هەولێر؛ شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگەو بەرگری عیراق كۆبوونەوە

107 جار خوێندراوەتەوە کات01:43 بەروار15-04-2019
هەولێر؛ شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگەو بەرگری عیراق كۆبوونەوە
راچڵەكین-

شاندێكی وەزارەتی بەرگری عێراق، بۆ تاوتوێكردنی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركووك، لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە كۆبوەوە.

بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو كۆبوونەوەیەدا كە ئەمڕۆ دووشەممە 15ی نیسانی 2019  لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو:" ئاكامی لیژنە مەیدانییەكان بۆ روپێوكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی  لەسەر نەخشە خرایە ڕوو. تێدا بە ووردی خاڵەكانی تایبەت به ‌هێزی پێشمەرگه ‌و هێزەكانی عێراقی دیاریكرا."

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە:" هەردوولا تەئكیدیان لەسەر بەرەو پێشبردنی پەیوەندیەكانی نێوان هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی سوپای فیدراڵی  كردەوە لە رووبەڕووبونەوەی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش و گروپە تیرۆریستیەكانی تر لەناوچە جیاجیاكانی عێراق و  ناوچەكانی دەرەوی ئیدارەی هەرێم."

شاندەكەی وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆكایەتی فەریق جەمال محەمەد- سەرۆكی دەستەی ئەركان و بەئامادەبوونی فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەت و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتەكە بەشداریان لەكۆبوونەوەكەدا كرد.

هاوكات شاندەكەی وەزارەتی بەرگری پێكهاتبوون لە لیوا گوهدار بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و ئاسایش و لیوا هاشم بەڕێوەبەری هەواڵگری وێنەیی و نەخشەكان و لیوا زییا بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و عەمید خەسرۆ بەڕێوەبەری هەواڵگری عێراق لە هەولێر.