سیستمی پەروەردە و فێرکردن هۆکارە بۆ کەمی خوێنەر

175 جار خوێندراوەتەوە کات04:56 بەروار27-05-2019
سیستمی پەروەردە و فێرکردن هۆکارە بۆ کەمی خوێنەر

ڕاچڵەکین: پەیام حازم

کەمی خوێنەرو پشتگوێ خستنی خوێندنەوە لە ئێستادا زەنگێکی مەترسیدارە بۆسەر کۆمەڵگەی کوردی، دێکان گه‌نجێكی خوێنه‌ره‌ دەڵێت "جیاوازی من بەر لەوەی بخوێنمەوەو دوای ئەوەی بووم بە خوێنەر،ئەوەیە فێر بووم پارێزگاری لە جیاوازی تاکایەتیم بکەم و خۆم بم" کچێکیش کە ناخوێنێتەوە دەڵێت "بۆ بخوێنمەوە ئەوانەی خوێنەرن و هەتا نوسەرەکانیشمان چیان بەدەست هێنا؟".

لیا علی، یەکێکە لەو کچانەی خوێندنەوەی لە ژیانی خۆیدا نەکردوە بە کلتوورو دەڵێت "من تەمەنم ٢٥ساڵە و دەرچووی زانکۆم، تاکو ئێستا جگە لە چەند گۆڤارێک یەک پەرەی کتێبێکی دەرەوەی بابەتی خوێندنم نەخوێندوەتەوە، بۆ بخوێنمەوە ئەوانەی خوێندیان و زانکۆیان تەواو کرد یان ئەوانەی دەخوێننەوەو هەتا نووسەرەکانیشمان چیان بەچی کردوە؟ کوا قەدری خوێندنەوەو کتێب  لە کۆمەڵگەی ئێمە، نووسەرمان هەیە خاوەنی دەیان کتێبە لە کۆمەڵگەدا بە ناشرین سەیر دەکرێت و کرێکاری دەکات".
لیا گوتیشی "من بەتەنها بەرپرس نیم لەوەی کە کەسێکی خوێنەرنیم، سیستەمی پەروەردەو پەروەردەی خێزانی و ناشرین کردنی کتێب لەلامان لە مەنهەجی خوێندن ئەمانەش هۆکارن پاشان کەمتەرخەمی خۆم، بەهیوام ببم بە خوێنەر بەڵام هەستەکەم هیوایەکە نایەتە دی".

دێکان بەکر،  به‌ ووته‌ی خۆی یەکێکە لە خوێنەرە به‌رده‌وامه‌كان، دەربارەی کەمی خوێنەرو هۆکارەکانی بۆ ڕاچڵەکین دەڵێت "گەنجی ئێستا ئەگەر بەڕێژەیی وەریبگرین خەریکی پڕکردنەوەی حەزو ویستەکانیەتی. گرنگیدان بە کۆمەڵێک شتی لاوەکی كه‌ له‌ هه‌ره‌ له‌پێشینه‌یه‌ و بەشێکی ژیانی بۆ تەرخان دەکەن، نەک سود بەڵکو زیانیشی ھەیە و بەرەو ئاقارێکی ترسناکی دەبات وا بیردەکەنەوە کە سودی نییە، چونکە ئێرە هەرێمی قەزاو قەدەرەو سەرەنجام ئەوەی حوکم دەکات نەخوێندەوارە نەک خوێندەوار، خویندنەوەش لە کوردستان ئەمە لێکدانەوەیەتی بۆیە زۆرینەی لێی دوورن و بەشتێکی ناپێویست وبێزارکەری دائەنێن، بەکلتوور نەبونی خوێندنەوەش یەکێکە لە ھۆکارەکان".
 دێکان دەربارەی ڕۆڵی دەزگاکانی چاپ و بڵاو بوونەوە دەڵێت "دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب ھەم کار بۆ زۆری خوێنەر دەکەن، ھەم بازرگانی، لەبەر ئەوەی ھەردووکی پێویست و گرنگە، بەڵام زۆرینەیان بە بەرپرسیارێتیەوە کارەکەیان ناکەن جۆری کتێب و ناوەڕۆک و سودەکەی گرنگە بیری لێ بکرێتەوە یان شێوازی چاپەکە زۆر گرنگە چونکە خوێنەر ناتوانێت کتێب بە چاپێکی خراپ یان وەرگیڕانێکی خراپ بخوێنێتەوە، بۆیە پێم وایە دەبێت ناوەندەکانی چاپ بە بەر پرسیارییەوە کتێب چاپبکەن نەک تەنها ڕووە بازرگانیەکەی ببینن".

ئەم خوێنەرە گوتیشی "بەپێی ڕێژەی سەردانی کەران بێت بۆ کتێبخانەکان ھەمووان خوێنەرو ڕۆشنبیرن، بەڵام زۆر بەداخەوە لە کتێبخانەکان باسی ھەموو شتێک ئەکەن تەنھا کتێب نەبێت. بەتایبەت کۆمەڵیک گروپ دروست بوون  بۆ بە کلتورکردنی خوێندنەوە بەڵام تەنها بۆ خۆ نواندن و تۆرەکۆمەڵایەتیەکانە، گرفتەکە ئەوەیە ھەر لە بابەتی شاجوانەکانەوە ھەتا ئەم گروپ و کۆمەڵانەی بەناوی ڕۆشنبیری دروست کراون ھەموویان پڕۆژەو چالاکیان ھەیە بۆ کۆمەڵگەو ھیچیشمان لێیان نەدی،  چونکە ڕۆژی ناوبانگ پەیداکردنە. ھەر ئیشێک دەکەیت بیکە گرنگ نییە چییە گرنگ ئەوەیە بەناوبانگ بیت، پەنا بردنە بەر كتێب بۆ ڕاكردن لە واقعێكی بۆر و ناشرین، فەرامۆش كردنی واقیع و ھەوڵدان بۆ سنورداركردنی ھەموو ژیان لە چوارچێوەی لاپەڕەی كتێبەكاندا ھەڵەیە ھەڵەیەكی گەورە، گرنگە خوێنەر تێبگات، كتێب ھیچ كاتێك ناتوانێت ئەلتەرناتیڤ بێت بۆ ژیان، كتێب ھەرگیز ناتوانێت شوێنی ژیان بگرێتەوە، بەڵام نەبوونی كتێبیش كارەساتە، كتێب نەبێت بەشێكی گەورەی مێژوویی و فەرھەنگی ئینسان و سەردەمە جیاوازەكان لەناو دەچن، لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدازۆر جار تەنھا كتێب  نیشتمان و ڕزگاركەرە".

دێکان بەکر بۆ ڕۆڵی سۆشیال میدیا لەسەر کەم بوونەوەی خوێنەر دەڵێت "لە دیدی خۆمەوە سۆشیاڵ میدیا بە یەکێک لە ھۆکارە باشەکانی دەزانم بۆ نزیک بونەوە لە خوێندنەوە و بوون بە خوێنەر، ھەر چەند بڕوام بەوە ھەیە کتێب دەبێ تەنھا لە ماڵ و کتێبخانە بێ بەڵام ئێستا کتێبی ئەلیکترۆنئ ھەیە دەتوانی لێرەوە بەردەوام بی، بەڵام لە ئێستادا زۆرینەی کاتەکانمان بۆ بابەتی نا پێویستە لە سۆشیاڵ میدیا، جیاوازی من بەر لەوەی بخوێنمەوەو دوای ئەوەی بووم بە خوێنەرزۆر بەکورتی فێر بووم پارێزگاری لە جیاوازی تاکایەتیم بکەم و خۆم بم".