عیراق 15 هه‌زار پارچه‌ شوێنه‌واری‌ دزراو له‌ ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌

99 جار خوێندراوەتەوە کات08:32 بەروار11-06-2019
عیراق 15 هه‌زار پارچه‌ شوێنه‌واری‌ دزراو له‌ ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌

راچڵه‌كین

سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق، رایگه‌یاند، به‌منزیكانه‌ 15 هه‌زار پارچه‌ شوێنه‌وار مێژووی دزراوی عیراقی‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌گێڕدرێته‌وه‌ و وتیشی، پێشتر ژماره‌یه‌كی زۆر شوێنه‌وار گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌.

عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق، له‌میانه‌ی‌ سه‌ردانێكیدا بۆ مۆزه‌خانه‌ی‌ نیشتمانی‌ عیراق، ئاشكرایكرد  كه‌ به‌منزیكانه‌ 15 هه‌زار پارچه‌ شوێنه‌واری‌ عیراق له‌ ئه‌مریكاوه‌ ده‌گێڕدرێته‌وه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ پێشتر ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ شوێنه‌واری‌ دزراوی‌ عیراق له‌ ئوردنه‌وه‌ گێڕدراونه‌ته‌وه‌.

له‌ مانگی‌ شووباتی‌ رابردوودا، عادل عه‌بدولمه‌هدی‌، 1300 پارچه‌ شوێنه‌واری‌ ده‌گمه‌نی‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئوردنه‌وه‌ پێگه‌یشته‌وه‌.

هه‌روه‌ك له‌ساڵی‌ 2015دا عیراق 663 پارچه‌ شوێنه‌واری‌ دزراوی‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاو ئیتاڵیا‌و ئوردنه‌وه‌ پێگه‌یشته‌وه‌.

له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003ه‌وه‌، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كانی‌ عیراق، دزران، له‌ ساڵی‌ 2014یشدا رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش ژماره‌یه‌كی‌ یه‌كجار زۆری‌ شوێنه‌واری‌ مێژووی‌ عیراقی‌ تێكشكاند‌و له‌ناوبرد، كه‌ زۆرێكیان مێژووه‌كانیان بۆ پێش زاین ده‌گه‌ڕایه‌وه‌.