ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول له‌باره‌ی‌ وه‌رگرتنی پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ده‌زگای‌ ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان چێده‌ڵیت؟

5872 جار خوێندراوەتەوە کات11:50 بەروار12-05-2019
ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول له‌باره‌ی‌ وه‌رگرتنی پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ده‌زگای‌ ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان چێده‌ڵیت؟

راچڵه‌كین

ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول، وه‌زیری‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رنامه‌ی "روداوی‌ ئه‌مڕۆی" كه‌ناڵی ئاسمانی روداودا باسی له‌ دووسایكردنی رێگاكانی هه‌رێم و پرۆسه‌ی پێكهێنانی‌ حكومه‌ت و دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی یه‌كیتی نیشتیمانی كوردستان و كاندیدكردنی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی ده‌زگای‌ ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان كرد.

سه‌باره‌ت به‌و پرۆژانه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كه‌یانه‌وه‌ جێبه‌جێ كراوه‌، وه‌زیری‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ رایگه‌یاند "له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی ئێمه‌ له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، 186 ملیار دینار قه‌رزاری پرۆژه‌كان بووین له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم، به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا حكومه‌ت هه‌ندێك له‌و  قه‌رزانه‌ی داوه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بووین و هه‌ندێك پرۆژه‌مان جێبه‌جێكرد. یه‌كێك له‌وانه‌ پرۆژه‌ی رێگای‌ مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی كێڵی بوو، له‌گه‌ڵ پردێكی ستراتیژی نێوان خانه‌قین و كه‌لار".

وتیشی "له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونمانه‌وه‌ له‌كابینه‌ی حكومه‌ت، كۆی ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ خه‌رجكراوه‌، زیاتر له‌ سه‌د ملیۆن دۆلار بووه‌ و به‌شێك له‌ قه‌رزه‌كانیشمان كه‌ 186 ملیاره‌ دیناره‌، دراوه‌ته‌وه‌".

چه‌ند رێگای‌ نوێ له‌ چوار ساڵی رابردوودا جێبه‌جێكراون؟

له‌باره‌ی‌ دروستكردنی رێگای‌ نوێی، وه‌زیری‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن وتی "ئێمه‌ وارسی پرۆژه‌كانی كابینه‌ی پێشووین ئه‌وه‌ی‌ ئێستا چووه‌ته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌ی  رێگای‌ هه‌ولێر - رۆڤیا و رێگای‌ كه‌لار - ده‌ربه‌ندیخان كه‌ به‌شی یه‌كه‌می ته‌واو بووه‌ و به‌شی دووه‌م و سێیه‌می 10 ملیۆن دۆلاری بۆ ته‌رخانكراوه‌، له‌گه‌ڵ رێگای‌ مه‌رزی كێڵێ كه‌ شه‌ش ملیۆن دۆلارى بۆ ته‌رخانكراوه‌ و له‌ماوه‌ی‌ سێ مانگدا كاره‌كانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ كۆتاییهاتووه‌ به‌هۆی‌ گرنگی پرۆژه‌كه‌وه‌، هه‌روه‌ها پردی نێوان كه‌لار - خانه‌قین كه‌ بڕی شه‌ش ملیۆن دۆلاری‌ بۆ خه‌رجكراوه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك پرۆژه‌ی بچووكی تر و كاركردن له‌ پرۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كاندا".

له‌باره‌ی‌ دووسایدكردنی رێگا یه‌ك سایده‌كان، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وتی "به‌شی یه‌كه‌می رێگای ده‌ربه‌ندیخان - كه‌لار كه‌ نزیكه‌ی 20 كم كۆتاییهاتووه‌، هه‌روه‌ها رێگای‌ كفری - كه‌لار تاوه‌كو سه‌رقه‌ڵا ته‌واو بووه‌، له‌گه‌ڵ رێگای‌ سه‌ید سادق - هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ پێده‌چێت له‌ماوه‌ی‌ دوو مانگدا كاركردن تیایدا كۆتایی بێت له‌گه‌ڵ پێنجوێن - باشماخ و پێنجوێن - سلێمانی، هه‌روه‌ها له‌ پارێزگای‌ دهۆك، رێگای‌ دهۆك – زاخۆ ته‌واو بووه‌، هه‌روه‌ها رێگایه‌كی ترمان هه‌یه‌ له‌ سحێلا كه‌ له‌ گه‌لی زاخۆه‌وه‌ ده‌چێته‌وه‌ ئیبراهیم خه‌لیل و كاركردن تیایدا به‌رده‌وامه‌. 

ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول له‌باره‌ی‌ كردنه‌وه‌ی تونێلی سه‌ڵاحه‌دینه‌وه‌ وتی "له‌ ساڵی 2011ه‌وه‌ تونێله‌كه‌ ئیحاله‌ كراوه‌، به‌ڵام ئه‌و كۆمپانیایه‌ی خاوه‌نی پرۆژه‌كه‌ بوو ئیفلاسی كرد و چه‌ند كۆمپانیایه‌كی تر هاتوون بۆ كاركردن له‌ پرۆژه‌كه‌، هه‌رچه‌ند توانای دارایی ئه‌وانیش باش نین، به‌ڵام كاركردن تیایدا به‌رده‌وامه‌ و پێده‌چێت له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی‌ 6 دا كاركردن له‌و تونێله‌ ته‌واو بێت".

ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول له‌ كاره‌كانی‌ خۆی رازییه‌؟

له‌باره‌ی‌ رازی بوونی له‌كاره‌كانی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ چوار ساڵی رابردوودا، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وتی "تاوه‌كو ئێستا كاره‌كانمان له‌ ئاستی تموحی ئێمه‌دا نه‌بووه‌، به‌هۆی‌ قه‌یرانی داراییه‌وه‌، به‌ڵام خزمه‌تمان كردووه‌ و توانیومانه‌ بڕی چوار ملیار دینار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی رێگای‌ كۆیه‌ - هه‌ولێر ته‌رخان بكه‌ين و به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌ندازیاری‌ نوێ رێگاكه‌ نۆژه‌نده‌كه‌ینه‌وه‌، هیچ وه‌زیرێك ناتوانێت له‌ماوه‌ی‌ ساڵێك بۆ چوار كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ جێبه‌جێ بكات ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ی نه‌بێت، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك گرفتی هونه‌ری‌ و یاسایی و كۆمپانیای خراپمان هه‌بووه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا".

له‌باره‌ی‌ به‌ ستانداردكردنی شه‌قامه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وتی، به‌رده‌وام كۆمه‌ڵێك كۆمپانیای جیهانی سه‌ردانمان ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت پرۆژه‌كان به‌ قه‌رز درێژخایه‌ن ئه‌نجامبده‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و كات نه‌مانده‌زانی نرخی نه‌وت له‌ 100 دۆلاره‌وه‌ داده‌به‌زێت بۆ 28 دۆلار و ئێمه‌ وه‌كو حكومه‌ت خاوه‌نی سیاده‌ی خۆمان نین، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر خاوه‌نی سیاده‌ی خۆمان بین ده‌توانین له‌ ماوه‌ی‌ 4 ساڵدا ته‌واوی‌ پرۆژه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ین و له‌ خانه‌قینه‌وه‌ تاوه‌كو زاخۆ كه‌ 480 كم.

ئایا له‌ داهاتوودا له‌به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانی‌ شه‌قامه‌كان پاره‌ له‌ هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێت؟

له‌باره‌ی‌ به‌رواردكردنی شه‌قامه‌كانی‌ ئه‌وروپا به‌ شه‌قامه‌كانی‌ هه‌رێمی كوردستان و وه‌رگرتنی پاره‌ له‌ هاوڵاتیان له‌به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانی‌ شه‌قامه‌كان و جێبه‌جێكردنیان له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان و وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاره‌كه‌ی خۆیان له‌به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانی شه‌قامه‌كان، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وتی "ئێمه‌ كارمان له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه‌ كردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌، روبعه‌ موچه‌یه‌كمان داوه‌ به‌ هاوڵاتیان، بۆیه‌ نه‌ده‌كرا ئجوری تریان له‌سه‌ر زیاد بكه‌ین، ئێمه‌ پرۆژه‌كه‌مان ئاماده‌یه‌ و بڕیاری له‌سه‌ردراوه‌ و له‌ وه‌زاره‌تی دارایی سندوقێك دروست ده‌كرێت به‌ناوی‌ سندوقى به‌كارهێنانی‌ رێگاوبانه‌كان و له‌ عیراق یاسای بۆ ده‌ركراوه‌ و له‌ كابینه‌ی داهاتوودا ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ له‌ چوار ساڵی داهاتوودا ئه‌گه‌ر قه‌یرانی‌ دارایی نه‌بێت و وه‌زعی سیاسی تێكنه‌چێت به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و پلانه‌ی دامانناوه‌، ته‌واوی‌ رێگا یه‌ك سایده‌كان ده‌كرێن به‌ دوو ساید.

سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگرتنی پاره‌ی رێگاوبان كه‌ له‌لایه‌ن هاتوچۆوه‌ وه‌رده‌گیرێت ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وتی "ئێمه‌ یه‌ك دۆلارمان وه‌ك وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌و پارانه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌ كه‌ به‌ناوی‌ رێگاوبانه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێن و یان ئه‌و حه‌وت دۆلاره‌ی‌ كه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان له‌ تانكه‌ره‌كانی‌ سوته‌مه‌نی وه‌ریده‌گرێت كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری‌ تێكچوونی رێگاوبانه‌كانمان و چه‌ندین جار داوای ئه‌و پاره‌یه‌مان له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌چۆته‌ سه‌ر حیسابی وه‌زاره‌تی دارایی و به‌بیانووی موچه‌وه‌ خه‌رجكراوه‌".

ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول كاندیده‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ده‌زگای‌ ئاسایش؟

له‌باره‌ی‌ وه‌رگرتنی پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی ده‌زگای‌ ئاسایش له‌ كابینه‌ی داهاتوی حكومه‌تی هه‌رێمی و چۆنێتی هه‌ڵبژاردنی بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وتی "تا ئێستا هیچ پۆستێك یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕێی سه‌ركردایه‌تی خۆمان ده‌كه‌ین و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌وترێت قسه‌ و قسه‌ڵۆكن و من خۆم داوای‌ هیچ پۆستێكم نه‌كردووه‌، به‌ڵام هه‌ر پۆستێك كه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی‌ كوردستان پێم ڕابسپێردرێت و بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك بێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ جێبه‌جێی ده‌كه‌م".

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی ئایا ده‌توانێت ئه‌و ئه‌ركه‌ جێبه‌جێ بكات و ئه‌گه‌ر پۆسته‌كه‌ وه‌ربگرێت له‌ سلێمانی‌ ده‌وام ده‌كات یان هه‌ولێر، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وتی ئه‌و پۆسته‌، ناوی‌ ده‌زگای‌ ئاسایشی هه‌رێمه‌ و یاسای تایبه‌تی خۆی "به‌ڵام تا ئێستا به‌ره‌سمی نه‌ داوای‌ ئه‌و پۆسته‌م كردووه‌ و نه‌ ته‌كلیفیش كراوم، ئه‌گه‌ر پۆسته‌كه‌ش وه‌ربگرم به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر ده‌وام ده‌كه‌م". 

سه‌باره‌ت به‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی یه‌كێتی له‌ كابینه‌ی داهاتوی حكومه‌تی هه‌رێم، وه‌زیری‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ وتی "یه‌كێتی حزبی هه‌موو كوردستانه، بۆیه‌ ده‌بێت ره‌چاوی جوگرافیای كوردستان بكات له‌ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان و پێشبینی ده‌كه‌م له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین".

له‌وه‌ڵامی پرسیاری‌ ئه‌وه‌ی ئاخۆ كاك كۆسره‌ت كه‌ جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی‌ كوردستانه‌ هاوشێوه‌ی مام جه‌لال ده‌توانێت پرسه‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه‌، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وتی "پێویسته‌ كاك كۆسره‌ت كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موان بێت و ببێت به‌ چه‌ترێك بۆ یه‌كێتی نیشتیمانی‌ كوردستان و نابێت لایه‌نگری هیچ باڵێك بێت و له‌چه‌ند مانگی رابردووشدا كاك كۆسره‌ت رۆڵی كۆكه‌ره‌وه‌ی بینیووه‌ و به‌دڵنیاییه‌وه‌ رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ش ده‌بینێت".

ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول له‌باره‌ی‌ نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ چی ده‌ڵێت؟

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی چۆن ده‌ڕوانێته‌ رۆڵی نێچیرڤان بارزانی له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به‌و پێیه‌ی ماوه‌ی چوار ساڵ كاری له‌گه‌ڵدا كردووه‌، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وتی "كاك نێچیرڤان ئه‌زمونێكى دروودرێژی هه‌یه‌ له‌ سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌میشه‌ پیاوێكی كراوه‌ و پیاوی‌ رۆژه‌ سه‌خته‌كان بووه‌ و رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بوو له‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌ی‌ هه‌رێم و رۆڵی كاك نێچیرڤان هه‌میشه‌ رۆڵێكی ئاشتیانه‌ و برایانه‌ بووه‌ بۆ لێكنزیكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان".