ئازاد جندیانی: پارتی یەکێتی دەخاتە دواوە

772 جار خوێندراوەتەوە کات03:46 بەروار20-03-2019
ئازاد جندیانی: پارتی یەکێتی دەخاتە دواوە
 
راچڵەكین  

 

ئازاد جندیانی ڕاوێژكاری مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند،" كه‌س ناتوانێت له‌ كوردستان دوو ئیداره‌یی دروست بكات ته‌نها وڵاتانی هه‌رێمی نه‌بێت،دەشڵێت ئێران ده‌یه‌وێت حه‌دیقه‌یه‌كی ته‌واو كراوه‌ی هه‌بێت له‌سلێمانیدا و  به‌ ئاگاشە له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی یه‌كێتی بۆ به‌شداری كردن له‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت پێشی وایە"ئه‌گه‌ر تا 4/1 یه‌كێتی هه‌روا بڕوات دڵنیام پارتی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌سوڕێته‌وه‌ و یه‌كێتی ده‌خاته‌ دواوه.
 
 
ئازادجندیانی راوێژكاری بارزانی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاندووە، یه‌كێتی توشی "غرور" ببوو پێویسته‌ دابمركێته‌وه‌،"ده‌یه‌وێت زۆرترین "نوقرچك" له‌ پارتی بگرێت، ئه‌م چه‌ند مانگه‌ پارتی زۆر به‌ته‌حه‌موله‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئیجابی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كردووه‌، پارتی له‌ ڕووی ژماره‌ی كورسی و ژماره‌ی ده‌نگ و هه‌بونی سه‌ركرده‌یه‌كی كاریزمای وه‌ك كاك مه‌سعود بارزانی حساب بكه‌ی حیزبی "برا گه‌وره‌"یه‌، ئێ "برا گه‌وره‌"ش ده‌بێت كه‌مێ به‌سۆز بێت له‌گه‌ڵ برا بچوكه‌كانی تر.
 
ئاماژەی بەوەشداوە، "ئه‌گه‌ر تا 4/1 یه‌كێتی هه‌روا بڕوات دڵنیام پارتی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌سوڕێته‌وه‌ و یه‌كێتی ده‌خاته‌ دواوه.جا یا ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی به‌ر یه‌كێتی ده‌كه‌وێت به‌ به‌تاڵی ده‌هێڵرێته‌وه‌ یا به‌ وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
 
ئازادجندیانی باسی لەوەشكردووە،" كاك مه‌سعود تاكه‌ سه‌ركرده‌ی بێ ڕكابه‌ر و كاریزمایه‌ له‌كوردستان كه‌ ئێستا مابێته‌وه‌ ئیتر نازانم دوای 10 ساڵ یا 15 ساڵی تر كێ دێت و ده‌ڕوات ئه‌وه‌ جیایه‌، به‌ڵام به‌ڵێ پارتی برا گه‌وره‌یه‌ وه‌ كاك مه‌سعودیش تاكه‌ سه‌ركرده‌ی یه‌كه‌می كاریزما و بێ ڕكابه‌ره‌ ئێستا له‌كوردستان.
راویژكارەكەی بارزانی هەروەها دەڵێت، پارتی و كاك نێچیرڤان بارزانی ده‌رفه‌تیان دا به‌یه‌كێتی تا له‌و ناوچه‌یه‌ی یه‌كێتی توشی قه‌یرانی متمانه‌بوو ئه‌و حیزبه‌ له‌ناو بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریدا جارێكی تر یه‌كێتی هه‌ستێته‌وه‌ و وزه‌ به‌خۆی بداته‌وه‌."
 
ده‌قی وتووێژه‌كه‌

 

"یه‌كێتی تاكه‌ ڕێگری پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم-ه‌"
له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا جوندیانی وتی" نه‌ك هه‌ر من هه‌ر هاوڵاته‌كی كوردستان نیگه‌رانه‌ له‌ درێژه‌كێشانی ئه‌م كۆبونه‌وانه‌ به‌ڵام پێم وانیه‌ درێژه‌ بكێشێت وای بۆ ده‌چم له‌سه‌ره‌تای مانگی چوار واته‌(1 یا2 / 4) كۆتایی به‌م ڕێگرییانه‌ بهێنرێت كه‌له‌به‌رده‌م پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تدا له‌ ئارادان كه‌ حه‌قیش نیه‌ ئه‌و ڕێگرییانه‌ هه‌ركه‌س هه‌یه‌ بیكات ئه‌وه‌ی دیاره‌ ئێستا یه‌كێتیه‌ ڕێگری ده‌كات له‌پێكهێنانی حكومه‌ت، به‌شێكی وه‌ك ده‌ڵێن په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ كێشه‌ نێوخۆییه‌كانی یه‌كێتی له‌سه‌ر پۆسته‌كان بۆیه‌ گرێ كوێره‌كان دروست ده‌كات."
 
یه‌كێتی توشی "غرور" ببوو پێویسته‌ دابمركێته‌وه‌،"ده‌یه‌وێت زۆرترین نوقرچك له‌ پارتی بگرێت"

 

ئازاد جوندیانی ئەوەشی خستەڕوو" به‌ڵام من ته‌نها ئه‌و لایه‌نه‌ی نابینم به‌ڵكو یه‌كێتی تا "حه‌د"ێك توشی "غرورێك" ببوو له‌ماوه‌ی ڕابردوودا كه‌ پێم وایه‌ ده‌بێت ورده‌ ورده‌ ئه‌و غروره‌ بنیشێته‌وه‌ وه‌ك زاراوه‌ی ڕه‌واندوزی ده‌ڵێن دابمركێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕێگرییانه‌ی یه‌كێتی پێكهێنانی حكومه‌ت دواده‌خات به‌ڵام یه‌كێتی ده‌یه‌وێت زۆرترین "نوقورچك" له‌ پارتی بگرێت ،به‌ڵام پارتی ئێستا ئازاده‌ له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت به‌تایبه‌ت دوای ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چونكه‌ به‌شێك له‌و پۆستانه‌ی یه‌كێتی داوای ده‌كردن درا به‌ گۆڕان و لایه‌نه‌كانی تر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاتێك پارتی ده‌ستپێشخه‌ریه‌كی ده‌كرد بۆ یه‌كێتی بۆ ڕۆژی دواتر یه‌كێتی گرێ كوێره‌یه‌كی تری دروست ده‌كرد."
 
" ئه‌گه‌ر تا 4/1 یه‌كێتی هه‌روا بڕوات دڵنیام پارتی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌سوڕێته‌وه‌ و یه‌كێتی ده‌خاته‌ دواوه‌"
 
ڕاوێژكاری ڕوناكبیری و سیاسی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان( مه‌سعود بارزانی)  ده‌شڵێت" یه‌كێتی تا ئێستا تاكه‌ هۆكاری پێكنه‌هێنانی حكومه‌ته‌، به‌ڵام هه‌موو كات ئه‌م داخرانه‌ مه‌رج نیه‌ سودی هه‌بێت به‌ڵكو هه‌ندێك جار ئه‌نجامی پێچه‌وانه‌ی ده‌بێت سوڕان و دواكه‌وتن-ی به‌دوادا دێت، بۆیه‌ من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر تا 4/1 یه‌كێتی هه‌روا بڕوات دڵنیام پارتی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌سوڕێته‌وه‌ و یه‌كێتی ده‌خاته‌ دواوه‌ پڕۆسه‌كه‌ ده‌ڕوات ئه‌وكات ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی بۆ یه‌كێتی دانراوه‌ یا به‌ به‌تاڵی ده‌هێڵرێته‌وه‌ یا به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێن كه‌ ئه‌مه‌ بۆ یه‌كێتی زۆر ترسناك ده‌بێت وه‌ بۆ پڕۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستانیش من ناڵێم مه‌ترسیدار ده‌بێت به‌ڵام حاڵه‌تێكی خۆش نابێت، بۆیه‌ یه‌كێتی له‌م 10 ڕۆژه‌ی ماوه‌ ئه‌و گرێ و كێشانه‌ی ناوخۆی خۆی یا ئه‌و گڕێ كوێرانه‌ی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ دروستی كردووه‌ ده‌كاته‌وه‌ چونكه‌ دواجار ئه‌وه‌ی زیان ده‌كات یه‌كێتیه‌، نه‌ك پارتی و گۆڕان و ئه‌و لایه‌نانه‌ی تر كه‌به‌شداری ڕاسته‌قینه‌یان ده‌بێت له‌پێكهێنانی حكومه‌تدا."
 
"ئه‌م چه‌ند مانگه‌ پارتی زۆر به‌ته‌حه‌موله‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئیجابی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كردووه‌ "

 

جوندیانی له‌قسه‌كانیدا باسی له‌وه‌كرد" پارتی زۆركات ئه‌مجاره‌ش زۆر حسابی كورسی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نه‌كردووه‌ به‌ڵكو زۆرتر پۆستی پێداون ئه‌وه‌تا وه‌ك باس ده‌كرێت له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی داوه‌ به‌یه‌كێتی بۆیه‌ ئیتر پێویسته‌ له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا ڕون بێته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی مه‌به‌ستێتی حكومه‌ت پێكنه‌یه‌ت یا چی؟"
 
ڕاشیگه‌یاند" من ئه‌وه‌ ناونانێم "نازكێشان" چونكه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ له‌سیاسه‌ت به‌كارنه‌یه‌ت به‌ڵكو زیاتر شاعیرانه‌یه‌ هه‌تا ده‌كرێت ڕاگه‌یاندن به‌كاریبهێنێت، به‌ڵام پارتی مه‌به‌ستیه‌تی كابینه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌ن پێكبهێنێت تا هه‌مووان پێكه‌وه‌ ڕوبه‌ڕوی دۆخه‌كان له‌كوردستان و به‌غداد ببنه‌وه‌ تا سبه‌ی بیانویه‌ك بۆ یه‌كێتی نه‌هێڵنه‌وه‌ بڵێ پارتی نه‌یهێشت من به‌شداربم واته‌ ئه‌وه‌ پیشاندانی نیه‌ت پاكی پارتیه‌ به‌وه‌ی كه‌هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌شداربن بۆیه‌ ئه‌م چه‌ند مانگه‌ پارتی زۆر به‌"ته‌حه‌مول" و "ئیجابیانه‌" مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كردووه‌."
 

 

"یه‌كێتی تا ئێستا به‌شداری كارای هه‌بووه‌ "

 

له‌باره‌ی داواكاری یه‌كێتی بۆ به‌شداری كردنی كارای له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئازاد جوندیانی وتی" یه‌كێتی تا ئێستا به‌شداری كارای هه‌بووه‌ له‌ حكومه‌ت هه‌ر بۆ نمونه‌ باسكردن له‌ بابه‌تی نه‌وت كاتی خۆی یه‌كه‌م "سوكانی" بۆریه‌ نه‌وتی كوردستان به‌ده‌ستی "خودا لێخۆشبوو به‌ڕێز مام جه‌لال" وه‌ هه‌روه‌ها به‌ڕێز كاك مه‌سعود بوو له‌به‌رچاوی نوێنه‌رانی وڵاتان و ملیۆنان خه‌ڵك، یا نمونه‌یه‌كی تر ئه‌وكاته‌ی له‌ناو یه‌كێتی بووم كاتێك له‌كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی به‌توندی ڕه‌خنه‌مان له‌وه‌زیرێكی یه‌كێتی ده‌گرت به‌ڵام ڕه‌خنه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌نه‌بوو كه‌ به‌رنامه‌ی یه‌كێتی جێ به‌جێ نه‌كردووه‌ به‌ڵكو له‌سه‌ر ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌وه‌زاره‌ته‌كه‌یدا 10 فه‌رمانبه‌ری پارتی زیاتره‌ له‌فه‌رمانبه‌ری یه‌كێتی واته‌ به‌داخه‌وه‌ تێگه‌یشتن له‌به‌شداری كارا به‌م جۆره‌ بووه‌ كه‌ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ری لایه‌نێك زیاتر بووه‌ له‌وی تر."
 
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كێ بوون ئه‌وانه‌ی له‌ناو یه‌كێتی به‌شدار بوون له‌ دۆسیه‌ی نه‌وت؟ ئازاد جوندیانی وتی" ڕۆژێك دێت ئه‌وانه‌ی پشت په‌رده‌ ئاشكرا ده‌بن، ئه‌وانه‌ی وه‌ك من وازیان هێناوه‌ یا تا ئێستا له‌ناو یه‌كێتیدا ماون و وه‌ك ئێمه‌ بێ ئاگابوون له‌ دۆسیه‌ی شه‌ریكایه‌تی دۆسیه‌ی نه‌وت له‌ ناو یه‌كێتی ئه‌گه‌ر لیژنه‌یه‌ك پێكهات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ وه‌ جدی بوون له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بانگم بكه‌ن ده‌چم زانیارییه‌كانیان پێده‌ده‌م."
 
"پارتی و كاك نێچیرڤان بارزانی ده‌رفه‌تیان دا به‌یه‌كێتی كه‌ جارێكی تر هه‌ڵبستێته‌وه‌"

 

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا پێتان وایه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م دروستبونی دوو ئیداره‌دا بێت به‌فه‌رمی؟ ئازاد جوندیانی وتی" ئه‌وكاته‌ی ئێمه‌ له‌ناو یه‌كێتی بوین له‌ 1996 تا دوای 2000 ئێمه‌ له‌ناو یه‌كێتی له‌هه‌موو كه‌س زیاتر جه‌ختمان له‌سه‌ر یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئیداره‌ ده‌كرده‌وه‌، بۆیه‌ پێم وانیه‌ له‌ناو سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی دوو ئیداره‌یی هه‌واداری زۆری هه‌بێت به‌ڵام خۆ ئێستاش دوو ئیداره‌ییه‌ به‌جۆرێكی تر هه‌ر بۆ نمونه‌ پارتی "موڕاعاتی" یه‌كێتی زۆر كردووه‌ بۆ نمونه‌ له‌و پڕۆژانه‌ی له‌سلێمانی ده‌كرێته‌وه‌ كاك قوباد ده‌چێت ده‌یانكاته‌وه‌ ڕاسته‌ له‌په‌راوێزدا ئاماژه‌ به‌ حكومه‌ت ده‌كات به‌ڵام وه‌ك ده‌سكه‌وتی یه‌كێتی پیشان ده‌درێت ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ش پارتی به‌تایبه‌ت سه‌رۆكی حكومه‌ت كاك نێچیرڤان بارزانی دا به‌ یه‌كێتی تا له‌و ناوچه‌یه‌ی یه‌كێتی توشی قه‌یرانی متمانه‌بوو ئه‌و حیزبه‌ له‌ناو بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریدا جارێكی تر یه‌كێتی هه‌ستێته‌وه‌ و وزه‌ به‌خۆی بداته‌وه‌."
 
"ئێران ده‌یه‌وێت حه‌دیقه‌یه‌كی ته‌واو كراوه‌ی هه‌بێت له‌سلێمانیدا، ئێران به‌ ئاگایه‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی یه‌كێتی بۆ به‌شداری كردن له‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت"
ئازاد جوندیانی جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌س ناتوانێت دوو ئیداره‌یی له‌كوردستاندا بچه‌سپێنێت، وتی" ئه‌وه‌ی به‌ته‌نها ده‌توانێت دوو ئیداره‌یی بچه‌سپێنێت وڵاتانی هه‌رێمی-ین ئیتر توركیایه‌ یا ئێران به‌تایبه‌ت ئێران، چونكه‌ ئێران ده‌یه‌وێت "حه‌دیقه‌یه‌ك"ی ته‌واو كراوه‌ی هه‌بێت له‌ ناوچه‌ی پشتی خۆی له‌ "زۆنی سلێمانیدا".
 
هه‌روه‌ها وتی" من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ببێته‌ ستراتیژی ئێران به‌تایبه‌ت بیه‌وێت له‌ناوچه‌یه‌كی سنوری گرنگ بۆ دژایه‌تی ئه‌مریكا دروست بكات له‌ زۆنی سلێمانیدا ده‌توانێت ئه‌م حاڵه‌ته‌ (دوو ئیداره‌یی) ف"ه‌رز" بكات، ئێران ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ هه‌ندێك شت "فه‌رز" بكات، من پێم وانیه‌ ئێڕان بێ ئاگا بێت له‌ سیاسه‌تكردنی سلێمانی هه‌تا له‌به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی داواكارییه‌كانی یه‌كێتی بۆ به‌شداریكردن له‌كابینه‌ی نوێ من پێم وانیه‌ ئێران بێ ئاگا بێت."
 
واته‌ ئێران داوا ده‌كات یه‌كێتی داواكاری و مه‌رجه‌كانی بۆ به‌شداری له‌حكومه‌ت به‌رامبه‌ر پارتی زۆر بكات یا ئاگاداره‌؟"
ئازاد جوندیانی به‌م جۆره‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی" من ده‌ڵێم ئێران به‌ ئاگایه‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی یه‌كێتی بۆ به‌شداری كردن له‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت" ئیتر دوای شیكه‌ره‌وه‌یه‌كی تر بهێنن بۆتان شی بكاته‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ واتای چی؟"
 

 

"پارتی برا گه‌وره‌یه‌، كاك مه‌سعود-یش سه‌ركرده‌ی بێ ڕكابه‌ره‌"

 

ئازاد جوندیانی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌شی دایه‌وه‌ ئایا گۆڕان ده‌توانێت ببێته‌ جێگره‌وه‌ی یه‌كێتی بۆ پارتی؟ له‌و ڕوه‌وه‌ وتی" وه‌ك سه‌ره‌تا وتم من له‌گه‌ڵ ده‌سته‌واژه‌ی "ناز كێشان" نیم چونكه‌ ئه‌وه‌ زیاتر "شاعیرانه‌یه‌" نه‌ك سیاسیانه‌ به‌ڵام گۆڕان قه‌باره‌ی خۆی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پارتی نازی ئه‌ویشی كێشاوه‌، هه‌رخۆی پارتی له‌ ڕووی ژماره‌ی كورسی و ژماره‌ی ده‌نگ و هه‌بونی سه‌ركرده‌یه‌كی كاریزمای وه‌ك كاك مه‌سعود بارزانی حساب بكه‌ی حیزبی "برا گه‌وره‌"یه‌، ئێ "برا گه‌وره‌"ش ده‌بێت كه‌مێ به‌سۆز بێت له‌گه‌ڵ برا بچوكه‌كانی تر."
 
وتیشی" حیزبی (الف) یا (با) دانی پێدا ده‌نێت یا نا ئه‌وه‌ جیایه‌ به‌ڵام هه‌موو دنیا دان ده‌نێت به‌وه‌ی كه‌ كاك مه‌سعود تاكه‌ سه‌ركرده‌ی بێ ڕكابه‌ر و كاریزمایه‌ له‌كوردستان كه‌ ئێستا مابێته‌وه‌ ئیتر نازانم دوای 10 ساڵ یا 15 ساڵی تر كێ دێت و ده‌ڕوات ئه‌وه‌ جیایه‌، به‌ڵام به‌ڵێ پارتی برا گه‌وره‌یه‌ وه‌ كاك مه‌سعودیش تاكه‌ سه‌ركرده‌ی یه‌كه‌می كاریزما و بێ ڕكابه‌ره‌ ئێستا له‌كوردستان."