ئەمریکا هۆکاری ڕاگرتنی کارەکانی لە بەغدا و هەولێر ئاشکراکرد

922 جار خوێندراوەتەوە کات06:27 بەروار15-05-2019
ئەمریکا هۆکاری ڕاگرتنی کارەکانی لە بەغدا و هەولێر ئاشکراکرد
 
راچڵەكین 

 

 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، هۆکاری جێهێشتنی بەشێک لە فەرمانبەرانی لە بەغدا و ڕاگرتنی کاری باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیی بەهۆی زۆربوونی هەڕەشەکان بۆ سەریان ئەو بڕیارەیان داوە.
 
لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی ئایاری ٢٠١٩ وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا بڵاویکردەوە ، بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و زیادبوونی مەترسییەکان کە لە عێراقدا هەستی پێ دەکرێت، بڕیاریانداوە ژمارەیەک لە کارمەندانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانیان عێراق جێبهێڵن.
 
باسی لەوەشكردووە، لە سەردانەکەی ئەم دواییەی مایک پۆمپیۆ بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوە عێراقییەکان، ڕاستیی ئەو مەترسی و هەڕەشانەیان بۆ حکومەتی عێراق شیکردووەتەوە و ئاگاداریان کردوونەتەوە.
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئاشکرایکردووە، پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن دەکەن بە سەلامەتی و ئاسایشی دامەزراوەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا، بڕیاری کشاندنەوەی ژمارەیەک لە کارمەندی باڵیۆزخانەی بەغدا و کونسوڵگەریی هەولێر لە سایەی ئەو دۆخە ئەمنیەی ئێستادا پەیڕەوکراوە.
 
ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەو بڕیارانەیان هەر وا بە ئاسانی سەرپێی نەداوە.
 
جەختیکردووەتەوە لەوەی ئاسایش و سەلامەتیی کارمەندە ئەمریکییەکان و هاوڵاتییەکانی بە یەکێک لە هەرە کارە سەرەکییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دادەنرێت.
 
راشیانگەیاندووە، دەزانن هەڕەشەکان مەترسین و دەیانەوێت مەترسییەکانی کەمبکەنەوە.
 
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا هێمای بۆئەوەكردووە، ئەوان پابەند دەبن بە هاوبەشییان لەگەڵ عێراقییەکان بۆ بەهێزکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان.