پارتی ناچارە رێگەی یەکەم هەڵبژێرێ

773 جار خوێندراوەتەوە کات01:42 بەروار15-04-2019
پارتی ناچارە رێگەی یەکەم هەڵبژێرێ

هێڤیدار ئەحمەد
تا ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان رازی نەبووە جێگری دووەم بۆ یەکیتی دابنرێ. سەرۆک بارزانی گوتوویەتی ئەم بابەتە دەبێ بە هەماهەنگی بێ لەگەڵ گۆڕان. پارتی پێیوابوو گۆڕان رازی دەبێت، چونکە یەکێتی چەندین جار بە پارتی گوتووە لە حەقی گۆڕان زیاترتان پێداوە و پارتیش گوتوویەتی ئەوەی لەگەڵ گۆڕان کراوە با زۆریش بێ، یەک هەنگاو بۆ دواوە ناگەڕێینەوە.

پێشنیازەکان چین بۆ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان؟

یەکەم: سەرۆک تەنیا یەک جێگری هەبێ و بۆ گۆڕان بێ.
دووەم: وەزیری پێشمەرگە بۆ گۆڕان بێ و جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ یەکێتی بێ (گۆڕان داوای کردووە و یەکێتی رەتیکردووەتەوە).
سێیەم: جێگری سەرۆکی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە بۆ گۆڕان بێ و وەزیری دارایی بدرێ بە یەکێتی (یەکێتی ئەمەی پێشنیاز کردووە، بەڵام گۆڕان رەتیدەکاتەوە).
چوارەم: سەرۆکی هەرێم دوو جێگری هەبێ و هیچ ناوێکی لێ نەنرێ کە ئەم جێگرە بۆ کاروباری سەربازییە و ئەوی دیکە بۆ کاروباری .... بەڵکو سەرۆکی هەرێم بەشێک لە دەسەڵاتەکانی خۆی بە ئەوان بدات و تەواو (هێشتا لەسەر ئەمە رێککەوتن نەکراوە).
پێنجەم: پارتی داوای یەکێتی بۆ دیاریکردنی جێگری یەکەم و دووەم بۆ سەرۆکی هەرێم رەتکردووەتەوە، جێگر هەر جێگرە، پاشگری یەکەم و دووەمی پێوە نابێ.

پارتی 100% پابەندی رێککەوتنیەتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان. وەک سەرۆک بارزانی گوتوویەتی یەک هەنگاویش ناگەڕێتەوە بۆ دواوە، بەهەمان شێوە پارتی 100% بەو رێککەوتنەی لەگەڵ یەکێتیش کردوویەتی پابەند دەبێت.

راستە بە کاندیدکردنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنەکەی 200%، بەڵام ئەوە قەت راست نییە کە دەڵێن پڕۆژەیاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە پارتی دەیەوێ ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، نەخێر راست نییە، بەگوێرەی پڕۆژە یاساکە کە خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ کراوە، لە ماددەی چوارەم بڕگەی دووەم دەڵێت: "هەرکەسێ خیانەتی نەکردبێ و ... مەرجی دیکەش هەیە، دەتوانێ خۆی کاندید بکات" ئینجا هەر کەسێ جورئەتی هەیە بەرامبەر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات دەرگا واڵایە. بەڵام کێشەکە ئەوە نییە کێی دیکە خۆی کاندید دەکات بۆ ئەو پۆستە، بەڵکو کێشەکە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە!

یەکێتی و گۆڕان لەسەر مەسەلەی پڕۆژە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان 180 پلە گۆڕاون.

لە 23ی حوزەیرانی 2015 کاتێ گۆڕان و یەکێتی ویستیان کودەتا لەسەر پارتی بکەن لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، گۆڕان لە پڕۆژەکەیدا کە لە 10/6/2015 ئیمزای بۆ کۆکردووەتەوە، داوای کردووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوو جێگری هەبێ و لەنێو پەرلەماندا سەرۆک هەڵبژێردرێ. تەنانەت ئەوەندە پێداگیرییان کردووە لەسەر مەسەلەی دوو جێگرەکە، لە ماددەی هەشتەمی پڕۆژەکەی گۆڕاندا لە بڕگەی یەکەم و دووەم دەڵێت، سەرۆکی هەرێم دوای 30 رۆژ لە هەڵبژاردنی ئەگەر جێگری بۆخۆی هەڵنەبژارد ئەوا بەپێی بڕگەی دووەمی هەمان ماددە، پەرلەمان دوو جێگری بۆ هەڵدەبژێرێ.

بەڵام بۆ ئەم کابینەیە تێڕوانینی گۆڕان 180 پلە گۆڕاوە و لە رێککەوتنی 18/2/2019 کە لەگەڵ پارتی ئیمزای کردووە، پێش یەکێتی کەوت و پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی وەک دەستکەوتێکی دانوستاندنەکان ناوبرد. بە گوێرەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە بە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005 ناسراوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جێگرێکی دەبێ.

هەرچی یەکێتییە لە پڕۆژە یاساکەیاندا کە لە 21/6/2015 ئیمزایان بۆ کۆکردووەتەوە و پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان کردووە، لە ماددەی نۆیەمدا دەڵێ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای 30 رۆژ لە سوێندخواردنی وەکو سەرۆکی هەرێم، جێگرێک بۆخۆی دەستنیشان بکات. کەچی ئێستا دەڵێ ئیلا و بیلا دەبێ سەرۆک دوو جێگری هەبێ و پارتی بەمە رازی بووە بۆ ئەوەی یەکێتی لە پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکومەت دوورنەکەوێتەوە.

کاندیدەکانی پارتی بۆ پۆستە وەزارییەکان 90% تەواوبوونە و یەکلابوونەتەوە و تەنیا یەک وەزیری کابینەی هەشتەم بۆ کابینەی نۆیەم دەمێنێتەوە، پارتی لەسەر ئاستی باڵای نێو حکومەتیش گۆڕانکاری گەورە دەکات و هەردوو پارێزگاری هەولێر و دهۆکیش پۆستیان دەبێ لە کابینەی نۆیەمدا.

هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە تاوەکو ئێستا تەنیا دوو کاندیدیان یەکلایی بوونەتەوە، ئەویش کاندیدیان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بەڕێز مستەفا سەید قادرە و وەزیری دارایی ئاواتی شێخ جەناب، باقی وەزارەتەکانی دیکە مشتومڕی توندیان لەسەرە.

پێداگریی یەکێتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم ئەمەیە:

باڵەکانی نێو یەکێتی بەم شێوەیە پۆستیان وەرگرتووە:
باڵی کۆسرەت ڕەسوڵ، کوڕەکەی لە ئەنجوومەنی ئاسایش پۆست وەردەگرێ.
باڵی مام جەلال: قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت دەبێت.
باڵی مەکتەبی سیاسی حاکم قادر، یان عیماد ئەحمەد پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم وەردەگرن.
باڵی بەرهەم ساڵح پۆستیان پێ نادرێ.
باڵی کەرکووکییەکان لە پارێزگای کەرکووک پۆست وەردەگرن.

ئەوەی پێشبینی دەکرێ لە نێو یەکێتیدا ئەوانەی چەندین کابینەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پۆستیان هەبووە، هەر ئەوان پۆستی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن. هیوادارم لەسەر ناوی کاندیدەکان دیسان کێشە دروست نەبێ و نەبێتە هۆی دواکەوتی راگەیاندنی کابینەی وزاری.

کابینەی نۆیەم لە 23 کەس پێکدێت:

سەرۆکی حکومەت
جێگری سەرۆکی حکومەت
19 وەزارەتی فیعلی
3 وەزارەت بۆ کاروباری هەرێم
یەکێتی: 7 دەنگی هەیە لە ئەنجوومەنی وەزیران
جێگری سەرۆکی حکومەت و 5 وەزارەتی فیعلی و یەکێک بۆ کاروباری هەرێم
گۆڕان: 4 وەزارەتی فیعلی هەیە

واتە یەکێتی و گۆڕان بەس لە ئەنجوومەنی وەزیران 11 پۆستیان هەیە

ئێستا 12 پۆستی ئەنجوومەنی وەزیران ماون، ئەمە ئەگەر کۆمەڵی ئیسلامی بەشدار نەبێ لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
پارتی تەنیا 10 پۆستی بەردەکەوێ، دوو وەزیرەکەی دیکە یەکێکیان بۆ مەسیحییەکانە و وەزیرێکیش بۆ سۆسیالیستە، خۆ یەکێتی و گۆڕان قەت ئامادەنین لە پشکی خۆیان رۆژێک لە رۆژان پۆستێک بە برا مەسیحی و تورکمانەکان بدەن، ئینجا هەموو رۆژێ لە ئاستی باڵا و خوارەوەی یەکێتی و حیزبەکانی دیکە دەبیستین کە دەڵێن بۆ هەموو جارێ مەسیحی و تورکمانەکان نزیکن لە پارتی!

پشکی پارتیش، گوتمان ئەگەر کۆمەڵی ئیسلامی بەشدار نەبێ کە تاوەکو ئیستا یەکلایی نەبووەتەوە، بە سەرۆکی حکومەتەوە دەکاتە 10 پۆست.

شەش مانگ و نیو بەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە، هێشتا حکومەت پێکنەهاتووە و چاوەڕوان دەکرێ مانگێکی دیکەش تێپەڕێ. لایەنگر و دەنگدەر و کادیری پارتی هەمیشە بە تووڕەییەوە دەپرسن بۆ پارتی ئەوەندە نەرمی دەنوێنێ بۆ پێکهێنانی حکومەت؟ پارتی 45 کورسی هەیە و لەگەڵ دۆستەکانی دەتوانن حکومەت بەبێ یەکێتی پێکبهێنن، بۆ نایکەن؟ حەقی خۆیانە ئەم پسیارە بکەن بەڵام...

پارتی بۆ ئەم قۆناغە دەڵێ تەنیا دوو رێگا لە پێش ئێمەیە و ناچارین تەنیا رێگای یەکەم هەڵبژێرین. رێگاکەش ئەوەیە کە یان دەبێ بەشێکی زۆری خواستی یەکێتی و گۆڕان قبووڵ بکەی بۆ بەشداریکردنیان لە حکومەت کە لە قەبارەی خۆیان زیاترە، یان دەبێ رێگەی دووەم هەڵبژێرین کە رەنگە ئەگەر وەکو ئەوان نەیەینە پێش، چاوەڕێی دۆخێکی وەکو ئەوەی چوار ساڵی رابردوو بکەین. بۆیە رێگای یەکەم بۆ هەموو هەرێمی کوردستان ساخڵەمترە و هەر ئەوەمان هەڵبژاردووە.

 

ئەم وتارە لە رۆژنامەی رووداو بڵاوكراوەتەوە