قۆناغەكانی شاڵاوی ئەنفالكردنی گەلی كورد

129 جار خوێندراوەتەوە کات10:16 بەروار14-04-2019
قۆناغەكانی شاڵاوی ئەنفالكردنی گەلی كورد

راچڵەكین-

ئەنفالكردنی گەلی كورد، یەكێكە لەتاوانە گەورەو ترسناكەكانی رژێمی ڕووخاوی بەعس، كە بەپێی نەخشەو پلانێكی تۆكمەو بەهەشت قۆناغی یەك لەدوای یەك ئەنجامدرا.

ئەنفالكردنی گەلی كورد یەكێكە لە قوڵترین جینۆسایدەكان، نەك بەتەنها لە مێژووی جینۆسایدی كورددا، بەڵكو لە مێژوو جینۆسایدەكانی دنیادا ئازارێكی قوڵ و برینێكی ساڕێژ نەبووە.


زاراوەی ئەنفال، ناوی هەشتەمین سورەتی قورئانی پیرۆزە، سورەتی ئەنفال لە (٧٥) حەفتاو پێنج ئایەت پێك دێت. ئەنفال لە زمانەوانیدا لە (نفل) وە هاتووە و بە ئینگلیزی پێی دەوترێت (Spoils) و بە مانای دەسكەوت دێت.

ئەنفالكردنی گەلی كورد بە هەشت قۆناغ ئەنجامدرا كە كوشتنی ١٨٢ ھەزار كەس و وێرانكردنی چوار ھەزار و ٣٠٠ گوندی لێكەوتەوە.

شاڵاوی بەدناوی ئەنفال لە ٩ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ دەستیپێكرد و لە ٦ی ئەیلولی ھەمان ساڵیش كۆتایی پێھات. تیایدا هەشت فەیلەقی‌ سوپای‌ عێراق و نزیكەی‌ 300 هەزار جاش بەشداریان تێدا كرد

 رۆژی 24ی حوزەیرانی 2007، كەیسی ئەنفالكردنی گەلی كورد لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكان لە عیراق، بە جینۆساید ناسێنرا. لەهەمان كاتدا دادگا بڕیاری دەستگیركردنی بۆ 423 كەس دەركرد كە دەستیان لەو تاوانەدا هەبوو، كەلەناویاندا 258 كورد هەن.  

قۆناغەكانی ئەنفالكردنی گەلی كورد:

قۆناغی یەكەم: لە 9ی شوباتی 1988 تا 23ی شوباتی 1988 ئەنجامدراوە

شوێنی ئەنجامدانی تاوانەكە ناوچەی (سەرگەڵو، بەرگەڵو)وە كە ناوچەیەكی شاخاوییەو دەكەوێتە سنووری شارۆچكەی سوورداش سەر بەقەزای دۆكان، گوندەكانی ئەم سنوورە لە 150 گوند پێكدێت. شاڵاوەكە بەسەركردایەتی سوڵتان هاشم ئەحمەد ئەنجامدرا.

قۆناغی دووەم: لە 22ی ئاداری 1988 تا 1ی نیسانی 1988 ئەنجامدرا

قۆناغی دووەمی شاڵاوی تاوانی ئەنفال،لەناوچەی قەرەداغ  لیوا روكن ئەیاد خەلیل زەكی سەركردەی فەیلەقی دوو بئەنجامدرا.

قۆناغی سێیەم: لە 7ی نیسانی 1988 تا 20ی نیسانی 1988 ئەنجامدرا

ئەم قۆناغەی شاڵای ئەنفال بەسەرپەرشتی لیوا ڕوكن ( سوڵتان هاشم ئەحمەد)، لیوا ڕوكن ( كامل ساجت عەزیز ئەلجەنابی) و عەمید روكن ( بارق عەبدوڵا حاجی حنتە) ئەنجامدرا، ناوچەكانی ( چەمچەماڵ، قادر كەرەم، دوز، خوورماتوو، كەلار، كفری، دەربەندیخان، سەنگاو، پێباز، تیلەكۆو لەیلان)ی گرتەوە.

 ئەم قۆناغە بە بەرفراوانی ئەو ناوچانەی گرتوویەتییەوە و زۆری قوربانی لەقۆناغەكانی تر جیاكراوەتەوە ( نزیكەی 20 هەزار كەس تەنها لەو قۆناغەدا ئەنفالكران)، ھەربۆیە ساڵیادی ئەو تاوانەش خراوەتە ئەم قۆناغە.

قۆناغی چوارەم: 3ی ئایاری 1988 تا 15ی ئایاری 1988 ئەنجامدراوە

ئەم قۆناغە بەسەرپەرشتی راستەوخۆی (عەدنان خەیروڵا تولفاح- وەزیری بەرگری ئەوكاتی عیراق)، لیوا ڕوكن ( سوڵتان هاشم ئەحمەد) و (عەلی حەسەن مەجید) بەرپرسی بەشی باكوری حزبی بەعس بەڕێوەچوو، ناوچەكانی ( كەركوك، پردێ‌، تەقتەق، تەكیە، شوان، شێخ بزێنی، ئاغجەلەر، كۆیە، دێگەڵەو دەشتی هەولێر) گرتەوە.

لە 3ی ئایار ، كیمیابارانی ( گۆپتەپە، عەسكەر، مەیلە، سەرچما، شێخان، كەڵەشێر، چەكی رێزان، قۆچەبڵاخ و زەرزیر)كرا.

قۆناغەكانی 5،6 و 7: لە 15ی ئایاری 1988 تا 26ی ئابی 1988 ئەنجامدراوە

ئەم قۆناغە زیاتر لە سێ مانگی خایاند كە ناوچەكانی (پردێ، شەقڵاوە، هیران و نازەنین، حەریر، خەلیفان، دۆڵی خۆشناوەتی، ڕەواندز، دۆڵی مەلەكان، سۆران، وەرتێ، خانەقا، چۆمان، هیزۆب، چوارقوڕنە، ڕانیە، قەڵادزێ و چیی قەندیل)ی گرتەوە. شاڵاوەكەش لەلایەن لیوا ڕوكن (یونس محەمە سلێمان) فەرماندەی فەیلەقی پێنج، بەسەرپەرشتی راستەوخۆی ( عەدنان خەیروڵا تولفاح) وەزیری بەرگری، ( عەلی حەسەن مەجید) بەرپرسی بەشی باكوری حزبی بەعس و (نزار عەبدولكەریم ئەلخەزرەجی) سەرۆك ئەركانی سوپای عیراق ئەنجامدرا.

 

قۆناغی هەشتەم: 26ی ئابی 1988 تا 6ی ئەیلولی 1988 ئەنجامدراوە

ئەم قۆناغە كە بەدواهەمین قۆناغی ئەنفالی گەلی كورد ئەژمار دەكرێت، ناوچەكانی (ئامێدی، ئەتروش، ئیمینكی، باتوفە، زاخۆ، زاویتە، زێوە، دێرەلۆك و كانی ماسی) ئەنجامدرا. بەسەركردایەتی لیوا روكن ( یونس محەمەد سلێمان) فەرماندەی فەیلەقی پێنج، لیوا روكن (سوڵتان هاشم ئەحمەد) فەرماندەی فەیلەقی یەك، لیوا روكن ( كامل ساجت عەزیز) فەرماندەی فەیلەقی دوو، بەسەرپەرشتی راستەوخۆی (عەدنان خەیروڵا تولفاح) وەزیری بەرگری، ( عەلی حەسەن مەجید) بەرپرسی بەشی باكوری حزبی بەعس.