یەكێتی ‌و كۆنگرە

423 جار خوێندراوەتەوە کات02:04 بەروار10-06-2019
یەكێتی ‌و كۆنگرە

لە 44 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیدا، لەپاڵ پەیامە پیرۆزباییەكان زۆرترین بابەتی گفتوگۆ‌و جێ هەڵوەستە لەسەركردن پرسی ئەنجامدانی كۆنگرەی یەكێتی بوو. ‎پێموانییە لەئێستادا كەسێك هەبێ لەناو یەكێتی دژی سازدانی كۆنگرە بێ یان لەگەڵ ئەنجامنەدانی بێ، بەڵام پرسیاری جەوهەری ئەوەیە چ كۆنگرەیەك‌و چۆن كۆنگرەیەك!؟ ‎بەر لە هەر شتێك پێویستە ئەو ڕاستیە بیر خۆمان بێنینەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە تەمەنی پڕ سەروەری‌و دەستكەوتی خۆیدا‌و لەساتی هەبوونی سەرۆك مام جەلال-ی رابەردا، تەنها 3 كۆنگرەی گشتی ئەنجامداوە، كۆنگرەی یەكەم لەساڵی 1992‌و كۆنگرەی دووەم لەساڵی 2001‌و كۆنگرەی سێیەم لەساڵی 2010، كەواتە یەكێتی لەسەرەتاوە لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا كۆنگرەی ئەنجام نەداوە، كە ئەمە خاڵێكی جێ پرسیارە، بێگومانم لەوەی بەشێك لەو هۆكارانەی دواكەوتنی كۆنگرەی ئەمجارەن، هۆكاری دواخستنی كۆنگرەكانی تریش بوونەو یەكێتی نەیتوانیوە ئەو خەلەلانە چاك بكا! ‎جیا لەمە هەموو یەكێتییەكان باش دەزانن پێویستە یەكێتی كۆنگرەیەك بكا جگەلەوەی جێی هەمووانی تێدا ببێتەوە پێویستە دەرفەتێكیش بڕەخسێنێ بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هەڤاڵانەی لە ماوەی ڕابردوودا تۆراون‌و لە یەكێتی دووركەوتوونەتەوە، دەبێ یەكێتی دوای كۆنگرە یەكێتییەكی زۆر بەهێزتر بێ لەو یەكێتییەی ئێستا هەیە.
كەس نكوڵی لەوە ناكا بەجیابوونەوەی گۆڕان لە یەكێتی هاوسەنگی هێز تێكچوو، راستكردنەوەی ئەمەو گەڕانەوەی باڵانسی هێز لەكوردستان تەنها بە یەكێتی دەكرێ، لەڕابردوودا ئەزموون ئەوەی سەلماند كە هیچ هێزێك نەیتوانی‌و ناتوانێ ببێتە بەدیلی یەكێتی، كەواتە باشترین چارەسەر بۆ رێگەگرتن لەدروستبوونی هەژموونی تاك حزب‌و گەڕاندنەوەی باڵانس بۆ كوردستان؛ بەهێزكردنەوەی یەكێتی-یە.
‎یەكێك لەفاكتەرەكانی بەهێزبوونەوەی یەكێتی، ئەنجامدانی كۆنگرەیە، بەڵام بەهێزبوونەوەی یەكێتی هەر تەنها بەگۆڕینی سەركردایەتی دەكرێ؟ یان هاوشانی ئەوە دەبێ یەكێتی بەرنامەی خۆی‌و چۆنێتی كاری حزبی‌و ئۆرگانەكانیشی بگۆڕێ! ‎ئەگەر بڕیارە یەكێتی كۆنگرە ببەستێ، دەبێ بەر لەهەر شتێك یەكێتی‌و یەكێتییەكان ئەوەیان لەبیربێ، كە بەڕێوەبردنی یەكێتی پێویستی بەئەزموون‌و لێهاتوویی شۆڕشگێڕەكان‌و تواناو وزەی گەنجەكان هەیە، هیچ كات هیچ یەك لەوان بەبێ ئەوەی تر ناتوانێ هەنگاوی تەواوو دروست بنێت، كەواتە دەبێ یەكێك لەخەسڵەتەكانی ئەو كۆنگرەیەی، بڕیارە سازبكرێت، كۆكردنەوەی هەردوو نەوەكەیە لەژێر چەتری یەكێتی.
‎تاكە خاڵێكی جیاواز لەپرسی ئەنجامدانی كۆنگرەی یەكێتی، كە بەدیدەكرێ، داواكارانی كۆنگرەن، هیچ گومانێكی تێدانییە بەشی هەرەزۆری ئەوانەی داوای بەستنی كۆنگرە دەكەن، یەكێتییە دڵسۆزەكانن‌و ئەوانەن كە دەیانەوێ یەكێتی بەبەهێزی ببینن‌و یەكێتی بكەوێتەسەر شاڕێگای خۆی، رەنگە هەشبن شینەكەیان تەنها بۆ هەریسەكە بێت‌و بۆ حسێن نەبێت، واتێگەیشتوون هەر كۆنگرە بكرێ ئیتر پلە وەردەگرن، ئەگەرنا بۆ ئێستای یەكێتی باشترین هەنگاو ئەنجامدانی كۆنگرەو ئەبدەیتكردنەوەی حزبەكەیە.