قاسم سولەیمانی... ژەنەڕاڵێكی بێ سێبەر

2214 جار خوێندراوەتەوە کات03:14 بەروار13-04-2019
قاسم سولەیمانی... ژەنەڕاڵێكی بێ سێبەر

راچڵەكین-

كەم كەس هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قەد قاسم سولەیمانی قسەی لەسەر كرابێت، پیاوێك كە دۆست و دوژمن، دان بە زیرەكی و كارایی و بێ ڕەحمی ئەودا دەنێین. پیاوێك كە لەئێران زیاتر بە (حاج قاسم) ناسراوە و لەدەرەوەی ئێرانیش بە تایبەتی لای خۆرئاواییەكان بە پیاوی بێ سێبەر و ژەنەڕاڵی بێ سێبەر و پیاوە مەترسیدارەكە ناسراوە. هەندێكیش بە پیاوێكی زیرەك و بە توانا و لێهاتووی دەزانن، پیاوێك كە هەم لەبواری سەربازی و هەم لەبواری سیاسەت دەتوانێت پێشهاتەكان بگۆڕێت، پیاوێك كە شوێنێكی تایبەتی نییە و هەر ڕۆژە لە شوێنێكە.
 
سیاسی یان سەربازی یان هەردووكی

لەئێستادا چاودێرانی سیاسی و سەربازی پێیانوایە بەهێزترین كەسى سەربازی لەناوچەكە قاسم سولەیمانییە و هەندێكی تر لەسەر ئەو باوەڕەن كە قاسم سولەیمانی تەنها جێبەجێكاری سیاسەتەكانی سوپای پاسداران لەناوچەكەدا، بەڵام هەندێك لەسەر ئەو بڕوایەن كە لەئێستا لوبنان و سوریا و عیراق و یەمەن لەژێر چنگی قاسم سولەیمانی دایە و ئەو چوار وڵاتە لەژێر سیاسەت و بڕیارەكانی سولەیمانی دان و ڕۆڵی ئەو فەرماندە سەربازییە بە زەقی دەبیندرێت.

قاسم سولەیمانی كێیە؟


قاسمی سولەیمانی ڕۆژی 11 ی شوباتی 1957  لە گوندێك بە ناوی قەناتی مولك سەر بە قەزای " رابر" لە پارێزگای كرمان لە بنەماڵەیەكی هەژار و جوتیار لە دایك بووە، هەتا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندووە،  لە تەمەنی 13 ساڵیدا لەگەڵ كوڕێكی ئامۆزا گوندەكەیان بەجێدەهێڵن و دەچنە شاری كرمان و لەوێ دەبێت بە كرێكار و دواتر دەبێت بە وەستای بیناسازی .

 پاش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 دەبێتە ئەندامی سوپای پاسداران . زۆرابی برای كە ماوەی 15 ساڵ بەرپرسی زیندانەكانی تاران بوو دەڵێت:" قاسمی برام و خۆم و دوو ئامۆزام لە كرمان ژوورێكمان بە كرێ گرتبوو و كرێكاریمان دەكرد. دواتر قاسمی برام لە فەرمانگەی ئاوی شاری كرمان دەبێت بە بەڵێندەر. "


ساڵی 1979 دەبێتە ئەندامی سوپای پاسداران و لەشاری كرمان دەبێتە فەرماندەی سەربازگەی ئەو شارە و لەگەڵ دەستپێكی شەڕی نێوان عیراق و ئێران بۆ ئەنجامدانی كارێكی 15 ڕۆژە ڕەوانەی بەرەكانی شەڕ دەكرێت، بڕیار بوو 15 ڕۆژی پێبچێت، بەڵام بۆ هەتا كۆتایی شەڕ بەشداری شەڕەكان دەكات و هاوكات لە كوردستانی ڕۆژهەڵات دژی حزبە كوردییەكان شەڕ دەكات و لە لوبنان و سوریا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت و ئەسپی خۆی تاو دەدات.  

قاسم سولەیمان هەر لە شاری كرمان لەسەرەتای ساڵی 1980 دەبێتە فەرماندەی لیوای قودس ، ئەو لەو شارە مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە چەندین تیپ كرد و دواتر ئەو تیپانەی ڕەوانەی بەرەكانی شەڕ دەكرد. دوای كۆتاییهاتنی شەڕی نێوان عیراق و ئێران جارێكی دیكە گەڕایەوە بۆ پارێزگای كرمان و ئەمجارە بوو بە فەرماندەی لیوای 41 ی سارۆڵڵای ئەو پارێزگایە كە ئەركی ئەو لیوایە شەڕ بوو لەگەڵ قاچاخچیان و بارزگانانی مادەهۆشبەرەكان.


ساڵی 1997 لە لایەن ئایەتوڵڵا خامەنەیی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی ئێرانەوە كرا بە فەرماندەی سوپای قودس و لە ئێستادا ماوەی 22 ساڵە فەرماندەی ئەو سوپایە و ئەركی ئەویش زیاتر لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێران بە تایبەتی لە وڵاتانی عیراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و هەندێك وڵاتی ئەفریقییە.

سوپای قودس لقی سوپای پاسدارانە بۆ دەرەوەی ئێران، ئەو لقە لەدەرەوەی ئێران لە وڵاتانی سوریا و لوبنان و عیراق و ئەفغانستان و یەمەن چالاكی هەیە.

ئەركی سوپای قودس سێ شتە:

1-    بەرگری چەكداریانە لە شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە دەرەوەی خاكی ئێران.
2-    مەشق و ڕاهێنان بۆ دروستكردنی سوپای بیست ملیۆنی( ئایەتوڵڵا خومەینی خوازیاری دروستكردنی سوپایەكی بیست ملیۆنی بوو)
3-    دروستكردنی هێزێكی جەماوەری بە ناوی حزبوڵڵا لەسەرتاسەری جیهان.

ڕۆڵی قاسم سولەیمان لە شەڕی ئەفغانستان

پاش سەرهەڵدانی بزوتنەوەی تالیبان و دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لە ئەفغانستان، قاسم سولەیمانی بەشداری دەكات و لەساڵی 2000 هەتا 2014 لە ناو گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی ئەفغانستان ڕۆڵ دەگێڕێت و ئەسپی خۆی تاو دەدات و شارەزاییەكی باشی لەسەر ئەفغانستان و دۆخ و پێگەی سیاسی و سەربازی و ئابووری و كلتوری ئەو وڵاتە هەیە.
 
 شەڕی داعش و ڕۆڵی قاسم سولەیمانی لە عیراق

دوای ئەوەی كە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مانگی جۆزەردانی 2014 هێرشی كردە سەر هەرێمی كوردستان و شنگال و موسڵ و تكریت-ی داگیركرد، هەندێك لە چاودێرانی سیاسی و سەربازی پێیانوایە دوای ئەوەی كە سوپای عیراقی و هێزە چەكدارەكانی ئەو ناوچانە پڕش و بڵاو بوونەوە و ڕایانكرد، ئەوە قاسم سولەیمانی بوو كە توانی بەرگری بكات و زۆربەی ڕۆژنامەكانی جیهان بە تایبەتی سەندەی تایمز، وال ئەستریت جورنال و نیویۆرك تایمز باسیان لەوە كردبوو كە ئێران توانیویەتی فەرماندەی سوپای لەبەریەكهەڵوەشاوەی عیراق بگرێتە ئەستۆ كە ئەویش قاسم سولەیمانییە.


 دەوترێت كە قاسم سولەیمان بە 67 ڕاوێژكاری سەربازی پرۆسەی بەرگریكردن لە عیراق بە تایبەت بەغدای گرتبووە ئەستۆ و هاوكات نەخشە و پلانەكانی داعشی لە عیراق پۆچەڵ دەكردوە.

قاسم سولەیمانی لەناو میدیا جیهانییەكاندا

 نیویۆرك تایمز سەبارەت بە قاسم سولەیمان نووسیویەتی:" دوژمنێك كە هەم نەفرەتی لێدەكرێ و هەم دەستخۆشی .

جۆن مگوایەر ئەفسەری پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا لە عیراق دەڵێت:" كەس قاسم سولەیمانی ناناسێت، ئەو بەهێزترین پیاوی نهێنییەكانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. "

فەرەنسییەكان قاسم سولەیمانی بە پیاوێكی پڕ ڕاز و نهێنی دەزانن.


نیوزویك: سولەیمانی ئاشقی جەنگە

هەفتەنامەی نیوزویك سەبارەت بە سولەیمانی نووسیویەتی: سەرەتا لەگەڵ ئەمریكا شەڕی دەكرد، ئێستا لەگەڵ داعش، ئەو پیاوێكی زیرەك و ئاشقی جەنگە، حەز دەكات شەڕ بكات و خۆیشی دەزانێت كە بۆ شەڕ لێهاتووە.

دیڤید پیتەرایۆس فەرماندەی پێشووی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق دەڵێت: تەنها دەتوانم بڵێم كە سولەیمانی پیاوێكی بەهێز و ڕێكخەرە و دوژمنێكی شایستەیە.


ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز لەبارەی ڕۆڵی قاسم سولەیمانی لە عیراق نووسیویەتی: لە دوای ساڵی 2003 وە سولەیمانی بووەتە بەرپرسی پەرەپێدانی ڕۆڵی ئێران لە عیراق و دواتر عیراقییەكان هەستیان بەوە كرد كە قاسم سولەیمانی بەرپرسی سیاسەتی ئێرانە لە عیراق.


لەلایەكی تر دەوترێت كە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا بە تایبەتی سەبارەت بە عیراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و ناوچەكە وەزیری دەرەوەی محەمەد جەواد زەریف نییە، بەڵكوو لەڕاستیدا ئەوە قاسم سولەیمانییە كە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەوناوچەكە بەڕێوە دەبات.  

هەڕەشەكردن لە سەرۆك كۆمارەكانی ئێران و ئەمریكا

ڕەنگە بەلاتانەوە سەیر بێت كە قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس زۆر بە كەمی نامە دەنووسێت و ئەگەر بیشنووسێت زۆر بە توندی و ڕەقی دەنووسێت. چەند جار هەڕەشەی لە سەرۆك كۆماری ئێران كردووە و هۆشداری داوە. دوای هاتنە سەركاری محەمەد خاتەمی سەرۆك كۆماری پێشووتری ئێران ، خاتەمی سیاسەتێكی نەرمی لەگەڵ خوێندكاران و ڕۆژنامەنووسان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی گرتەبەر و ئەوەش ناڕەزایەتی سوپای پاسدارانی لێكەوتەوە و ژمارەیەك لە فەرماندەكانی سوپا كە لەناویان قاسم سولەیمانیش دەبیندرا لەنامەیەكدا پڕ بوو لە هەڕەشە و گوڕەشە، هۆشدارییان دایە محەمەد خاتەمی كە كاسەی سەبری سوپای پاسداران پڕ بووە و ناچارن هەڵوێست بگرن. هەڵبەت سوپای پاسداران لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێستای ئێرانیش كێشەیان هەیە.

لەساڵی 2018 دا قاسم سولەیمانی زۆر بە توندی هێرشی كردە سەر ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان و پێی ڕاگەیاندبوو كە ئەوەندە لە تۆوە نیزیكین كە خۆشت بڕوا ناكەیت.

قاسم سولەیمانی و سوریا

دەوترێت ئەگەر قاسم سولەیمانی لە سوریا نەبوایە شارەكانی حەلەب و دێرەزوور و ڕەقە لەچنگ تیرۆریستانی داعش ڕزگار نەدەبوو. لەمدوایانەدا دەوترێت سولەیمانی سێ ڕۆڵی سەرەكی هەبووە كە هەرسێكیان بە تەواوەتی ئەنجامداوە، یەكەمیان ڕزگاركردنی شاری حەلەب لەدەست بەرەی نوسرە و ئەحرار شام و تیرۆریستەكانی دیكە. دووەم پڕۆسەی ڕزگاركردنی شاری دێرەزوور كە بە پایتەختی مەعنەوی  داعش لە قەڵەم دەدرا و سێیەمیش ڕۆڵی ئازادكردنی فڕۆكەوانەكەی روسیا لە سوریا.

ماوەیەك لەمەوپێش بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری سوریا دوای هەشت ساڵ بە سەردانێكی نهێنی كە تەنها چەند كەسێك ئاگاداری بوون گەیشتە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێران، لەو سەردانەدا كە وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆك كۆماری ئێران ئاگاداری نەبوون، تەنها قاسم سولەیمانی ئاگادار بوو، لەكۆبوونەوەی ئەسەد لە گەڵ ئایەتوڵڵا خامەنەیی لەبری سەرۆك كۆماری ئێران و وەزیری دەرەوە، قاسم سولەیمانی ئامادە بوو و ئەمەش وایكرد كە ناڕەزایەتی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانی لێبكەوێتەوە و دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕابگەیەنێت كە وازهێنانەكەی دواتر لەلایەن ڕۆحانی سەرۆك كۆمار قبوڵ نەكرا. دەوترێت لە سوریاش سولەیمانی لەبری وەزیری دەرەوە سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەڕێوە دەبات.
 
ژەنەڕاڵ دیڤید پیتەرایۆس  فەرماندەی پێشووتری هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق سەبارەت بە قاسم سولەیمانی دەڵێت: پەیامێكی تەلەفۆنیم پێگەیشت كە تێدا قاسم سولەیمانی وتبووی: ژەنەڕاڵ دیڤید پیتەرایۆس لەوانەیە من بناسی، من قاسم سولەیمانیم، ئەوە منم كە سیاسەتەكانی ئێران لەعیراق و لوبنان و غەزە و ئەفغانستان دادەڕێژم.

ئەو ژەنەڕاڵە ئەمریكییە دەڵێت: باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ئەندامی سوپای قودسە  و هەركەسیش لەبری باڵیۆز بێت دەبێت ئەندامی سوپای قودس بێت.

پیتەرایۆس لەنامەیەكدا بۆ رۆبەرت گیتس وەزیری بەرگری ئەمریكا لە ساڵی 2008 ئاماژەی بە ڕۆڵی قاسم سولەیمانی لە عیراق كردووە و نووسیویەتی: ئەوەی سەرنجی منی ڕاكێشەوە و هەموومانی خافلگیر كردووە ئەوەیە كە سولەیمانی لە عیراق نفوزی زۆرە و نازناوی ژەنەڕاڵی بێ سێبەریان پێداوە.

شەهیدی زیندوو یان تیرۆریستی نێودەوڵەتی


ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕابەری ئێران گەورەترین میدالیای سەربازی بە ناوی" زوولفەقار" بە قاسم سولەیمانی بەخشیوە و نازناوی شەهیدی زیندووی بە سولەیمانی بەخشیوە، بەڵام ئەمە لە كاتێكدایە پاش ئەوەی كە ئیدارەی ئەمریكا بە ڕەسمی سوپای پاسدارانی خستە ناو لیستی گروپە تیرۆریستەكانی جیهانەوە و مایك پەمپیۆس وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە ڕەسمی ڕایگەیاند كە سوپای پاسداران رێكخراوێكی تیرۆریستیە و قاسم سولەیمانیش تیرۆریستە.
وەرگێڕان/ ڕاچڵەكین
سەرچاوە/ ئاژانسەكان