بافڵ تاڵه‌بانی‌ مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی كوردستانی جێهێشتووه‌؟

10872 جار خوێندراوەتەوە کات05:39 بەروار10-06-2019
بافڵ تاڵه‌بانی‌ مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی كوردستانی جێهێشتووه‌؟

راچڵه‌كین

راوێژکار و سەرۆکی تیمی بانگهێشتنامەی سه‌رۆكی‌ نوێی هه‌رێمی كوردستان ره‌تیده‌كاته‌وه‌ بافڵ تاڵه‌بانی‌ هۆڵی مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی جێهێشت بێت و ده‌شڵێت ،له‌ بنه‌ڕه‌تدا تاڵه‌بانی‌ نه‌هاتووه‌ تاوه‌كو بگه‌ڕێته‌وه‌.

دڵشاد شه‌هاب، راوێژكاری‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوس هانا چۆمان له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ جێهێشتنی هۆڵی مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی له‌لایه‌ن بافڵ تاڵه‌بانیه‌وه‌، وتی "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و هه‌والانه‌ راست نین، كاك بافڵ نه‌هاتۆته‌ ئێره‌ تاوه‌كو بگه‌ڕێته‌وه‌، هه‌رچه‌ند هۆكاری‌ نه‌هاتنی نازانم".

وتیشی "كاك بافڵ به‌خودی خۆمی راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و مه‌راسیمه‌، مه‌راسیمی ده‌ستبه‌كاربوونی برای گه‌وره‌ی‌ خۆیه‌تی".

ئه‌م وتانه‌ی دڵشاد شه‌هاب له‌كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، چه‌ند ماڵپه‌ڕ و په‌یجێك هه‌واڵی ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ و كه‌ بافڵ تاڵه‌بانی به‌هۆی‌ خراپی شوێنی دانیشتنه‌كه‌یه‌وه‌، هۆڵی مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی كوردستانی جێهێشتووه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، نێچیرڤان بازرانی، به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كه‌سایه‌تی و به‌رپرسانی‌ حكومی و حزبی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و وڵاتانی ناوچه‌كه‌، وه‌ك سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد.