ئەرسەلان بایز: تەلەفۆنێكی درەنگوەخت دەرگای كڵومدراوی نێوان یەكێتی و پارتی كردەوە

9149 جار خوێندراوەتەوە کات05:31 بەروار09-06-2019
ئەرسەلان بایز: تەلەفۆنێكی درەنگوەخت دەرگای كڵومدراوی نێوان یەكێتی و پارتی كردەوە
راچڵه‌كین

ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی‌ كوردستان ئاشكرایده‌كات،  تەلەفۆنێكی درەنگوەخت دەرگای كڵومدراوی نێوان یەكێتی و پارتی كردەوە و ده‌شڵێت، ته‌نیا ته‌له‌فۆنێك ساردی و گرژییەكانی زیاتر لە شەش مانگی رابردووی خاوكردەوەو وا خەریكە هاوكێشەكانیش دەگۆڕێ‌.

ئه‌رسه‌لان بایز، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، له‌ وتارێكدا نوسیویه‌تی، "تەنیا تەلەفۆنێك ساردی و گرژییەكانی زیاتر لە شەش مانگی رابردووی خاوكردەوەو وا خەریكە هاوكێشەكانیش دەگۆڕێ‌… تەلەفۆنێك مۆتەكەی سەر سنگی خەوی شەوانی هاووڵاتیانی كوردستانی هەتەرە كرد… تەلەفۆنێك لە ساتەوەختێكی ناسكدا دەرگایەكی كلۆم دراوی نێو دوو حزبی گەورەی كوردستانی ئاوەڵا كرد". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئەگەرچی تەلەفۆنەكە درەنگ وەختە، گەر پێش چەند مانگێك بكرایە، بارودۆخی هەرێمی كوردستان و دڵەڕاوكێی خەڵكیش بەم رۆژەی ئێستا نەدەگەیشت. تەلەفۆنەكە كە لە دوا چركەساتی كێشەیەكی گەورە كرا، بەڵام ئەگەر كاروان رێگایەكی دووریشی بڕی بێت و لە مەبەست دووركەوتبێتەوە، ئەگەر لە نیوەی رێگاش ئاڕاستەی خۆی بەرەو راستەڕێگا بگۆڕێت، قازانجێكی گەورەیە".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی  ده‌شڵێت، توخوا خەڵكینە ئێوەو ویژدانتان، ئێوەو خوای خۆتان، ئەگەر تەلەفۆنێك، نامەیەك، سەردانێك گرێ‌كوێرەكانی نێوان میللەتێكی هاوزمان‌و یەك چارەنووس بكاتەوەو دڵی كۆمەڵانی خەڵكیش ئاسوودە بكات، چۆن دەبێ‌ مرۆڤ سڵی لێبكاتەوە. بەتایبەتی بۆ مرۆڤێكی ناسراو بە (كراوەو زمان پاراوو ئاشتی‌و تەباییخواز)یش. ئاخر چ ڕەوای هەقە براكان لەبەرامبەر یەكتردا هێندە رقئەستوورو بێباك بن. كەچی سەركردەی حزبەكانی كوردستان رۆژانە چەندین تەلەفۆن بۆ ئەملاو ئەولای غەیرە كورد دەكەن، یان نامەیان بۆ دەنێرن، بگرە جار جارە سەردانیشیان دەكەن. با ئەو كەسانە هەندێكیان شۆڤێنی‌و ساڵانی پێشووتر دەستیشیان لەتاوانەكانی كوردستان هەبوو بێت، بەڵام كاتێ‌ دەمانەوێ‌ بۆ خاوكردنەوەی گرژییەكانی نێوان خۆمان تەلەفۆنێ‌ بكەین یان هەندێ‌ نەرمیی بنوێنین، سەد لێكۆڵینەوەو حساب‌و كیتاب دەكەین.

"چی بكەین، خوا؛ ئێمەی بە كورد خەڵق كردووە، بۆیە هەر دەبێ‌ لەگەڵ یەكتر بسازێین‌و گیانی لێبوردەییمان لەبەرامبەر یەكتردا هەبێت. ئەگەر تەبانەبین‌و لەگەڵ یەكتر نەسازێین، دوژمنان بۆمان لە بۆسە دانیشتوون‌و تاهەتایە هەر ژێردەستەو دیل‌و داماوی دەستی ئەم‌و ئەو نەتەوەو حكومەتە سەردەستەكانی ئەمڕۆ دەبین" ئه‌رسه‌لان بایز وای‌ نوسیوه‌.

له‌ كۆتایی نوسینه‌كه‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیدا هاتووه‌ "ئەوەتا حكومەت‌و سەرۆكە بەناو دۆستەكەی عیراق، لەكەلێنی ناكۆكییەكانی یەكێتی‌و پارتی، رۆژانە كەركوك تەعریب دەكات و (سجل الاحوال المدنی) تۆماری باری شارستانی ناوی كەركوك دەگۆڕن‌و عەرەبی دیالەو ناوەڕاستی عیراق هاوردە دەكەن‌و لەسەر كەركوك تۆماریان دەكەن. یەكێتی‌و پارتی-ش كاتێ‌ بەخۆدادێنەوە، تیر لە كەوان دەرچووە. عەرەب بۆتە زۆرینەی كەركوك".