به‌ر له‌ كڕینی جلی جه‌ژن.. بۆمبێك كۆتایی به‌ عه‌شقی دایك و كچێكی تاقانه‌ هێنا

1658 جار خوێندراوەتەوە کات11:38 بەروار31-05-2019
به‌ر له‌ كڕینی جلی جه‌ژن.. بۆمبێك كۆتایی به‌ عه‌شقی دایك و كچێكی تاقانه‌ هێنا
راچڵه‌كین

ئیپه‌ك چه‌ند خوله‌كێك بوو چووبوه‌ ناو دوكانه‌كه‌وه‌، به‌رله‌وه‌ی بگاته‌ به‌شی منداڵان و جلی جه‌ژن بۆ كچه‌ تاقانه‌كه‌ی هه‌ڵبژێرێت، ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێك ھەموانی به‌ره‌و ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ برد.

له‌وكاته‌دا، باوكی ئیپه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی دوكانه‌كه‌وه‌، به‌ده‌نگی به‌رز هاواری لێكردن "زیاتر دوربكه‌نه‌وه‌ زیاتر دوربکەونەوە".

هێشتا خه‌ڵك له‌ شڵه‌ژانی ته‌قینه‌وه‌كه‌دا بوو، به‌ دووری تەنیا 150 مه‌تر له‌و دوكانه‌وه‌‌، بۆمبێكی تر رێك له‌به‌رده‌م ئیپه‌ك و كچه‌ تاقانه‌كه‌یدا ته‌قییه‌وه.

"له‌گەڵ تەقینەوەی یەكەم هاتنە دەره‌وەی دوكانەكە و هاوارمكرد بگەڕێنەوە بۆ ماڵ تا توشی تەقینەوەی تر نه‌بن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، له‌به‌رچاوی خۆم بۆمبێكی تر پێیاندا ته‌قییه‌وه‌ و كچه‌كه‌م پارچه‌پارچه‌ بوو" نیزام جاسم، باوكی ئیپه‌ك وای وت.

ئه‌و شه‌وه‌، ئیپه‌ك له‌گه‌ڵ خوشك و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی له‌ شه‌قامی قودسی شاری كه‌ركوك بوون، بۆ كڕینی پێداویستی و جلوبه‌رگی جه‌ژن.
 

دوای به‌ربانگ و شكاندنی رۆژوو، نیزام خۆی چووه‌ به‌ شوێنی كچه‌كه‌یدا تا له‌گه‌ڵ خوشكه‌كانی تریدا بیانبات بۆ بازاڕ و له‌بری كڕینی پێداویستی جه‌ژن، له‌وسه‌ره‌وه‌ به‌ هه‌واڵی ته‌رمێك و چوار برینداره‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌.

له‌ ته‌قینه‌وه‌ی دوه‌می شه‌قامی قودس، جگه‌ له‌ مه‌ركی ئیپه‌ك نیزام، كچه‌ تاقانه‌كه‌یی و چه‌ند كه‌سێكی تر له‌ خێزانه‌كه‌ی برینداربون، كه‌ برینێكی یه‌كێكیان سه‌خته‌ و ئه‌گه‌ری بڕینه‌وه‌ی قاچێكی هه‌یه‌.

"له‌ بارودۆخێكی زۆر خراپدام، نازانم بچمه‌ پرسه‌ی كچه‌كه‌م یان نه‌خۆشخانه‌، جگه‌ له‌ زه‌ینه‌بی كچی ئیپه‌ك، سێ كه‌سی ترمان له‌ نه‌خۆشخانه‌ن"، نیزام له‌پرسه‌ی كچه‌كه‌یدا به‌ كۆڵ ده‌گریا كاتێك بۆ (كه‌ركوك ناو) قسه‌یكرد، وتی "له‌به‌رچاوی خۆم شه‌هید بوو، نه‌متوانی هیچی بۆ بكه‌م، كه‌سیش فریامان نه‌كه‌وت و به‌هۆی زۆری ته‌قینه‌وه‌كانه‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبێلی خۆم گه‌یاندنمن بۆ نه‌خۆشخانه‌ی كه‌ركوكی گشتی".

دوابه‌دوای كاتژمێر 9:30 خوله‌كی شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ 30ی ئایار، پێنج ته‌قینه‌وه‌ له‌ شه‌قامه‌ جیاوازه‌كانی شاری كه‌ركوك رویاندا، به‌هۆیه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی كوژران و برینداربون، له‌ نێویاندا ئیپه‌ك و خێزانه‌كه‌ی.

ئیپه‌ك نیزام، ته‌مه‌نی 25 ساڵ بوو، چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هاوسه‌رگیری كردووه‌ و دایكی تاقه‌ كچێكی ته‌مه‌ن دوو ساڵ و نیوه‌، له‌گه‌ڵ زه‌ینه‌ب-ی كچی دوو عاشق و زۆر هۆگری یه‌كتریی بون، وه‌ك كه‌سوكاریی ده‌گێڕنه‌وه‌.

لوئه‌ی وه‌لی، هاوسه‌ری ئیپه‌ك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بەردەم چاوی لەسەر زەینەب بوو تا كە نەچێتە بەر دەرگا و دورنەكەوێتەوە لێی، بۆ هیچ شوێنێك بەبێ زەینەب نەدەڕۆیشت، بەداخەوە شەهید بوو، چرا و روناكی ماڵه‌كه‌كانی كوژانده‌وه‌".

"ئیپه‌ك تا قۆناغی سه‌ره‌تایی خوێندووه‌، بۆیه‌ له‌ماڵه‌وه‌ بوو، قه‌ت دڵی كه‌سێكی نه‌ره‌نجاندووه‌، نه‌ باوكم، نه‌ دایكم نه‌ كه‌سی خۆی، زۆر میهره‌بان بوو".

له‌ ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌ چێنراوه‌كه‌دا، زه‌ینه‌ب برینداربوو، دره‌نگانی شه‌و له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌ركرا دوای چاره‌سه‌ری پزیشكی، ئه‌و درك به‌ روداوه‌كان ناكات به‌هۆی كه‌می ته‌مه‌نیه‌وه‌.

به‌پێی به‌دواداچونی مه‌یدانی په‌یامنێرانی (كه‌ركوك ناو) له‌ كه‌ركوك و سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كان، ته‌قینه‌وه‌كان له‌ شه‌قامه‌كانی قودس، پارێزگا و رێگای به‌غدا بون، كه‌ به‌هۆی ره‌مه‌زان و جه‌ژنه‌وه‌ بازاڕه‌كان له‌ خه‌ڵك جمه‌ی ده‌هات.

وەلی شەریف، خەزوری ئیپەك، رۆژێك به‌ر له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌، موچه‌ی وه‌رگرتووه‌ و پاره‌ی به‌ بوكه‌كه‌ی داوه‌، تا جلی جه‌ژن بۆ كچه‌ تاقانه‌كه‌ی بكڕێت، "ئه‌و ئێواره‌یه‌ پێكه‌وه‌ رۆژومان شكان، بەیەكەوە دانیشتین و قسه‌ی خۆشمان دەكرد، لەگەڵ زەینەب قسەی بۆ كردین و یاری دەكرد، تا له‌گه‌ڵ باوكی و خوشكه‌كانی چوو بۆ بازاڕ".

" له‌ بازاڕه‌كه‌ به‌ر ته‌قینه‌وه‌ كه‌وتن، بوكه‌كه‌م شه‌هید و كچه‌زاكه‌شم برینداربوو، له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری ئیپه‌ك كه‌ هێشتا له‌ نه‌خۆشخانه‌ن".

له‌ هه‌مان شه‌قامی ته‌قینه‌وه‌كه‌، له‌ قودسی كه‌ركوك، ئه‌مڕۆ پرسه‌ی ئیپه‌ك له‌ حسێنییه‌كدا به‌رێوه‌چوو، دوای به‌خاكسپاردنی ته‌رمه‌كه‌ی.

یەشار قادر، زاوای ماڵی ئیپەك و شایەتحاڵێكی ته‌قینه‌وه‌كان بوو، ئه‌و ده‌ڵێت هیچ ره‌مه‌زانێك نه‌بووه‌ ته‌قینه‌وه‌ له‌ شه‌قامی قودس روونه‌دات، "بۆمبه‌كان زیانی زۆریان هه‌بوو، ئیپه‌ك پارچه‌پارچه‌ بوو، له‌ نه‌خۆشخانهش‌ چه‌ندین برینداری سه‌خت هه‌بوون".

"باوكی ئیپه‌ك چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر جه‌ڵته‌ لێیداوه‌، به‌ڵام كه‌ بارودۆخی كچه‌كه‌ی بینی، ناچار خۆی به‌ ئۆتۆمبێل گه‌یاندیه‌ نه‌خۆشخانه‌" یه‌شار وای وت.

 

ژماره‌ی زۆری جیاواز له‌ باره‌ی قوربانییه‌كانه‌وه‌ بڵاوكرانه‌وه‌، دوایین ئامار تا چه‌ند كاتژمێرێك له‌ رووداوه‌كه‌، به‌پێی داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان سێ كوژراو و زیاتر له‌ 22 برینداربون، به‌ڵام ئاماره‌كانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی جیاواز بون.

كەریم وەلی، بەرێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌هۆی سه‌رجه‌م ته‌قینه‌وه‌كانی شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ی كه‌ركوكه‌وه‌ و پاڵپشت به‌ ئاماره‌كانی هه‌ردوو نه‌خۆشخانه‌ی گشتی و ئازادی، دوو شه‌هید هه‌بون، كه‌ هه‌ردوكیان ژن بون (ئیپه‌ك و حه‌نان)، له‌گه‌ڵ 38 بریندار كه‌ زۆرینه‌ ژن و منداڵن".

هێشتا چه‌ند كه‌سێك له‌ برینداره‌كان له‌ نه‌خۆشخانه‌ ماون، تا چاره‌سه‌ری پێویست وه‌ربگرن، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی دكتۆر كه‌ریم وه‌لی، به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كانیانه‌وه‌یه‌ و له‌ژێر چاودێری وردی پزیشكیدا ماونه‌ته‌وه‌.

دوای تێپه‌ڕبونی 24 كاتژمێر به‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌كاندا، لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاشكرانه‌كراون و تۆمه‌تباران ده‌ستگیرنه‌كراون، هیچ گروپ و رێكخراوێكیش به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆ نه‌گرتووه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌روبه‌ندی روداوه‌كه‌دا لێپرسراوانی ئه‌منی له‌ نێویاندا فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان، وه‌ك كرده‌وه‌ی داعش ناساندی.