کونسوڵی ئێران لەهەرێم: گەمارۆکانی ئه‌مریکا کارناکاتە سەر پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر

54 جار خوێندراوەتەوە کات04:39 بەروار11-06-2019
کونسوڵی ئێران لەهەرێم: گەمارۆکانی ئه‌مریکا کارناکاتە سەر پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر

راچڵەكین 

 کونسوڵی ئێران له‌ هەرێم رایدەگەیەنێت، گەمارۆکانی ئه‌مریکا لەسەر وڵاتەکەی شه‌ڕێکی ده‌روونییه‌ و هیچ کاریگه‌رییه‌ک ناکاتە سەر په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێم.

ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2019 مورته‌زا عه‌بادی کونسوڵی ئێران له‌ هەرێم بە ماڵپەڕی (جام کوردی) راگەیاندووە، "په‌یوه‌ندییه‌کی نزیک و تایبه‌ت له‌ نێوان بازرگانان و چالاکوانانی ئابوریی کۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه‌،" و هیوادارن لە رێگای بەڕێوەبردنی چالاکیی بازرگانی زیاترەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێم زیاتر بەرەوپێشبەرن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا زیاتر له‌وه‌ی که‌ بتوانێت کاریگه‌ریی لەسه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێران و هه‌رێمی کوردستان هه‌بێت، شه‌ڕێکی ده‌روونییه‌ و "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هیچ کاریگه‌رییه‌ک له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌کانی نێوان ئێمه‌ و هه‌رێم دانانێت."

باسی لەوەشكردووە، پێشانگای کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بڕیارە رۆژانی ٢١ تاوەکو ٢٥ی حوزەیران به‌ به‌شداریی ده‌یان کۆمپانیا و ناوه‌ندی وه‌به‌رهێنانی ئێرانی له‌ شاری هه‌ولێر بکرێتەوە، یه‌که‌مین و گه‌وره‌ترین پێشانگای بازرگانیی ئێرانە لە هەرێم.

ئەمەش لەكاتێكدایە، ئەمریکا چەندین سزای ئابوریی بە سەر کەرتەکانی نەوت و هەناردەکردنی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە و، بۆ وەڵامدانەوەی هەر کاردانەوەیەکی ئێرانیش، واشنتن و هاوپەیمانەکانی ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە هەزاران سەرباز و کەشتیی جەنگی و فڕۆکەی جەنگیی جۆری B2یان لە نزیک ئاوەکانی کەنداو جێگیرکردووە.