ئەمریكا: سوپای پاسداران بەرپرسی ئەو هێرشانەیە كە كرانە سەر كەشتییە نەوت هەڵگرەكان لە بەندەری فەجیرە

216 جار خوێندراوەتەوە کات10:33 بەروار24-05-2019
ئەمریكا: سوپای پاسداران بەرپرسی ئەو هێرشانەیە كە كرانە سەر كەشتییە نەوت هەڵگرەكان لە بەندەری فەجیرە
راچڵەكین-

سوپای ئەمریكا رایدەگەیەنێت، سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی ئەو هێرشانەی دەكەوێتە ئەستۆ كە كرانە سەر كەشتییە نەوت هەڵگرەكان لە بەندەری فەجیرەی ئیمارات.

رۆژی 12ی ئەم مانگە لە كەنداو هێرشێكی چەكداریی كرایە سەر چوار كەشتی نەوت، دوو كەشتی سعودی و كەشتییەكی ئیماراتی و كەشتییەكی نەرویجی، بەڵام هیچ لایەنێك بەرپرسیارییەتی هێرشەكەی نەگرتە ئەستۆ.

مایكڵ گیلدەی، جێگری ئەدمیراڵ لە پێنتاگۆن رایگەیاندووە "ئەمریكا بەڕادەیەكی زۆر دڵنیاییە لەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسە لە هێرشكردنە سەر چوار كەشتی نەوت لە كەنداو، ئەو هێرشەشی بەیەكێك لەو هۆكارانە ئەژمار كرد كە وای لەوڵاتەكەی كردووە هێزی نوێ لەناوچەكە بڵاوبكاتەوە.

ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەكردووە بڕیاری ناردنی هەزار و 500 سەربازی ئەمریكی دیكە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وادەكات باشتر چاودێری ئێران و گرووپە نزیكەكانی بكرێت.

ئەمڕۆ هەیینی، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ڕەزامەندی نیشاندا بەڕەوانەكردنی هەزارو 500 سەرباز بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.