فەرید ئەسەسەرد: ڕەنگە حكومەت پێك نەهێنرێت

1045 جار خوێندراوەتەوە کات09:57 بەروار25-12-2018
فەرید ئەسەسەرد: ڕەنگە حكومەت پێك نەهێنرێت
 
ڕاچڵەكین: ئاوات خەیروڵڵا 
 
 
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، پارتی خۆی وا نیشان دەدات كە رێك ناكەوین لەسەر پۆستەكان ئەگەر نا كێشەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان نییە، دەشڵێت رەنگە حكومەت هەر پێك نەهێنرێت. 
 
 
 
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە ڕاچڵەكین-ی راگەیاند، پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بە وتوێژ لەنێوان لایەنەكان دەستی پێكردووە و بەوشێوەیەش یەكلایی دەكەنەوە كاتێكیش پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بەئەنجام ناگات بەدڵنیاییەوە دوا دەكەوێت". 
 
وتیشی، هەموولایەنەكان بەرپرسن لەپێشخستن و دواخستنی ماوەی پێكهێنانی حكومەت، نەك یەكێتی هۆكاربێت بۆ دواخستنی. 
 
ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمەڵێك بەربەست هەیە كارێكی وایكردووە لایەنەكان نەتوانن بگەنە ڕێكەوتن سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ كە ئەوەش هۆكاری سەرەكین. 
 
ئەسەسەرد جەخت لەوەشدەكاتەوە، یەكێتی و گۆڕان  لەگەڵ پارتی یاخو دووو لایەنێك تا ئێستا لەسەر هەمووپرسەكان ڕێك نەكەوتون ولەدانوستانەكانیش هەندێ پرس هەیە بە ئاسانی بەڕێوە دەچێت و هەندێك پرسیش هەیە بە ئاسانی بەڕێوە ناچێت".
 
ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی دەشڵێت، كێشەكان دەبێت گفتوگۆی تێروتەسەلی لەسەربكرێت بۆئەوەی بتوانرێت رێكەوتنێكی گونجاو بۆ قۆناغی چوارساڵی داهاتوو لەسەربكرێت". 
 
لەبارەی ئەوەی كێشەی سەرەكیی لەپێكهێنانی حكومەت لەچی دایە، ئەسەسەرد رونیكردەوە، لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دابەشكردنی پۆستەكان پرسە ئاسانەكەیە و لەوە ئاسانترنییە كەلایەنەكان لەسەردابەشكردنی پۆستەكان رێك بكەون و ئەوە پرسە سەرەكییەكە نییە". 
پێشی وایە،" لەئێستادا پارتی خۆی وانیشانی دەدات كەرێك ناكەون لەسەر پۆستەكان، ئەگەرنا پرسی دابەشكردنی پۆستەكان بەشێكە لە پرۆسەكە". 
 
هێما بۆئەوەش دەكات ، پرۆسەكە بواری دیكەی تێدایە، وەكو شێوازی بەڕێوەبردنی سیاسی هەرێم و هەروەها دەبێت رێكەوتنی دیكەش هەبێت لەدەرەوەی هەرێم وەكو پارێزگای كەركوك و شێوەی مامەڵەكردنی لایەنەكان لەگەڵ بەغدا هەموو ئەوانەش یەك پاكێجن".
 
لەبارەی ئەوەی كەباس لەوەدەكرێت یەكێتی كەپرسی پۆستی سەرۆكی هەرێمی بە پارێزگای كەركوكەوە گرێدابێـت ، ئەسەسەرد ئاشكرایكرد،" كەبەلای یەكێتی هەمووئەوانە، كەركوك ودابەشكردنی پۆستەكان یەك پاكێجن، ناكرێت فایلەكان لێك جیابكرێتەوە و یەكێتی لەكۆبونەوەكانیشدا لەگەڵ پارتی بەڕونی ئەوەی وتووە، چونكە ئەگەر بێت و حكومەتێك پێك بێت لەماوەی چوارساڵی داهاتوو دەبێت كێشە نەبێت لە نێوان ئەولایەنانەی كەحكومەت پێك دەهێنن، ئەوكێشانە لەناوخۆی هەرێم بێت یاخود دەرەوە". 
 
لەبارەی ئەوەی كە دانوستانەكان بەمشێوەیە بەڕێوەبچێت پێكهێنانی حكومەت دوادەكەوێت؟ فەرید ئەسەرد جەخت لەوەدەكاتەوە، رەنگە حكومەت هەرپێك نەهێنرێت ئەگەر بەمشێوەیە دانوستانەكان بەڕێوەبچێت وە لەمێژووشدا نەبووە ئەگەر لەماوەی چەندساڵێك پێك نەهێنرێت ئەوا باشترین چارەسەر هەڵبژاردنی پێش وەختەیە چونكە تا ئێستا نەماتوانیوە پەرلەمانی كوردستانیش كارابكەینەوە كەدانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بەهەڵپەسێردراوی هێڵدرایەوە بۆماوەیەكی كراوە". 
 
هاوكات ئەسەرد سەبارەت بەیەكلایی كردنەوەی كاندیدەكانی حزبەكەی بۆپۆستەكان دەڵێت، ئێمە لەناوخۆماندا وەكو یەكێتی كێشەمان نییە لەسەر كەسەكان بۆپۆستەكان، بەڵام لەیەكەمجاردا خۆ دەبێت لەسەرپۆستەكان رێك بكەوێن، پاشان دەگەڕێینەوە بۆئەمجومەنی سەركردایەتی بۆدیاریكردنی كەسەكان كە ئەویش بەپێچەوانەی پارتییە پێش پۆستەكان كەسەكانی دیاریكردووە ". 
 
دەشڵێت، یەكێتی پێچەوانەی پارتی باس لەپۆستەكان دەكەین تا رێكەوتن نەكرێت و دیاری نەكرێن، ئێمە كەسەكان دیاری ناكەین بەنمونە ناتوانین وەزیرەكان دیاری بكەین پێش ئەوەی نەزانین وەزارەتەكان چین".