سازانی گەنجەكان

579 جار خوێندراوەتەوە کات02:03 بەروار10-06-2019
سازانی گەنجەكان

*واق وڕماو بەدیار شاشەی تەلەفزیۆنی هۆڵەكەوە دانیشتبوو. چاوەكانی گۆمێكی نەسرەوتی پڕ لە جوڵەی بەردەم شنەی شەماڵێكی فێنك بوون. فرمێسكەكانی لە چەشنی ئاورنگی سەر پەڕەی گوڵە كێویلەكانی بناری كوێستانەكان لەسەر گۆناكانی قەتارەیان بەستبوو. كاتێ منیش پێمنایە هۆڵەكە، حەپەسام، وەخت بوو لە شوێنی خۆم وشك بم. ویستم زار هەڵبێنم‌و قسە بكەم. زمانم لاڵەپەتە نەهاتە گۆ. لەناخەوە ترسێك هەژاندمی.
-تۆ بڵێی شتێ قەومابێ…! مناڵەكانم، براكانم، تووشی گرفتێك بووبن…؟!
لەپڕ ئاوڕم بەلای شاشەی تەلەفزیۆنەكە دایەوە، بینیم (ڤانیا)ی كچم بە جلێكی كوردییەوە سەلارانەو لەخۆی دڵنیا لەسەر تەختی شانۆی زانكۆكەیان دەم بە خەندە دێت‌و دەڕوات‌و بە زمانی ئینگلیزی قسە بۆ قوتابی‌و خوێندكارەكان دەكات. جارە جارەش گوێم لە چەپڵەڕێزان‌و هەلهەلەلێدان دەبوو. دیمەنەكە سەرنجی راكێشام بۆیە چەند چركەیەك چاوم لەسەر شاشەكە قەتیس مابوو. منیش وەكو دایكی؛ بێ ئیرادەی خۆم، دوو فرمێسك لە چاوەكانم هاتنە خوارەوە.
*ساڵی رابردوو ماوەی چەند رۆژێك (ڤانیا)م بە هیلاكی‌و بێ حەوسەلەیی دەبینی، نەشمدەویست هەر لە خۆمەوە بچمە دنیای تایبەتی ئەو و بوخچەی خەیاڵەكانی بكەمەوە، بەڵام هەر چۆنێ بوو رۆژێك لێم پرسی:
-رۆڵە ماوەیەكە شپرزەت دەبینم.. دەتوانم بزانم كێشەت چیە..؟ بەڵكو بتوانم یارمەتیت بدەم.
-باوكە… نیازم وایە خۆم بۆ نوێنەری گشتیی خوێندكاران‌و قوتابیانی زانكۆ هەڵبژێرم… بەڵام ركابەرەكەم پارتی-یەو جارجارە هەڕەشەم بۆ دەنێرێ.
(ڤانیا) لەماوەی چوار ساڵی خوێندنی زانكۆیدا، جیا لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، هیچ كێشەو گرفتێكی خۆی بۆ من باس نەكردووە. بە ئیرادەو توانای خۆی، گرفتەكانی چارەسەردەكرد.
-كچم… ئێمەی سەركردەی حزبەكانی كوردستان، چ لە نێو خودی حزبەكانمان، چ لەنێوان سەركردەی حزبەكان ڕۆژانە لەسەر دەسەڵات‌و پلەو پایەو ئیمتیازات شەڕمانەو رێكناكەوین. چ جای ئێوەی گەنجی خوێنگەرم. داواكارم دەستبەرداری ئەو هەڵبژاردنە بیت‌و سەرئێشەمان بۆ دروستنەكەیت. بەڕاستی تاقەتی شەڕی پارتی-مان نییە.
-باوكە…؟ ئاخر بەشێكی زۆر لەكچ‌و كوڕە پارتی-یەكانیش پشتیوانیم لێدەكەن.
دوای ئەو گفتوگۆیە. تەلەفۆنێكم بۆ (والی)یە خزمەتگوزارو خەمخۆرەكەی شار كردو كێشەكەم بۆ باسكرد.
دوای چەند سەعاتێك وەڵامیدامەوە: زانكۆی كوردستان زانكۆی مامۆستاو تێكڕای قوتابی‌و خوێندكارەكانەو هیچ سیفەتێكی حزبیی نییە… ئەو هەڵبژاردنەش پەیوەندی بەڕێكخراوەكانی قوتابی‌و خوێندكارانەوە نییە… بۆیە با بۆ خۆی ئازادو ئازابێت‌و كێبڕكێكە بباتەوە.
(ڤانیا) بەپشتیوانیی دۆست‌و برادەرە پارتی‌و یەكێتی-یەكانی، هەڵبژاردنەكەی بردەوە، دواتر ركابەرە پارتی-یەكەشی پیرۆزبایی لێكردبوو. واق وڕماوی‌و فرمێسكەكانی دایكیشی بەدیار تەلەفزیۆنەكەوە، لەخۆشیی گوێگرتنی وتاری سەركەوتنی (ڤانیا) بوو.
*ئەو منداڵانەی ئێمە، ئەو گەنجە خوێنگەرمانە، هێشتا ئەزموونێكی ئەوتۆی ژیان‌و رووداوەكانیان نەبینیوە، لەقاوغی رۆژانەی ململانێی نێوان یەكێتی‌و پارتی‌و حزبەكان گەورە بوون، كەچی بۆ خۆیان لەزانكۆدا باخچەیەكی خنجیلانەیان دروستكردووەو بەشێوەیەكی دیموكراتیانە بەیەكەوە دەژین. ئێمەش بەو هەموو تەمەن‌و ئەزموونە تراجیدییەوە ناتوانین وەكو پێویست هەرێمێكی شارستانی‌و دیموكرات دروستبكەین‌و بەیەكەوە بژین‌و بسازێین.