عەلاوی داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەكات

46 جار خوێندراوەتەوە کات11:22 بەروار14-04-2019
عەلاوی داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەكات
راچڵەكین-

سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنیە جارێكی تر داوا دەكات هێزەكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێندرێنەوە.

ئەیاد عەلاوی، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد:" دوای كۆتای هاتنی رۆڵی حەشدی شەعبی لە شەڕی دژ بە داعش، كە سەركەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا، پێویستە ئەو هێزە ببێتە بەشێك لە سوپا یاخود پۆلیسی عیراق، تا تواناكانی سوپا بەهێزتر بێت و بەبێ هاوكاری، سنوورەكان بپارێزێت."

وتیشی:" ئەگەر هاتوو بەشێك لە ئەندامانی حەشدی شەعبی توانای ئەوەیان نەبوو پەیوەندی بەكەن بە ریزەكانی سوپا، ئەوا پێویستە لە وەزیفەیەكی شارستانیدا كار بكات یاخود خانەنشین بكرێن وەیان پاداشتێكی گونجاویان بكرێت."

ئەو داوایەی عەلاوی لەكاتێكدا دێت، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە مانگی تشرینی دووەمی 2016دا یاسای " دەستەی حەشدی شەعبی" پەسەند كرد، بەوەش بووەتە دەمەزراوەیەكی فەرمی لەچوارچێوەی سیستمی سەربازی عیراقدا، لەهەمان كاتدا سەر بە نووسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق كە ئەویش سەرۆك وەزیرانە.