كتێبی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان گوندی كۆچۆ بڵاوكرایەوە

105 جار خوێندراوەتەوە کات08:55 بەروار08-04-2019
كتێبی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان گوندی كۆچۆ بڵاوكرایەوە
 
راچڵەكین
 
كتێبی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان گوندی كۆچۆ له‌ ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانی ته‌ها سلێمانه‌ كه‌ له‌دووتوێی 364 لاپه‌ر چاپ وبڵاوكراوه‌ته‌ و كه‌وتۆته‌ به‌ردیدی خوێنه‌ران و كتێبخانه‌ی كوردی.
 
ئه‌م كتێبه‌ باس له‌ جینۆساید كردنی گوندێكی ئێزدی به‌ ناوی گوندی كۆچۆ ده‌كات كه‌ گوندێكی جوانه‌، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكووری قه‌زای شه‌نگال به‌دووری 23 كیلۆمه‌تر سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی قه‌یره‌وان" بلیج-ه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ رۆژئاوای پارێزگای موسڵ.
 
گوندی كۆچۆ به‌ ناشیرین شێوه‌ له‌لایه‌ن تیرۆرستانی داعش جینۆساید ده‌كرێت و سێ چاره‌كی دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ده‌ستداوه‌. زۆربه‌یان شه‌هید و بێسه‌رشوێن كراون و ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌ربازیش بوون له‌ دۆخێكی زۆر خراپدا ده‌ژین له‌ باخچه‌ی قوتابخانه‌ی رزگاری له‌ قه‌زای زاخۆ.
 
ته‌ها سلێمان له‌پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كورد له‌چوارپارچه‌ی كوردستان به‌درێژایی مێژوو رووبه‌ڕووی جینۆساید بوه‌ته‌وه‌ و زۆرترین زیانی به‌ركه‌وتووه‌. به‌شێك له‌وتاوانانه‌ له‌دوای رۆخانی سه‌دام له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراقه‌وه‌ وه‌ك تاوانی جینۆساید و تاوانی دژی مرۆیی و تاوانی جه‌نگ بڕیاریان له‌باره‌وه‌ دراوه‌، وه‌ك تاوانی دژ به‌ كوردی فه‌یلی، تاوانی جینۆسایدكردنی بارزانییه‌كان، تاوانی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و تاوانی ئه‌نفال و تاوانی جینۆسایدی قه‌ڵادزی و سه‌ید سادق  ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای دۆسێی چه‌ندین تاوانی تر.
 
نووسه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ئێزدییه‌كان ده‌نووسێت: ئێزدییه‌كان گروپێكی ئایینین له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌ زۆربه‌شیان له‌نزیك پارێزگای موسڵ و ناوه‌ندی قه‌زای شنگال و ده‌ورۆبه‌ری ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی باشووری كوردستان له‌نێوان سنووری عیراق و كوردستان ده‌ژین و به‌شێكی تریان له‌ باكووری كوردستان و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و جۆرجیا و ئه‌رمینیا ده‌ژین.
 
ئێزدییه‌كان له‌ڕووی ره‌گه‌زه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ كوردن و به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جۆگرافی و شوێنی نیشته‌جێبوونیان هه‌میشه‌ كه‌وتونه‌ته‌ به‌ر هێرش. شێوه‌ زاریان كرمانجییه‌ و له‌هه‌مان كاتیشدا به‌ زمانی عه‌ره‌بی قسه‌ ده‌كه‌ن به‌ تایبه‌تی ئێزدییه‌كانی باشیك و نزیك پارێزگای موسڵ، به‌ڵام نوێژ و سرووده‌ ئایینی و كتێبه‌كه‌شیان به‌ زمانی كوردییه‌ و پیرۆزترین شوێنیان مه‌زاری لالشه‌ و دیارترین كه‌سایه‌تییه‌كانیشیان میر ته‌حسین بگه‌ له‌ كوردستان و عیراق و جیهاندا. 
به‌پێی ئاماره‌كان ناوه‌ندی قه‌زای شنگال و ده‌وروبه‌ری 801 هه‌زار كه‌س بووه‌ رێژه‌ی كوردی ئێزدی 84% بووه‌ و 12% كوردی موسڵمان و 4% موسڵمانی عه‌ره‌ب بووه‌.
دوای هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ ئێزدییه‌كان له‌ماڵ و حاڵی خۆیان ئاواره‌ بوون و به‌ هه‌زاران كه‌سیش له‌ ئێزدی و مه‌سیحی و شه‌به‌ك تائێستا چاره‌نووسیان نادیاره‌ و ژماره‌یه‌كی زۆریش به‌شێوه‌ی كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵكوژ كراون و به‌ سه‌دان ئافره‌تی ئێزدی له‌لایه‌ن تیرۆرستانی داعشه‌وه‌ رفێندراون و چاره‌نووسیان نادیاره‌.
له‌م كتێبه‌دا به‌پێی خشته‌كان ئاماری ناوی دانیشتوانی گوندی كۆچۆ و ته‌واوی قوربانی و بێسه‌رشوێنكراوه‌كان و ده‌ربازبووه‌كانی هاتووه‌.
ئه‌وه‌ پێویسته‌ بوترێت به‌پێی زانیارییه‌كان ئێزدییه‌كان به‌درێژایی مێژوو تا ئێستا 73 جار تووشی جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژی بوونه‌ته‌وه‌.
له‌م كتێبه‌دا چه‌ندین چیرۆك له‌زاری ئه‌و ژنه‌ ئێزدییه‌كانه‌ ده‌بیستی كه‌ له‌ده‌ست داعش رزگاریان بووه‌ و باس له‌ تاوانه‌كانی داعش ده‌كه‌ن.
كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌ و وێنه‌ له‌و كتێبه‌دا خراوه‌نه‌ته‌ ڕوو و له‌به‌شی كۆتاییدا به‌ زمانی ئینگلیزی بابه‌تێك له‌سه‌ر جینۆسایدكردنی ئێزدییه‌كان خراوه‌ته‌ڕوو.
 
ناوی/ جینۆسایدی ئێزدییه‌كان گوندی كۆچۆ
 
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنی/ ته‌ها سلێمان
 
ئاماده‌كردنی به‌عه‌ره‌بی/ داود موراد خه‌تاری
 
تیراژ/ 1000 دانه‌
 
نۆبه‌تی چاپ/ چاپی دووه‌م
 
نرخ/ 5000 هه‌زار دینار
 
چاپخانه‌/ بینایی