شادی و خەبات و هەڵە

151 جار خوێندراوەتەوە کات03:38 بەروار24-05-2019
شادی و خەبات و هەڵە
 
راچڵەكین

 

 
ئایا تا ئێستا قەت پرسیوتانە كە بۆچی مرۆڤەكان كە تەمەنیان دەچێتە سەرەوە ئیتر شادی و خۆشی ژیان لە دەست دەدەن؟ لە كاتێكدا زۆربەی ئێوەی گەنجان لە ئێستادا شاد و خۆشحاڵن. ئێوە هەرچەند تووشی هەندێ گیر و گرفت و كێشەی بچووكی وەك نیگەرانی لەبارەی تاقیكردنەوە یان شتی تری سادەتر لەوەش دەبن بەڵام هێشتا هەر شادی و خۆشییەكتان هەر هەیە ئایا وا نییە؟
 
ئێوە زۆر بەسادەیی و ساكاری ئەم ژیانەتان قبوڵ كردووە و بە خۆشی سەیری ژیان دەكەن ئەدی بۆچی كاتێك تەمەنتان دەچێتە سەرێ  ئیتر ئەو خۆشی و شادییە لە دەست دەدەن؟ ئەدی بۆچی ئێمە وردە وردە پاش ئەوەی كەباڵق بووین ئیتر سەبارەت بە هەموو شتێك لەوانە شادی و خۆشی و جوانی و زەمین و ئاسمان دڵسارد دەبین و زۆر گوێی پێنادەین. دەزانن كاتێك كەسێك ئەو پرسیارە لەخۆی بكات كۆمەڵێك وەڵام و شیكردنەوەی سەیر و سەمەر لە مێشك و زەینی دا گەڵاڵە دەبێ و چەندین وەڵامی وەك ، هەوڵدەدەین خۆمان بین و لەسەر پێی خۆمان راوەستین ، دەمانەوێت خۆمان بین و ببین بە كەسێك ، ببین بە خاوەن پلە و پایەیەك ، ببین بە خاوەن منداڵ و بەرپرسیارێتی ژیانی خۆمان لە ئەستۆ بگرین. هەر ئەو شتانە دەبنە هۆی قورسایی لەسەر شانمان و لە ئەنجامدا شادی و خۆشی ژیان لە دەست دەدەین. كاتێك سەیری روخساری گەورەكان دەكەین دەبینین دەموچاوی زۆربەی ئەوان غەمگین و بێتاقەت و خەفەتاوی و زۆرجار نەخۆش و گۆشەگیر و لە هەندێ كاتیش دا توڕە و قەڵس. هەندێكیان بزە هەر نایەتە سەر لێویان . ئایا تا ئێستا لە خۆتت پرسیوە بۆ؟ ئەگەر پرسیاریشت كردبێت زۆرجار قەناعەتت بە وەڵامەكان كردووە ؟
 
هەر یەك لە ئیمە دەمانتوانی كێشەكان چارەسەربكەین، پێم وایە دەمانتوانی لێو بە بزە و پێكەنین بە بێ ئەوەی هەوڵیش بدەین بژین و ژیان ببەینە سەر،دەمانتوانی لەكاتێكدا كە بزە لەسەر لێومانە بە شادی و خۆشی بژین.
بە باوەڕی من هەموو ئەو هەوڵ و تەقلای ئێمە بۆ هەموو ساتەكانی ژیان تەرخانی دەكەین لە ڕاستیدا ئێمە لەناو دەبات. ئەگەر ئێمە سەیری دەورووبەری خۆمان بكەین دەبینین كە ژیان بۆ ئێمە بریتیە لە كۆمەڵێك خەبات و بەربەرەكانین لەگەڵ خۆمان، لەگەڵ ژن لەگەڵ مێرد، لەگەڵ دراوسێ لەگەڵ كۆمەڵگا ، ئەمە دژایەتی و كێشەنانەوە و بەربەرەكانیە هەموو وزە و تاقەت و توانایەك لەناو دەبات. كەسێك كە لە لە ڕاستیدا شاد و بە كەیف و خۆشحاڵە قەت خۆی تووشی ئەو جۆرە لە هەوڵدانە ناكات. هەوڵنەدان بەو مانایە نییە كە ئێوە گەمژە و نەزان و بێ عەقڵ بن، بەڵكو بە پێچەوانەوە كەسانی عاقڵ و ژیر و زیرەك و خاوەنی بیرو هۆش لە ڕاستیدا سەربەست و ئازادن لەوەها هەوڵدان و خەبات و بەربەرەكانییەك. 
 
بەڵام كاتێك لەبارەی نەبوونی هەوڵدان قسە دەكەین و دەدوێین هەموومان دەبینین كە دەمانەوێت بارودۆخێك بێتە ئاراوە كە لەو دا هیچ جۆرە كێشە و ئاژاوە و شەڕ و فەرتەنەیەك نەیەدی دی هەتا ئێمە بتوانین ئامانج و مەبەستەكانی خۆمان دیاری بكەین و خەباتی بۆ بكەین بۆ ئەوەی بە دەستی بهێنین. لەو كاتانەی داكە ئێمە سەرقاڵی ئەو كارانەنین خۆشی وشادی ژیان لە دەست دەدەین. دووبارە دەست دەكەینەوە بە هەوڵدان و خەبات. ئامانجەكانی خەبات زۆر جیاوازە. هەموو خەباتەكان یەكسانن . یەكێك بۆ خواخەبات دەكات، یەكێك بۆ چاكسازی و گۆڕان خەبات دەكات، یەكێكی تر هەوڵدەدات پەیوەندی نێوان خۆی و هاوسەرەكەی باشتر بكات، یەكێكی تر هەوڵدەدات لەگەڵ هاوسێ و دراوسێكەی باشتر بێت. هەموو ئەمانە خەبات و تێكۆشانە. كەواتە ئەوەی كە گرنگە مەوزوعی خەباتەكە نییە بەڵكو تێگەیشتن لە خودی خەباتەكەیە. 
 
ئایا ئەگەری ئەوە هەیە كە زەین و مێشك ئاگا بن و تێبگەن كە نەك تەنها بۆ ساتێك خەبات نەكەن بەڵكو بە تەواوەتی خۆیان لە خەبات رزگار بكەن، لەوەها كاتێكدا هەلومەرجێكی خۆش دێتە ئاراوە كە لەودا ئیتر كەس هەست بە كەم بوون یان بەرزبوون لە كەسێكی تر ناكات( كەس خۆی بە بچووك یان گەورە نازانیت) .
 
كێشەی ئێمە ئەوەیە كە زەین و مێشك هەست بە سووكبوون و نزم بوون و هیچ نەبوون دەكات، هەربۆیە هەوڵدەدات كە ببێت بە شتێك یان بەردێك لە سەر ویست و داخوازییە دژبە یەكەكانی خۆی دانێت . وەرەن لەبارەی ئەوەی كە بۆچی زەین لێوانلێو لە خەباتە قسە نەكەین چونكە هە مرۆڤێكی خاوەن بیرو هزر دەزانێت بۆچی لە ناخی و دەرەوەی خۆیدا خەبات دەكات . تەماح و ئیرەیی و حەسودی و پاوانخوازی و هەموو ئەو مونافسانەی كە توندوتیژی لێدەكەوێتە هەموویان هۆكارێكن بۆ ئەوەی ئێمە لەم جیهانەدا خەبات و تێكۆشان و هەوڵ و تەقەلا بدەین. 
 
كەواتە بۆ تێگەیشتن و پەی بردن بە هۆكاری سەرەكی خەبات و تێكۆشانی مرۆڤ ، پێویست ناكات مرۆڤ دەست بكات بە خوێندنەوەی كتێبەكانی دەروونناسی و دەروونزانی ، بەڵكو ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە كە بزانین ئایا زەین و مێشك دەتوانن بە تەواوەتی لەدەست خەبات و تێكۆشان رزگارییان بێت؟
 
كاتێك ئێمە خەبات دەكەین، شەڕێك لە نێوان ئەوەی كە ئێمە هەین لەگەڵ ئەوەی كە دەبێ ببین یان دەبێ چۆن بین دێتە ئاراوە. ئایا مرۆڤ دەتوانێت بە بێ ئەوەی كەخەبات و تێكۆشان شی بكاتەوە هەست بە هەموو قۆناغەكانی بكات بە شێوەیەك كە كۆتایی بەو خەباتە بهێنێت. ئایا زەین دەتوانێت ببێت بە  بەلەم و كەشتییەك كە " با" بخاتە جولە و بڕوات. 
لە ڕاستیدا یەكەم هەنگاو بۆ پێكهێنان و دروست كردنی وەها حاڵەتێك خۆی قۆناغێكە لە خەبات، سەرئەنجام هەرگیز وەها حاڵەتێك دروست نابێت و نایەتە دی. 
 
ئەگەر ئێوە سات بە سات و كات بە كات سەیركەن كە زەین چۆن خۆی سەرقاڵی خەباتێكی بێ كۆتایی كردووە – تەنها سەیری حەقیقەتەكەی بكەن بە بێ ئەوەی هەوڵ بۆ گۆڕینی بدەن-  دەكەونە قۆناغێك كەهەست بە ئارامییەك دەكەن و بۆتان دەردەكەوێت كە زەین چۆن لە خۆیەوە دەستی لە خەبات و تێكۆشان هەڵگرتووە ، لەو قۆناغەدا زۆر شت فێردەبن. لێرەدا دەردەكەوێت كە فێربوون تەنها قۆناغێك نییە لە كۆكردنەوەی زانیاری بەڵكو دۆزینەوەی خەزێنەیەكی بێوێنە لە دەرەوەی سنووری زەینەوە. زەینێك ئەو خەزێنەیە بدۆزێتەوە هەست بە شادی و خۆشییەكی زۆر دەكات.
ئەگەر سەیری خۆتان بكەن بۆتان دەردەكەوێت كە چۆن لە بەیانییەوە هەتا شەوێ خەریكی خەبات و تێكۆشانن و چۆن توانا و تاقەت و وزەی خۆتان بە هەدەر و فیڕۆ دەدەن. ئەگەر شی بكەنەوە بۆچی خەبات و تێكۆشان دەكەن شیرازەی كارتان لە دەست دەچێت و درێژە بە خەباتتان دەدەن. ئەگەر بە ئارامی سەیری زەین و مێشكی خۆتان بدەن و ئیجازە بە زەینی خۆتان بدەن كەئاگاداری خەبات و تێكۆشانی خۆی بێت لە زووترین كاتدا بۆتان دەردەكەوێت كە خەباتیك و تێكۆشانێك لەئارادا نییە، بەڵكو تەنها بینین و دیتنە. لە وەها حاڵەتێكدا هیچ هەستێكی مەزن بوون یا سووك بوون لە ئارادا نییە ، مرۆڤی مەزن یان مرۆڤی بچووك بوونی نییە. سەركردە و بن كردە بوونی نییە، هەموو ئەو شتە بێسوود و بی بایەخانە لەناو دەچن ، چونكە زەین بێدار و وشیارە و زەینی وشیار و بێدار زۆر شادمان و خۆشحاڵە.
 
پرسیار- من دەمەوێت كارێك ئەنجام بدەم و زۆرجاریش هەوڵم داوە بەڵام سەركەوتوو نەبووم ، ئایا سوور بن لەسەر هەوڵەكانی خۆم یان واز بێهنم ؟
 
كریشنا مۆرتی: سەركەوتن یانی گەیشتن ، گەیشتن بە شوێنێك و جێگایەك .
هەركاتێك كە سەركەوتنێك بە دەست دەهێنی هەمیشە شتی تریش هەیە كە دەتەوێت پێی بگەییت و بە دەستی بهێنی. تا ئەو كاتەی كە بۆ گەیشتن بە شتێك دەتوانی هەوڵ بدەی پێویست ناكات كە شەڕ بكەی . تەنانەت كە ئەگەر بە دەستیشت گەیشت هێشتا هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی ناكەی چونكە شتی ترت دەوێت و حەز دەكەیت بەرەو پێشتر بچی و ببێتە خاوەنی شتی زیاتر. گەڕان بە دوای سەركەوتن یانی ئەوەی كە تۆ شتی زیاترت دەوێت و بە نیازی ئەوەی ببی بە خاوەنی شتی زۆرتر ، زەینێك كە خوازی شتی زیاتر بێت و زێدەخواز بێت قەت زەینێكی وشیار نییە. چونكە زێدەخوازی و زیادویستن پێویستی بە خەباتی بێوچان لەچوارچێوی مۆدێلێك كە كۆمەڵگا بۆت دیاری دەكات. 
 
ڕازی بوون یان ڕازی نەبوون چییە؟ ناڕازی بوون یانی هەوڵدان بۆ بەدەست هێنانی زیاتر ، ڕازی بوون یانی ڕاگرتنی هەوڵەكان و خەبات ، یانی ڕازییە لەوەی كە بەدەستی هێناوە. تۆ ناتوانی بە بێ بوونی قۆناغەكان ڕازی بیت چونكە زەین خوازیاری شتی زیاترە. بۆ نموونە، ئەگەر تۆ لە تاقیكردنەوەكاندا دەرنەچی دەبێ دووبارە بەشداری تاقیكردنەوەكان بكەی ، بەهەرحاڵ تاقیكردنەوەكان پێوەرێكی باش نییە ، چونكە دەرخەری راستەقینەی زانست و زانیاری تۆ نییە، دەرچوون لە تاقیكردنەوەكان زیاتر گەمەیەكی تەركیزی و زەینی تۆیە یان ڕەنگە چانس و شانسێك بێت، بەڵام تۆ هەوڵ دەدەیت لە تاقیكردنەوەكاندا سەركەوتوو بی و ئەگەر نەبی دیسان سەرلەنوێ دەبێ بەشداری تاقیكردنەوەكان بكەی.ژیانیش بۆ زۆربەی  هەرە زۆری ئێمەمانان وایە. ئێمە بۆ بە دەست هێنانی شتێك خەبات و تێكۆشان دەكەین و بەردەوامیشین و هەقوایە بپرسین ئایا ئەو شتەكەی كە خەباتی بۆ دەكەین و بەردەوام لە هەوڵی بەدەستهێنانیداین ئایا بەها و نرخی ئەوەی هەیە كە خەباتی بۆ بكەین؟ نا.. نا هەرگیز ئەو پرسیارەمان لە خۆمان نەكردووە و هەر بۆیەشە نەمانتوانیوە پەی بەوەش ببەین كە ئایا بایەخی هەیە یان نا و لە ئەنجامدا لەبەرامبەر بیروبۆچوونەكانی دایك و باب یان مامۆستایان و كۆمەڵگا بەرگرییمان لە خۆمان نەكردووە .
 
ئێمە لە هەڵەكردن سەرنەكەوتن و هەرەس هێنان و شكستخواردن لە تاقیكردنەوەكان وتەنانەت لە ژیانیشدا دەترسین. هەڵەكردن زۆر ترسناكە بە لامانەوە چونكە پێمانوایە دەكەوینە بەر ڕەخنە و خەڵكی سەرزەنشت ولۆمەمان دەكەن. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە كە بۆ نابێت هەڵە بكەین؟ ئایا لە جیهان هیچ كەس هەڵە ناكات؟ ئایا ئەگەر تۆ هەڵە نەكەیت بی سەرە و بەرەی ئەم جیهان بەو هەڵەنەكردنەی تۆ چارەسەر دەكرێت؟ 
 
ئەگەر تۆ بترسی لەوەی كە هەڵە دەكەی قەت هیچ شتێك فێر نابیت. گەورەكان بەردەوام لە هەڵەكردن دان بەڵام نایانەوێت كە تۆ هەڵە بكەیت و هەر ئەوەش وادەكات كە هێز و توانای داهێنان و خوڵقاندن لە تۆدا دەكوژن. دەزانی بۆ؟ چونكە ئەوان دەترسن لەوەی كە تۆ لە رێگای پرسیار و وەڵام و هەرەوەها ئەزموون  پەی بەو زۆر شت ببەی كە دواتر گوێڕایەلی دایك و باب و كۆمەڵگا و داب  و نەریتەكان  نەبیت و لەبەرامبەریاندا بوەستیتەوە و ملكەچیان نەبی و پەی بە هەڵەكانی ئەوان ببەیت . هەربۆیە ناچارت دەكەن كە بە دوای سەركەوتندا بكەویت ، دواتر بۆت دەردەكەوێت كە سەركەوتن هەمیشە جێی ڕێزە و بە چاوی ڕێزەوە سەیر دەكرێت .
كەواتە ئێمە هەمیشە بیر لە سەركەوتن و زێدەخوازی دەكەینەوە. زیاتر ویستن لە لایەن كۆمەڵگاوە ڕێزی لێدەگیرێت و هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت. بە واتایەكی تر كۆمەڵگا زۆر بە وردی و بە پێی میتۆدێكی تایبەت، سەركەوتن و شكست و هەرەسهێنان بۆ تۆ پێناسە دەكات . ئەگەر حەزت لە كار بوو بە دڵ و بە گیان ئەنجامی دەدەی و بیر لە شكست و سەركەوتن ناكەیتەوە.
 
مرۆڤی وشیار وانییە بەداخەوە مرۆڤی وشیار زۆر كەم و دەگمەنە. هیچ كەسێك نییە لەوبارەیەوە لەگەڵ تۆ قسە بكات. هەموو نیگەرانییەكانی مرۆڤی وشیار ئەوەیە كە حەقیقەتەكان ببینێت و كێشەكان بزانێت و تێبگات كە بیركردنەوە لەبارەی شكست یان سەركەوتن نییە. كاتێك ئێمە بە ڕاستی حەزمان لە ئەنجامی كارێك نییە بیر لەو مەسەلانە دەكەینەوە.
 
پرسیار: بۆچی ئێمە خۆویستین؟ ڕەنگە هەموو هەوڵەكانمان بخەینە گەڕ بۆئەوەی لە هەڵسوكەوتماندا وا نیشان نەدەین كە كەسێكی خۆویستین بەڵام هەر كاتێك قازانج و بەرژەوەندی تایبەتی خۆمان هاتە ئاراوە سەبارەت بە بەرژەوەندی گشتی و كەسانی تر خوێنسارد دەبین و گوێی پێ نادەین؟
 
كریشنامۆرتی- پێم باشە كەسەكان بە خۆویست و خۆنەویست دابەش نەكەین چونكە وشەكان كاریگەرییەكی زۆر لەسەر مێشك و زەین دادەنێن. ئەگەربە كەسێك بوترێت خۆویست ئەوە ئەوتان مەحكوم كردووە بەڵام ئەگەر پێی بڵێ مامۆستا ، ئەوا پەیوەندی نێوان تۆ و ئەو دەگۆڕدرێت . ئەگەر پێی بڵێی مەهاتما ئەوا دەستبەجێ دەورووبەری ڕووناك و پرشنگدار دەبێت. سەیری پەرچەكردارەكانی خۆت بكە، دەبینی كە وشەكانی وەك " دادوەر" ، "بازرگان"، "سەرۆكی شارەوانی"، "خزمەتكار"، "عەشق"، "خوا"، كاریگەرییەكی زۆر سەیر لە سەر زەین و مێشكی تۆ دادەنێن. وشەیەك كە دەلالەت لەسەرحاڵەتێكی تایبەت دەكات هەر ئەو هەستەش دروست دەكات ، كەواتە وەرن خۆمان لە قەید و بەندی دەربڕینی ئیحساساتی تایبەت بە وشەی تایبەت ڕزگار بكەین. 
زەینی تۆ وا ڕاهاتووە كە دەستەواژەی خۆویست شتێكی خراپ و نامەعنەوییە، هەركاتێك تۆ ئەو وشەیە بۆ كەسێك بەكاردەهێنی لە ڕاستیدا زەینی تۆ ئەو كەسە مەحكوم دەكات ، هەر بۆیە هەركاتێك ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ كە بۆ چی ئێمە خۆویستین ؟ لە ڕاستیدا خودی پرسیارەكە پرسیارێكی نابەجێیە چونكە خود پرسیارەكە مرۆڤ مەحكوم دەكات و پرسیارەكە مەحكومكەرە.
گرنگ ئەوەیە كە ئێوە ئاگادار بن كە هەندێك لە وشەكان لە كاتی توڕٍە بووندا قەبوڵی بكەن یا ڕەتیدەبكەونەوە. بۆ نموونە، كاتێك بە خۆت دەڵێ حەسود دەستبەجێ لە زەینتدا رێگای هەموو پرسیارێك دەگریت و دادەخەیت و رێگا نادەی كە نفوز بكرێتەسەر مەسەلەی حەسودی .
كەسانێك هەن كە بەردەوام باس لەوە دەكەن كە هەموو هەوڵەكانیان لە پێناو برایەتی دایە كەچی هەموو كارەكانیشیان بە پێچەوانەی برایەتییە و خۆشیان ئاگایان نییە كە كارەكانیان دژی برایەتییە، چونكە وشەی برایەتی لای ئەوان چەمك و مەفهۆمێكی تری هەیە و لە ئێستاداش لەسەر ئەو چەمك و مەفهومە بەردەوامن و هیچ پرسیارێكیش لەوبارەیەوە ناكەن و هەرگیز گرنگی بە حەقیقەتی وشەكان نادەن.
 
ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە ئەوەیە كە ئایا دەكرێت بە بێ بەكارهێنانی وشەی ڕەخنە ئامێز یان وشەی هاندەر سەیری حەقیقەت بكرێت؟ ئەگەربتوانین بە بێ ئیحساسی رەخنە ئامێز یان هەست هاندەری سەیری حەقیقەت بكەین بۆمان دەردەكەوێت كە هەر لە سەرەتاوە هەموو ئەوشتانەی كە لە مێشك و زەینی ئێمە بونەتە رێگر لەنێوان ئێمە و حەقیقەتدا لە ناودەچێت.
كریشنامۆرتی 
 
وەرگێڕ لە فارسییەوە/ جەواد حەیدەری
سەرچاوە/ كتێبی فرهنگ اموختن و عشق ورزیدن