پێداگیری لەمافەكانی گەلەكەمان و مافی چین و توێژەكانی دیكە و دەنگدەرانمان بكەین". 
 
 
راچڵەكین: چۆن گفتو گۆكراوە بەچی ئاراستەیەك بەپێی قورسای خۆتان یاخود رێژەی كورسییەكانتان؟
 
بەرزان ئەحمەد كوردە: ئێمە بەپێی بڕیارەكانی كۆمیتەی سەركردایەتی بڕیارمان هەیە كە بەپێی قورسایی خۆمان بەشداری بكەین، بەڵام بەشدارییەكی راستەقینە بۆئەوەی كە دەسەڵاتەكان بگەڕێتەوە شوێنەكان.
 
راچڵەكین: یەكێتی كاندیدی بۆ پۆستەكان هەیە، یان گفتوگۆی لەبارەوە كراوە لەگەڵ پارتی؟ 
 
بەرزان ئەحمەد كوردە: بەڵێ كاندیدمان دەبێت بۆ جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم وحكومەت وپەرلەمان بەڵام هێشتا قسەو باسی لێنەكراوە، كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی ئەنجام دراوە و دواتر ئامادە باشیكراوە بۆ ئەو وەفدەی كەلەگەڵ پارتی دادەنیشێت و لەوێوە گفتوگۆكان دەست پێ دەكات و داوا و داخوازییەكانیش بۆ پۆستەكان لەوێوە دەست پێ دەكات. 
 
راچڵەكین: دوای كۆبونەوەكە ئەگەر رێككەوتن ئێوە كاندیدەكان چۆن یەكلادەكەنەوە؟
 
بەرزان ئەحمەد كوردە: پێویستە لەپێشدا ئێمە رێكەوتنێكی سیاسی بكەین بۆئەوەی كە ئەو ساردو سڕییەی هەیە نەمێنێت، پاشان رێكەوتنێكی شەراكەتی راستەقینە بكەین بۆئەوەی وەكو پێشوو كە گلەیی و گازندە هەبوو لەدەسەڵاتەكاندا كە وەك پێویست دەسەڵات نەچۆتە خوارەوە یاخود قۆرخكراوە ئەو دەسەڵاتەی هەیە وەكو پێویست نییە، ئێمە وەزیرێكمان ناوێت كە دەسەڵاتەكەی دیاریكراو بێت، وەزیرێكمان دەوێت بتوانێت دەسەڵاتی وەزارەتەكەی بەكاربهێنێت. 
 
راچڵەكین: لێرەو لەوێ باسی كاندیدەكانی یەكێتی دەكرێت بۆ پۆستەكان ئایا بەفەرمی تائێستا هیچ كاندیدێكتان دیاریكردووە؟ 
 
بەرزان ئەحمەد كوردە: نەخێر تائێستا بەفەرمی هیچ كەسێك بۆ پۆستەكان دیاریكرنەكراوە ئەگەر شتێكیش هەبێت دواتر بەپێشنیاز دەهێنرێتە كۆبوونەوەی سەركردایەتی و یەكلایی دەكرێتەوە. 
 
راچڵەكین: لەمیدیاكانەوە دەوترێت یەكێتی گرفتی لەگەڵ بەشداریكردنی گۆڕان ولایەنەكانی دیكەیەو پێی خۆش نییە بەشداربن لەحكومەت تاچەند راستە؟ 
 
بەرزان ئەحمەد كوردە:" هیچ گرفتێكمان نییە پێشمان خۆشە هەموو لایەنە سیاسییەكان بەشداری بكەن ئێمە بەپێی سەنگ وقورسایی خۆمان بەشداری دەكەین و داكۆكی لەپۆست ودەسەڵاتەكانی خۆمان دەكەین، پێشمان خۆشە هەموو لایەنە سیاسییەكان بەشداربن بۆئەوەی حكومەت هی هەموان بێت باشترە لەوەی هی دووحزب بێت.
 
راچڵەكین: بە بۆچوونی ئێوە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم جیاوازتر دەبێت لەوەی پێشوو؟ 
 
بەرزان ئەحمەد كوردە: ئێمە داكۆكی لەوەی كە ئەو بەڵێنانەی دراوە جێبەجێی بكرێن، چونكە بەراستی ئەوەی هەیە ئێستا پرسی نەوت وداهاتی هەرێمی كوردستان باشترە  لە پێشتر، پێشتر بیانوی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی هەبوو  نەوت نرخی دابەزی  وئەوكات لەگەڵ عێراق ناكۆك بوین وگرفتمان هەبوو  ئێستا لەگەڵ عێراقدا تەباین و كۆكین، هەق وایە ئەو بەڵێنانەی دراون جێبەجێبكرێن و كابینەیەكی باشتر بێت یان هەنگاوی بۆبنێت و بیر لەگوزەرانی خەڵك بكرێتەوە چونكە بەراستی ناكرێت لەوڵاتێكی دەوڵەمەند وپڕنەوتداو ژێرخانی ئابوری باش دوای چەندین ساڵ حكومڕانی خەڵك بەوشێوەیەی ئێستا بژین.
 
راچڵەكین: لەبارەی پۆستە سیادییەكانی هەرێم یەكێتی داوایان دەكات یان باسی لێوەكراوە؟ 
 
بەرزانی ئەحمەد كوردە: ئێمە تموحمان هەیە بەڵام لەدانوستان وگفتوگۆ پێكهاتن ئەو تموحانە بەدی دێنن وجێ بەجێ دەبێت. 
 
راچڵەكین:  لەبارەی پۆستەكانی حكومەتی عێراق بڕیاربوو وەزارەتی داد بەیەكێتی بدرێت بۆچی ئێستا ئەو وەزارەتە نادرێت بەئێوە باس لەوەدكرێت لایەنی كوردی هۆكارە ؟ 
 
بەرزان ئەحمەد كورد: بەدڵنیایی سەردانی لایەنێكی كوردی بۆ بەغدا بۆ ئەو مەبەستە بوو، بەڵام ئێمە داكۆكی لەمافی خۆمان و وەزارەتەكە دەكەین ئێمە ئەو وەزارەتە بەمافی خۆمانی دەزانین و تائێستاش بەردەوام داكۆكی لەسەر دەكەین ژمارەیەك هەڤاڵانمان لەبەغدان بۆئەوەی وابكرێـت ئەو وەزارەتە وەربگرین و تا ئەمجارە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لیستەكەی پێشكەش كرد ناوی كاندیدەكەی ئێمە لەو وەزارەتانە بێت. 
 
راچڵەكین: تائێستا پارتی نیگەرانی لەسەرپۆستی سەرۆك كۆمار ماوەبەرانبەر یەكێتی؟
 
بەرزان ئەحمەد كوردە: لای ئێمەوە بەمافی رەوای خۆمان زانیوە لەپرۆسەیەكی دیموكراسیشدا د.بەرهەم لەناو پەرلەمانی عێراقدا بەزۆرینە هەڵبژێردراوە، ئەو نیگەرانییە پرسیارمان لادروست دەكات، ئەو نیگەرانیە بۆچی بۆ كاندیدەكەی یەكێتی؟ بۆچی ئەو باس لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكات بەمافی خۆی دەزانێت كەئێمە پێشتر رێكەوتنمان هەبووە سەرۆك كۆماری عێراق بۆ ئێمە بێت وسەرۆكی هەرێم بۆئەوان، ئێستاش كە ئەوان كاندیدیان بۆ دەستنیشانكردووە كەواتە بەنیازی ئەو پۆستەن ئەبوو ئەوتەموومژە بڕەویایەتەوە. 
 
راچڵەكین: ئەی هیچ هەوڵ هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان بارزانی ود.بەرهەم؟
 
بەرزان ئەحمەد كوردە: هەوڵ هەیە بەڵام وەك پێویست تاوەكو ئێستا نەگەیشتووەتە ئەوەی كە ئەنجامێكی باشی هەبێت.