قەڵادزێ؛ هاوڵاتییەك بە كوژراوی دۆزرایەوە

79 جار خوێندراوەتەوە کات12:25 بەروار15-04-2019
قەڵادزێ؛ هاوڵاتییەك بە كوژراوی دۆزرایەوە
راچڵەكین-

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، تەرمی هاووڵاتییەكیان لە قەڵادزێ دۆزیوەتەوە كە شوێنەواری چەقۆ بە جەستەیەوە هەیە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكە ڕەوانەی راچڵەكین كراوە، ئاماژەی بەوەداوە:" بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە15-4-2019  تەرمی هاوڵاتییەك بەناوی (س. ع. ئـ) لەدایكبووی ساڵی 1969 پیشەی كاسب، دانیشتووی گەڕەكی خانەقای قەڵادزێ گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ كە شوێنەواری چەقۆ بە جەستەیەوە هەیە."

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە:" بە وتەی كەسوكارەكەی، دوێنێ هاوڵاتییەكە لە ماڵەكەی چۆتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە و دواتر هێزە ئەمنیەكان لەلایەن كەسوكاری ئاگادار دەكرێنەوە و دەستبەجێ لێكۆڵینەوە دەستپێدەكات، پاش بەدەستهێنانی زانیاری ورد هێزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر و بنكەی پۆلیسی فریاكەوتن و بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕین تەرمەكەیان دۆزیەوە."

پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت:" پاش كوشتنی تاوانلێكراو، ئۆتۆمبێلەكەی براوەتە نزیك گوندی (گردەسپیان) بە دووری نزیك 15 كم لە شوێنی ڕووداوەكە، لەلایەن هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بە سوتاوی دۆزراوەتەوە، دوای ڕووداوەكە دەستبەجێ تیمی لێكۆڵینەوەی تاوانی پشدەر بە وردی پشكنینی بۆ تەرمی تاوانلێكراو و شوێنی ڕووداوەكە كردووە، لەئێستاشدا تەرمەكە لە پزیشكی دادوەری قەڵادزێیە."

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین  باسی لەوەشكردووە "تاوانلێكراو باوكی شەش كوڕە، دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە."