ئارێز عەبدوڵڵا: یەکێتی بەو شێوەیەی جاران بەشداریی حکومەت ناکاتەوە

293 جار خوێندراوەتەوە کات04:21 بەروار29-03-2019
ئارێز عەبدوڵڵا: یەکێتی بەو شێوەیەی جاران بەشداریی حکومەت ناکاتەوە
راچڵه‌كین

ئارێز عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی‌ كوردستان ده‌ڵێت، یه‌كێتی به‌و شێوه‌یه‌ی جاران به‌شداری حكومه‌تێك ناكاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر دڵنیانه‌بێته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ هاوبه‌شێكی راسته‌قینه‌ی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا و ده‌شڵێت، پارتی حیزبی یەکەمە دەبێت زیاتر سینگی فراوان بکات.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ "روداو" لەبارەی به‌شداریكردنی حزبه‌كه‌ی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ێستا یەکێتی بڕیاری نەداوە بەشداریی دەکات یان نا، ئەمە دەوەستێتە سەر ئەو پەیوەندیانەی لەنێوان یەکێتی و پارتی هەیە، بەڵام بێگومان یەکێتی واژۆی لەسەر پرۆژەیاساکە نەکردووە، ئەو پرۆژەیاسایەی کە پارتی پێشکەشی کردو گۆڕانیش پشتیوانی لێکرد، تاوەکو ئێستا یەکێتی پەسندی نەکردووە، بۆیە بە دووری نابینم بەشداری دانیشتنەکەی سبەی پەرلەمان نەکات، ئەگەر تایبەت بێت بەو پرسە.

سبەی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە،وا چاوەڕواندەکرێت پرۆژەیاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.

پ/ یەکێتی بەشداریی ئەو دانیشتنە دەکات؟ چ چاوەڕوانییەکتان هەیە بۆ کۆبوونەوەکە؟

ئارێز عەبدوڵڵا: تاوەکو ئێستا یەکێتی بڕیاری نەداوە بەشداریی دەکات یان نا، ئەمە دەوەستێتە سەر ئەو پەیوەندیانەی لەنێوان یەکێتی و پارتی هەیە، بەڵام بێگومان یەکێتی واژۆی لەسەر پرۆژەیاساکە نەکردووە، ئەو پرۆژەیاسایەی کە پارتی پێشکەشی کردو گۆڕانیش پشتیوانی لێکرد، تاوەکو ئێستا یەکێتی پەسندی نەکردووە، بۆیە بە دووری نابینم بەشداری دانیشتنەکەی سبەی پەرلەمان نەکات، ئەگەر تایبەت بێت بەو پرسە.

پ/ پێشوەخت هیچ پەیوەندییەکتان لەگەڵ گۆڕان و پارتی نەکردووە کە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە دوابخرێت یان بە رێککەوتن بێت؟

ئارێز عەبدوڵڵا: من ئاگادارنیم شتی وا کرابێت، بەڵام بێگومان ئەو یاسایە گرنگە، چونکە یەکەم: رەهەندێکی نیشتمانی هەیە، دووەم، پەیوەندی بە سیستەمی حکومڕانی کوردستانەوە هەیە، واتە بابەتەکە هەر کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک نییە، لە رابردووشدا ئێمە پێمانوابووە ئەو سیستەمە پێویستی بە چاککردنی، یاخود پێویستی بە گۆڕینە، واتە لانیکەم سیستەمەکە ببێتە پەرلەمانی. یەکێتی پێیباشە سەرۆک لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەڵام تەنیا سەرۆک لەناو پەرلەمان هەڵبژاردن سیستەمەکە ناکاتە پەرلەمانی، بەڵکو پێویستە یاسایەکە لە ئەلفی تا یائی گۆڕانکاری تێدا بکرێت، لەگەڵ هەل و مەرجی ئێستا و سیستەمی پەرلەمانی بگونجێت.

پ/ ئەگەر خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساکە کرا، هەڵوێستی یەکێتی چی دەبێت؟

ئارێز عەبدوڵڵا: ئاساییە پارتی و گۆڕان رێککەوتنیان کردووە، تازە ئەوان هەردووکیان دەتوانن یاساکە تێپەڕێنن، ژمارەی تەواویان هەیە بۆ تێپەڕاندنی یاسایەکە، کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم بەهەمان دەسەڵات و سیستەمی جاران، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆک لەناو پەرلەمان، بێگومان لەلایەن گۆڕان و پارتییەوە پێشنیازکراوە، بۆیە من پێموایە بەڕێو دەچێت، هەڵوێستی ئێمە چی دەبێت؟ گرنگ ئەوەیە ئێمە بەشداریی ناکەین، یەکەم: رێککەوتنمان نییە بۆ بەشداریکردن لە حکومەت، دووەم: رێککەوتنمان نەکردووە لەسەر شێوازی ئەو یاسایەی کە دەردەکرێت، یاخود چۆنیەتی هەموارکردنەوەی، بەڵام گۆڕان و پارتی رێککەوتنیان کردووە یاساکە وەکو خۆی کارا بکەنەوە، تەنها سەرۆک لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت، هەڵبژاردنی سەرۆکیش لەناو پەرلەمان هیچ دەروازەیەکی دیکە نییە، یان دەبێت یاساکە وەکو خۆی مابایەوە واتە بە سڕکراوی، یان لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت، چونکە لەکاتی هەڵبژاردنەکانی رابردوو سەرۆک هەڵنەبژێردرا، لەناو پەرلەمانیش یاسایاکە سڕکرا، واتە ئێستا دوو شتە، یەکەمیان هەموارکردنەوەی یاساکەیە، دووەمیان هەڵبژاردنی سەرۆکە، واتە کارکردنەوەی ئەو یاسا کۆنەیە.

پ/ با قسە لەسەر پێکهێنانی حکومەتیش بکەین، ئەوەی ئێستا بووەتە گرێکوێرەی رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی چییە؟ ئەم گرێکوێرەیە بەنیسبەت یەکێتییەوە کەی و چۆن دەکرێتەوە؟

ئارێز عەبدوڵڵا: گفتوگۆ بەردەوامە، تاوەکو ئێستا یەکێتی لەگەڵ پارتی لەڕووی پرەنسیپەوە لێکتێگەیشتنی هەیە، واتە لێکتێگەیشتنێک لەنێوان هەردوولادا هەیە، بەڵام ئەگەر وردتر بڵێین، بەهۆی ئەوەیە کە یەکێتی داوا دەکات نەک تەنها بەشدار بێت لە حکومەت، بەڵکو هاوبەشێکی راستەقینە بێت، هاوبەشبوونی راستەقینەی یەکێتی لە حکومەت پەیوەندی بەو وەزارەت و دامەزراوانەوە هەیە کە بەر یەکێتی دەکەون، بۆ نموونە ئەگەر هەموو سێکتەرە گرنگەکانی حکومەت لە دەستی پارتی بن، یەکێتی هەست ناکات کە هاوبەشە، بەڵکو بەشدارە، من بڕوا دەکەم یەکێتی بەو شێوەیەی جارانیش بەشداریی حکومەتێک ناکاتەوە ئەگەر دڵنیا نەبێتەوە لەوەی کە هاوبەشێکی راستەقینەیە لە بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە.

پ/ یەکێتی داوای کام وەزارەت و دەستە دەکات و دەیەوێت چی لە دەستی یەکێتی بێت لەو کابینەیە؟

ئارێز عەبدوڵڵا: ناوی ئەو وەزارەت و دەستانە گرنگ نین، بەڵکو سێ بۆ چوار سێکتەر هەن زۆر گرنگن، ئەوانیش ئەنجوومەنی ئاسایش، پۆلیس، وەزارەتی پێشمەرگە، لایەنی ئابووری، کە هەم وەزارەتی دارایی و هەم وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەگرێتەوە، لایەنی پەیوەندی و دیپلۆماسی، کە سەرۆکایەتی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و پەیوەندییەکانی دەرەوە دەگرێتەوە، ئێمە ئەگەر لەو بوارانە رۆڵمان نەبێت، هەست ناکەین کە بەشدارین، بۆ نموونە سەرۆکی هەرێم پارتییە، سەرۆکی حکومەت پارتییە، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پارتییە، بۆیە ئەگەر شاندێک دەڕوات یان شاندێک دێت هەست ناکات کە حکومەتێکی هاوپەیمانی هەیە، ئێستا یەک حیزب ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبات، لەکاتێکدا ئێمە دەمانەوێت هاوپەیمان بین، لە سێکتەری ئابووری، سەرۆکی حکومەت کە رۆڵی گرنگی هەیە، سامانە سرووشتییەکان، کە چەندین ساڵە لەلایەن پارتییەوە بەڕێوەدەبردێت، با ئێستا لەلایەن یەکێتی یان گۆڕان یانیش کەسێکی دیکەوە بەڕێوە ببرێت.

پ/ کەواتە ئێوە دەتانەوێت پۆستەکان بەپێی ژمارەی کورسییەکان دیاری نەکرێت، بەڵکو بەپێی تەوافوقی سیاسی نێوان هەردوولابێت و بە هاوبەشی بێت؟

ئارێز عەبدوڵڵا: نەخێر، ئێمە هیچ کێشەمان نییە، 21 کورسیمان هەیە، بەڵام لەو دەزگایانەی بەر یەکێتی دەکەوێت دەبێت گرنگ و ستراتیژی بن و رۆڵیان هەبێت لە بەڕێوەبردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بێگومان ئێمە داوا ناکەین ئەوەندەمان هەبێت، لەلایەکی دیکەوە خۆ ئێمە داوامان نەکردووە، پارتی و گۆڕان رێککەوتنیان هەیە، دەتوانن حکومەت پێکبهێنن، ئێمە رێگریمان نەکردووە، لە رووی پرەنسیپ و یاساییەوە هیچ ئاستەنگێک نییە و دەتوانن بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنن، ئێمە ئەو دەرگایەشمان دانەخستووە نەمانگوتووە حکومەت پێکنەهێنن.

پ/ هیچ نزیکبوونەوەیەک هەیە لەنێوان پارتی و یەکێتی؟ ئەو ئەنجامەی تاوەکو ئێستا لە کۆبوونەوەکان پێی گەیشتوون چییە؟

ئارێز عەبدوڵڵا: ئەوە لەدەستی پارتیدایە، لەبەر ئەوەی پارتی حیزبی یەکەمە و زۆرترین کورسی هەیە، رادەسپێردرێت بۆ ئەوەی حکومەت پێکبهێنێت، سەرۆکی هەرێمیش هەر بۆ پارتییە، یاسایەکە بۆ پارتی ئەکتیڤ دەکرێتەوە و سەرۆکیش لە پارتی هەڵدەبژێردرێت، کەواتە دەبێت پارتی زیاتر سینگی فراوان بکات، ئەو دەتوانێت لە ماوەی شەو و رۆژێکدا وا بکات بە زووترین کات حکومەت پیکبهێندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەست بەوە ناکات ئەو بەرپرسیاریێتیە گەورەیەی لەسەر شانە و هەست بەوە ناکات لەپێناوی پارتی خەریکە ئەو سیستەمەی هەموو لایەنەکانی کوردستان رەخنەمان لێی هەبوو، جارێکی دیکە جێگیر دەکرێتەوە، لە مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێم کێشەیەکی گەورە هەبوو لە کوردستان لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم، ئێستا ئەو بەهەمان پێوەری جاران دەیەوێت بۆی ئەکتیڤ بکرێتەوە، لەکاتێکدا هیچ جۆرە نەرمییەک بەرامبەر بە یەکێتی نانوێنێ، ئێمە دەزانین یەکێتی 21 کورسی هەیە، پارتیش ئەوە دەزانێت، بەڵام پێگەی یەکێتی دەبێت لەبەرچاو بگیرێت و تاوەکو ئێستاش پارتی لەبەرچاوی گرتووە، بەڵام ئەو لەبەرچاوگرتنە دەبێت رەنگدانەوەی هەبێت لەناو دامودەزگاکانی حکومەت بۆ ئەوەی بە یەکەوە ئەو قۆناخە تێپەڕێنین، من پێموایە ئەو حکومەتە پێویستە نەک هەر یەکێتی، هەموو لایەنەکان پێکەوە بەشداری تێدا بکەین و نەک تەنیا لێرە بەشداری تێدا بکەین و حکومەتێکی هاوپەیمانی بەهێز دروست ببێت، بەڵکو پێویستە لە بەغداش ئێمە  کۆدەنگی و هاودەنگی دروست بکەین، لە ناوچە دابڕێندراوەکانیش دەبێت هاوئاهەنگی و هاوپەیمانێتیمان هەبێ، لەوەش لەگەڵ پارتی تاوەکو ئێستا ناکۆکیمان هەیە، راستە لێکتێگەیشتن هەیە، بەڵام نەگەیشتووینەتە چارەسەر لەسەر کەرکووک و بەغدا و زۆر شوێنی دیکە.

پ/ زانیاریی هەیە کە یەکێتی داوای دوو جێگر بۆ سەرۆکایەتییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەو زانیارییە پشتڕاستدەکەیتەوە؟ ئەگەر وایە هەڵوێستی گۆڕان و پارتی چییە؟

ئارێز عەبدوڵڵا: گفتوگۆی یەکێتی لەگەڵ پارتییە، لەگەڵ گۆڕان نییە، چونکە پارتی حکومەت پێکدەهێنێت، هەموو ئەو قسانە گفتوگۆ و پێشنیار بووینە و باسکراون، واتە هیچ شتێک بڕیاری لێ نەدراوە، تەنیا باسکردن بووە، من نەمزانیوە یەکێتی داوای کردبێت دوو جێگری سەرۆکی حکومەت هەبێت، بۆ جێگری سەرۆکی هەرێم  بێگومان شتێک هەیە دەبێت لەبیری نەکەین، تاوەکو ئێستا هێزی پێشمەرگە 3 هێزە نەک دوو هێز، هێزێک سەر بە وەزارەتە راستەوخۆ، لەگەڵ هێزەکانی 70 و 80، هێزی پێشمەرگە تێکەڵ نەکراوەتەوە، واتە بەشێکی راستەوخۆ سەر بە پارتییەو بەشێکی یەکێتی، دەبێت ئەو تایبەتمەندییە لەبەرچاو بگیرێت، سەرۆکی هەرێم فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە، دەبێت ئەو تایبەتمەندییە لەبەرچاو بگیرێت تاوەکو هێزەکان تێکەڵ دەکرێنەوە، دوای ئەوەی هێزەکان تێکەڵ دەکرێنەوە و رێکدەخرێنەوە، ئەوکات وەزیر پارتی دەبێت، جێگری سەرۆکی هەرێم گۆڕان دەبێت، کۆمەڵ دەبێت هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام لەبەرچاونەگرتنی ئەو تایبەتمەندییە رەنگە ببێتە مایەی دروستبوونی کێشە و کاردانەوە، بۆیە پێمانوایە پێویستە پارتی کە حکومەت پێکدەهێنێت ئەو بابەتە لەبەرچاو بگرێت، بابەتی هێزی پێشمەرگە بابەتێکی هەستیارە و دەبێت بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

پ/ لە کۆبوونەوەی رابردووی نێوان یەکێتی و پارتی بڕیاری ئەوە دراوە کەی جارێکی دیکە کۆدەبنەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پۆستانەی کە یەکێتی داوای دەکات؟

ئارێز عەبدوڵڵا: رۆژەکەی نازانم، بەڵام پەیوەندیەکان بەردەوامن، ئومێدیش دەکەین لەو هەفتەیەی دێت کۆبوونەوە بکرێت.

پ/ یەکێتی لەسەر یەکلاییکردنەوەی دوو بەربژێرەکەی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی بووەتەوە؟

ئارێز عەبدوڵڵا: یەکێتی تاوەکو ئێستا هیچ بەربژێرێکی یەکلایی نەکردووەتەوە، لەبەر یەک هۆکار، ئەویش ئەوەیە تاوەکو ئێستا دیار نییە ئێمە بەشداریی دەکەین لە حکومەت یان نا، ئێمە تاوەکو ئێستا بڕیارمان نەداوە سەرۆکی پەرلەمان وەربگرین، کەی بڕیاردرا وەریبگرین، ئەوکاتە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆدەبێتەوە لەوێ ئەگەر دوو بەربژێر سێ بەربژێر هەبێت، هەڵبژاردن دەکەین، چۆن سەرۆکی کۆمارمان بە هەڵبژاردن لەناو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکلاییکردەوە، لەوێش بەو شێوەیە یەکلایی دەکەینەوە، واتە ئەو بابەتە بەهیچ شێوەیەک کێشە نییە، نە بۆ جێگری سەرۆکی هەرێم، نە بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت و نە بۆ وەزیرەکان ئەو بابەتانە لەناو یەکێتی بەهیچ شێوەیەک باس نەکراوە تا ئەو کاتەی دەیبڕێنینەوە، رەنگە خەڵکێک حەز بکات ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، ببێتە وەزیر و داوای کردووە، بەڵام ئەو داوایانە هەمووی لەسەر رەفەیەکن تا ئەوکاتەی ئەو بابەتە لەگەڵ پارتی یەکلایی دەکرێتەوە.