ڕاسته‌ له‌ مۆڵه‌كانی كوردستان هەلی کار زیاتر بۆ كچان به‌رده‌سته‌ ؟

228 جار خوێندراوەتەوە کات11:09 بەروار26-05-2019
ڕاسته‌ له‌ مۆڵه‌كانی كوردستان هەلی کار زیاتر بۆ كچان به‌رده‌سته‌ ؟

ڕاچڵەکین- پەیام حازم

زۆر کات دەوترێت کچان زیاتر هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێت وەک لە پیاوان، کوڕێک دەڵێت "لەڕوکەشدا بەڵی بەو جۆرەیە بەڵام لە ڕاستیدا شتێکی ترە". سۆنیا یەکێکە لەو کچانەی کە کار دەکات و، دەڵێت "کچان لە لایەن خاوەنکارو سەردانکەرانیشەوە توشی گێچەڵ دەبنەوە"

سۆنیا هیوا، یەکێکە لەو کچانەی لە یەکێک لە مۆڵەکان کاردەکات و دەڵێت "هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین ئەوەندەی دەرفەتی کار بۆ کچان زۆرە بۆ کوڕان نییە، چونکە خاوەنکارەکان زیاتر کچ وەردەگرن و لە ناویشیاندا کچانی شیک پۆش، ئامانج لێیان سەرنج ڕاکێشانی كڕیاره‌، خاوەنکاریش دەزانێت گەر کەسێک ئامانجی کڕینی کاڵاش نەبێت بە هۆی ئەوەی کچ کارەکە بەڕێوە دەبات سەردانی جێگاکەی دەکەن و کاڵاکانی ساغ دەبێتەوە"

سۆنیا وتیشی "من خوێندکاری شانۆم ئارەزووم بوو لە بواری خۆم کارم هەبێت بەڵام لەبەر ئەوەی هەندێک مەرجم قبوڵ نییە لەئێستادا لە یەکێک لە مۆڵەکان کار دەکەم، لەڕاستیدا بەداخم بەکارهێنانی کچان زۆرە بە ناوی کارەوە، زۆر کات ڕوبەڕوی ئەوە بومەتەوە بە من وتراوە تۆ کچی بۆیە کارت هەیە، بەڵام هەر پیاوانن ئەم قسەمان ڕوبەڕو دەکەنەوە هەر پیاویشە لە کار وەرمان دەگرن"

سۆنیا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "زۆر کات خاوەنکار هەبوە بە ناوی موچەی زۆرەوە ویستویەتی لێم نزیک بێتەوە، ئەمە ڕاستییە، زۆرخاوەنکاربە بیانوی دەرکردن و کەمی موچە خۆیان لە کچان نزیک دەکەنەوە، جگە لەمەش هەندێک جار موشتەری دێت هەوڵی نزیک بوونەوە ئەده‌ن یا قسەی ناشرینمان بەرامبەر دەکەن وادەزانن کە تۆ لێرە ئیشت کرد ئیتر جۆرێکی لەو کچانەی کە ئەوان بیری لێدەکەنەوە یاخود پارە لە بەردەمت دادەنێن، ڕوداوی لەم جۆرە زۆرە بە هیوام بنبڕ بکرێت".
 کوڕانیش بۆ ئەم پرسە قسەی خۆیان و ڕای جیاوازی خۆیان هەیە، ئەحمەد محمد دەڵێت "بە ڕوکەش بەلێ پێمان وایە کچان زیاتر هەلی کاریان هەیە بەلام  لە واقیعدا جۆرێکی ترە، من زیاتر باس لە شوێنە تایبه‌ته‌كان دەکەم نەک كه‌رتی گشتی، بە نمونە لە زۆر كۆمپانیاد وا پێویست دەکات پیاوان زۆرتربن تەنها سکرتێرەکان خانمانن ،ئەمەش خانمان هەلی کاریان کەمترە لە چاو هەلی کار بۆ پیاوان. من له‌كۆمپانیایه‌كی سیکوریتی كارمدەکرد تەنها یەک  خانممان لەگەڵ بوو".

ئەحمەد وتیشی"گەر سەیری مۆڵ و نورینگەکان بکەین زۆربەی خانمان ئەمەش بە ئەندازەی پێویستی بۆ کارەکە بەکارهێنانی خانمان زیاترە، یاخود ئێستا لە کافێکان زیاتر خانمان وەردەگرن بۆ ئەوەی گەنج زیاتر سەردانی ئەو شوێنانە بکەن و لەم جێگانەشدا خانمان بە دور نابن لە گێچەڵ  لە لایەن خاوەنکارو سەردانکەرانیشەوە"..
چاوان یاسین، چالاکوانی مەدەنییە سەبارەت بەم پرسە دەڵێت "دەرفەتی کاربۆخانمان دوو ڕووی هەیە، چەندایەتی و چۆنایەتی بەجۆرێک لەوەیە لەڕووی چەندایەتی چەندەها جۆردەرفەتی کارهەبن بۆ خانمان بەڵام لەڕووی چۆنایەتی و کوالێتی کار گونجاو نەبن بۆ کچان لەبەرئەوە زۆری دەرفەتی کار پێوەر نییە و هەندێ کات ڕێگری خێزانیش هەن، بەڵام سەرەڕایئەوانەش خانمان تاڕادەیەکی باش دەرفەتیان بۆ ڕەخسنێنراوە لەبوارە جیاوازەکانزۆر کات خانمان خۆیان دەرفەتی کاریان بۆ خۆیان ڕەخساندوە بە توانای خۆیان،زۆر خانم هەن سەرقاڵی جۆرەها کارن کە سوودیان لە دەستڕەنگینی و توانای خۆیان بینیوە، پێویستە ژنانیش ببنە خاوەن کاری خۆیان چونکە زۆر شوێن و بوار هەن پەیوەستن بە وەی خانمان تییدا ڕۆڵ ببین".

چاوان وتیشی " استغلال کردنی خانمانیش لە کاردا هەیە، ئەمیش چەند جۆرێکە، جۆرێکیان پەیوەستە بە کرێی کارو کاتژمێری کار کەلەڕاستیدا ئەم جۆرەیان زۆر هەستپێکراوە بەجۆرێک خاوەن کار کرێیەکی کەمی کار دەدات لەبەرامبەر سەعاتێکی زۆری کارکردن،جۆرێکی دیکە کۆمەڵێک مەرج دانانە بۆ وەرگرتنی خانمان کە نەدەبوو وابێتبە نمونە "مەرجی جوانی، باڵای بەرز، سنگی بەرز، قژی درێژو سەرپۆش نەکردن، هتد.." کە ئەمانەش  بۆ چاوتێرکردنی خاوەن کارو سەرنج  ڕاکێشانی کڕیارە، جۆرێکی تری بەکارهێنانی هەندێک خانم دووچاری دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە لەلایەن خاوەن کار و هاوبەشەکانی، کە ئەمە خراپترین جۆرە"
چاوان دەڵێت "من خاوەنی کاری خۆم نیم چونکە وەک خانمێک مەرج و پێوەرو هەڵسەنگاندنی تایبەتی خۆمم هەیە بۆ کارکردن لە شوێنە تایبەتەکان بەتایبەت لەڕووی گونجانی جۆری کارەکە لەگەڵ سروشت و کەسایەتی و تایبەتمەندی خودی خۆم، تاکی ئێمە پێی وایە خانمان ئیشیان زوتر دەستدەکەوێت، ئەگەر بەسلبی لەو بابەتە بڕوانرێت زۆر هەڵەیە، ئەوەکچان خۆیانن دەرفەتە نەگونجاوەکان بە توانای خۆیان دەگونجێنن لەبەرئەوەی ببنە خاوەنی ئابوریسەربەخۆی خۆیان، چونکە تاخاوەنی ئابوری سەربەخۆی خۆمان نەبین ناتوانین ئازاد بین ".