خوێندنه‌وه‌یه‌ك له‌ ڕوانگه‌ی پرۆتۆكۆلی وواقعی بۆ مه‌راسیمی سوێند خواردنه‌كه‌!

228 جار خوێندراوەتەوە کات11:38 بەروار10-06-2019
خوێندنه‌وه‌یه‌ك له‌ ڕوانگه‌ی پرۆتۆكۆلی وواقعی بۆ مه‌راسیمی سوێند خواردنه‌كه‌!



محمد صابر گۆمه‌شینی

یه‌كه‌م : له‌هیچ وتارێك ناوی ریفراندۆم و ده‌وله‌تی كوردی وه‌ك مافێكی ئاسایی بۆ دوا رۆژ نه‌هات وئاماژه‌ی بۆ نه‌كرا ، ته‌نانه‌ت نه‌توانرا سود له‌ بنه‌ما نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان و ده‌ستوریش ببینرێت له‌ناو هێنانی مافی چاره‌ی خۆنوسین وه‌ك مافێكی ئاسایی ، جگه‌ له‌ وتاره‌كه‌ی برهم صالح ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ بێ چاره‌سه‌ری مافی كورد ئارامی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند نایه‌ته‌دی ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كی دیاره‌ به‌ مافی چاره‌ی خۆنوسین.
دووه‌م : سه‌رۆكی هه‌لبژێردراوی هه‌ریم ده‌بوایه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی به‌شدار بێت له‌و مه‌راسیمه‌ وه‌ك پیشاندانی باوه‌ڕ بون به‌ جینده‌ر بلانص و به‌شداری ژنان له‌پرسه‌ سیاسیه‌كان و پالپشتی ئازادی ژنان.

سێ یه‌م : جگه‌ له‌ وتاره‌كه‌ی برهم صالح هیچ یه‌كێك له‌ وتاره‌كانی تر ناوی سه‌ركرده‌ی خوالیخۆشبو جلال تاله‌بانی یان نه‌هێنا كه‌ رۆلی گه‌وره‌ی هه‌بوه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی حیزب و خه‌ڵك و پێكهاته‌و تائیفه‌و لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی عێراق و ته‌نانه‌ت هه‌رێمی كوردستانیش و به‌ گه‌وره‌ترین پاڵپشتی خودی نیچیروان بارزانی داده‌نرا و خۆشی زۆرجار ئه‌و ڕاستیه‌ی وتوه‌ له‌ بۆنه‌كانی تر.

چواره‌م : له‌ بابه‌تی ڕووبه‌روو بونه‌وه‌ی تیرۆریستان له‌شه‌ری داعش سه‌رۆكی هه‌رێم ته‌نها ناوی مسعود بارزانی هێنا وه‌ك كاریزمای شه‌ری داعش پیشانی دا بێ ئه‌وه‌ی به‌یه‌ك خه‌تیش ئاماژه‌ به‌ ڕؤڵی كۆسره‌ت رسول بكات وه‌ك جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگری فه‌رمانده‌ی هێزی پیشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌و كات كه‌ رۆڵی به‌رچاوو گرنگی هه‌بو له‌شه‌ری داعش چ خۆی و هێزه‌كانی و ته‌نانه‌ت له‌هه‌ردو هێرشی سه‌ر كركوك خۆی تاكه‌ سه‌ركرده‌ بوو سه‌رپه‌رشتی شه‌ری داعشی كردو بۆ ئه‌وكاتیش بروسكه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی ئه‌وكات مسعود بارزانی هه‌بو كه‌ داوا له‌كۆسره‌ت رسول ده‌كات خۆی سه‌رپه‌رشتی شه‌ڕی تیرۆر بكات ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ناوبراو له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ ( نجم الدین كریم ، ریبوار تاله‌بانی ، سه‌رحه‌د قادر) ئه‌و چوار سه‌ركرده‌ن كه‌ له‌لایه‌ن دادگای عێراقیی یه‌وه‌ بریاری ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌رچوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی سوپای عێراقیان به‌داگیركار له‌قه‌ڵه‌م دابو له‌ ڕیفراندۆم ئه‌وه‌ش وا هه‌ژمار ده‌كرێ كه‌م كردنه‌وه‌ی ڕؤلی كۆسره‌ت رسوله‌ له‌و پرسه‌ گرنگانه‌ چونكه‌ ساده‌ترین ناو هێنان ئه‌وه‌بو ده‌كرا سه‌رۆكی تازه‌ی هه‌رێم به‌یه‌ك سوپاس ناوی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی بهێنابا.

پێنجه‌م : یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین بابه‌ته‌كانی كه‌ سالانێكه‌ خه‌ڵك پێوه‌ی نالاند پرسی موچه‌و پاشه‌كه‌وتی موچه‌ بوو تا ئیستاش خه‌ڵك له‌ چاوه‌روانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌یه‌ به‌ڵام له‌ وتاره‌ ئینشائیه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ڕوون نه‌بو له‌كاتێكدا ئه‌و خۆی داڕیژه‌ری بابه‌تی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ بوو.

شه‌شه‌م :ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان زۆر به‌لاواز ده‌هاته‌ پێش چاو به‌رامبه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم ، له‌كاتێكدا به‌حساب سیسته‌م بۆته‌ په‌رله‌مانی و سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێ له‌كاتێكدا له‌ ڕووی پڕۆتۆكۆلیه‌وه‌ سوینده‌كه‌شی له‌ناو په‌رله‌مان نه‌خواردو له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان بوو ، بۆیه‌ دیترا له‌كاتی هاتنی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ سه‌ر سته‌یچ بۆ پیشكه‌ش كردنی ووتار ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵسانه‌وه‌ به‌ڵام سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ئیشاره‌ت وتی فه‌رمون دابنیشن ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌راسیمه‌ له‌ناو په‌رله‌مان بوایه‌ ئه‌و هه‌ڵسانه‌وه‌ ڕووی نه‌ده‌دا دواتر به‌پێ ی پرۆتۆكۆل ده‌بێت له‌كاتی ناوهێنان ته‌نها ناوی سیانی كه‌سه‌كه‌ وه‌ك خۆی پیشكه‌ش بكرێت بئ هیچ پاشگرو پیشگرێك وه‌ك ( جه‌نابی ڕیزدارو به‌ڕیزو...هتد)

حه‌وته‌م : به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێڕاق ئاماده‌ی مه‌راسیمه‌كه‌ بو وه‌ پرسه‌كه‌ش جێ به‌جێ كردنی بڕگه‌یه‌كی ده‌ستوری عێڕاقه‌ كه‌ هه‌رێم بۆی هه‌یه‌ سه‌رۆكی هه‌بێت بۆیه‌ لێ نه‌دانی مارشی نیشتمانی عێراق و ئه‌ی ره‌قیبی كوردستان به‌نه‌قسێكی گه‌وره‌ی پرۆتۆكۆلی سه‌رۆكایه‌تی له‌قه‌ڵةم ده‌درێ.

هه‌شته‌م: ئه‌وه‌ی به‌گشتی خوێندنه‌وه‌ی بۆ كرا له‌ ڕووی سیاسیه‌وه‌ مه‌راسیمه‌كه‌ رؤڵی ده‌بێت له‌یه‌كتر نزیك بونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم و عێڕاق توانه‌وه‌ی به‌سته‌له‌كی نێوان پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی ترو نێوان هه‌رێم و عێڕاق ، به‌تایبه‌ت پرسی ئاماده‌ بونی سه‌رۆك كۆمار به‌ شێوه‌ی رسمی و پرۆتۆكۆلی و وتاره‌كه‌ی كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێڕاقه‌ به‌لام زیاتر به‌ ئاراسته‌ی هه‌رێمی كوردستان بوو. ئاماده‌ بونیشی بوه‌ پاڵپشتیه‌كی ده‌ستوری به‌هێز بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چونكه‌ ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ش هه‌بو ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆمار كورد نه‌با ڕه‌نگه‌ وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران نوینه‌ری خۆی ناردباو خۆی ئاماده‌ نه‌با.

نۆیه‌م : پرسی به‌شداری حیزبه‌ كوردستانیه‌كان و باس كردن له‌ ڕؤڵیان زۆر لاواز بوو به‌تایبه‌ت بۆ هێزی سێ یه‌می هه‌رێم بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ له‌ ئیستادا به‌شێكه‌ له‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ورێكه‌وتنی سیاسی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتی.
ده‌یه‌م : وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم هیچ جیاوازی نه‌بو له‌گه‌ڵ وتاره‌كانی ڕابردووی ناوبراو كه‌ هه‌میشه‌ زیاتر ئینشائیه‌و باسی پلان و به‌رنامه‌ی ڕوون و ستراتیژی تێدانیه‌و زیاتر به‌ ئارأسته‌ی یه‌كتر قبوڵكردن و له‌یه‌كتر نزیك بونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانه‌و نه‌بوه‌ مایه‌ی سه‌رنج ڕاكیشانی به‌شداران وخه‌ڵك و به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌كۆی 100 هاوڵاتی 5 هاوڵاتی نازانن ناوه‌رۆكی وتاره‌كه‌ چیبوه‌ بۆیه‌ زیاتر عاتفی بوو.