ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول نوێترین زانیاریی له‌باره‌ی‌ شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانیه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات

2401 جار خوێندراوەتەوە کات12:02 بەروار17-05-2019
ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول نوێترین زانیاریی له‌باره‌ی‌ شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانیه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات

راچله‌كین

وه‌زیری‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایده‌كات، له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا كێشه‌ له‌ پرسی دروستكردنی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی‌ هه‌بووه‌ و ماوه‌ی 10 رۆژ بۆ كۆمپانیای‌ جێبه‌جێكار دیاریكراوه‌ تاوه‌كو ئاگادارمان بكاته‌وه‌ ئاخۆ ده‌توانێت كاره‌كانی ئه‌نجامبدات یان نا.


ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول، وه‌زیری‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی روداو وتی "دوای‌ راسپاردنم بۆ سه‌رپه‌رشتی كردنی شه‌قامی 100 سلێمانی‌، قسه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زیری‌ شاره‌وانی كرد و ئه‌ویش به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ پێی راگه‌یاندین كه‌ پرۆژه‌كه‌ با بگه‌ڕێته‌وه‌ لای‌ وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، به‌ڵام پرۆژه‌كه‌مان بۆ نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ پێشتر له‌لایه‌ن پارێزگای‌ سلێمانیه‌وه‌ واژۆكراوه‌، كاتێك ئێمه‌ش داوامان ده‌كرد ده‌وترا واژۆ نه‌كراوه‌، له‌ ئێستادا 10 رۆژ مۆڵه‌تمان بۆ كۆمپانیای جێبه‌جێكار داناوه‌ كه‌ كۆمپانیایه‌كی توركییه‌ ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌یان پێده‌كرێت ئه‌وا پێویسته‌ دوای‌ بڕیاردان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ن، ئه‌گه‌ر نا پرۆژه‌كه‌ ده‌درێت به‌ كۆمپانیايی‌ ناوخۆیی".

وتیشی كاركردن له‌ پرۆژه‌كه‌ كه‌ 30 كیلۆ مه‌تره‌، زۆر سه‌خت نیه‌ و هه‌ركاتێك كاركردن له‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌ستپێبكات، ئه‌وا ده‌توانرێت له‌ماوه‌ی‌ 16 مانگدا كۆتایی پێبهێنرێت.

له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ وه‌زیره‌كان ده‌سه‌ڵاتیان نیه‌، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وتی "ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نێكی ته‌زامونیه‌ و هه‌موومان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانمان به‌رپرسیارێتیمان هه‌یه‌، من وه‌ك وه‌زیری‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌رپرسی مه‌له‌فێك بوومه‌ و هیچ بڕیارێك نه‌دراوه‌ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وه‌زیری‌ تایبه‌تمه‌ند له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران".

"دروستكردنی پردێكی ستراتیژی بۆ به‌ستنه‌وه‌ی گه‌رمیان بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ خراوه‌ته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌ و پێویسته‌ بچێته‌ وه‌زاره‌تی پلاندانان و تاوه‌كو ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی بكرێت، به‌ته‌واوكردنی ئه‌و پرده‌ كه‌ له‌سه‌ر سیروان دروستده‌كرێت، رێگای‌ نێوان گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌ زۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌"، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وای‌ وت.

سه‌باره‌ت قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵ، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وتی "داكۆكیمان له‌وه‌كردووه‌ كه‌ بودجه‌ی پترۆدۆلار بۆ قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵ دابینبكرێت و له‌ ئێستادا داهاتێكی باشیان ده‌ستده‌كه‌وێت، دوای‌ هه‌وڵێكی ئێمه‌ بودجه‌كه‌یان له‌ 5 دۆلاره‌وه‌ كراوه‌ به‌ 10 دۆلار له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر تۆنێك غازدا، چونكه‌ ئه‌و سنوره‌ ناوه‌ندی ئه‌نفاله‌ و شایه‌نی خزمه‌تی زیاتره‌".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ تاچه‌ند ویژدانی‌ مورتاحه‌ به‌رامبه‌ر به‌خوا و خه‌ڵك له‌ماوه‌ی‌ ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك وه‌زیری‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وتی "ئێمه‌ تموحی زیاترمان هه‌بووه‌ تاوه‌كو جێبه‌جێی بكه‌ین، به‌ڵام به‌هۆی‌ قه‌یرانی داراییه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ ته‌واوی‌ ئه‌وكارانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین كه‌ هه‌وڵمان بۆ داوه‌، به‌ڵام من ویژدانم ئاسوده‌یه‌ چونكه‌ من به‌رده‌وام ده‌رگام كراوه‌ بووه‌ و هه‌وڵمانداوه‌ تاوه‌كو به‌وپه‌ڕی تواناوه خزمه‌ت بكه‌م، سه‌ره‌ڕای بوونی قه‌یرانی دارایی".

سه‌باره‌ت به‌ شه‌قامی كۆیه‌ - سلێمانی و سلێمانی‌ - هه‌ولێر، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وتی رێگای‌ هه‌ولێر - كۆیه‌، به‌شێكی درابوو به‌ كۆمپانیایه‌كی رۆمانی، به‌ڵام پێش قه‌یرانی‌ دارایی كۆمپانیاكه‌ ئیفلاسی كرد و كوردستانی جێهێشت و دواتر پرۆژه‌كه‌ درا به‌ كۆمپانیایه‌كی توركی، ئه‌ویش به‌هۆی‌ ململانییه‌ سیاسیه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌ كوردستانی جێهێشت، ئه‌ویش به‌شێكن له‌و رێگرییانه‌ی‌ هاتوونه‌ته‌ به‌رده‌ممان.

وتیشی، "ده‌ستمان به‌ كاركردن كردووه‌ بۆ دووسایدكردنی رێگای‌ نێوان سلێمانی‌ - هه‌ولێر ، به‌ڵام ئێمه‌ ناتوانین بڵێین له‌م كاته‌دا ته‌واو ده‌بێت، له‌ ئێستادا سه‌رقاڵی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی رێگا كۆنه‌كه‌ین كه‌ تاوه‌كو 5 ساڵی تر لانیكه‌م پێویستی به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ نه‌بێت".

ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول راشیگه‌یاند، ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ من وه‌زیر بوومه‌، زیاتر له‌ 90 ملیۆن دۆلارمان له‌ سنوری‌ سه‌وز خه‌رجكردووه‌، رێگای‌ مه‌رزی كێڵیمان دروستكردووه‌ كه‌ مانگانه‌ 2 ملیۆن دۆلار داهاتی بۆ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌.

تەواوی بەرنامەکە ببینە