پەیوەندیـیەکانی ئەمەریکا و تورکیا لەسەر ئێس 400ی ڕوسی ئاڵۆزتردەبن

75 جار خوێندراوەتەوە کات11:44 بەروار11-06-2019
پەیوەندیـیەکانی ئەمەریکا و تورکیا لەسەر ئێس 400ی ڕوسی ئاڵۆزتردەبن

راچڵه‌كین

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بڕیارێکی پەسەندکرد کە تیایدا داوای لە تورکیا کردووە دەستبەرداری بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگری موشەکی S-400 ی ڕووسیایی بێت.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئه‌مریكا دەڵێت ئەگەربێت و حکومەتی تورکیا لە بەدەستهێنانی ئەم سیستەمە پاشگەز نەبێتەوە، ئەوا پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا و هەروەها ڕۆڵی تورکیا لە ناتۆ دەکەونە بەر مەترسیـیەوە.

یاسادانەرانی ئەمەریکایی دەڵێن، ناکرێت تورکیا سیستەمی S-400 و فڕۆکەی F-35 ی ئەمەریکایی پـێکەوە هەبێت، بۆیە هیچ چارەسەرێکی مامناوەندی نیـیە یان ئەوەتا ئەنکەرە دەستبەرداری ئەم سیستەمەی ڕووسیا دەبێتەوە و پشتیوانی لێدەکەن بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگری موشەکی پاتریۆتی ئەمەریکایی یانیش پاشگەز نەبێتەوە و بکەوێتە بەر سزاکانی ئەمەریکا و لە بەرنامەی فڕۆکەی F-35 بکرێتە دەرەوە.

دەشڵێن ناتوانن تەکنەلۆجیایەک کە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکاوە هەیە بخەنە بەر دەستی ڕووسیا.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا بە توندی ڕەخنەی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران گرت و نووسیویەتی بڕیارەکە ناگونجێت لەگەڵ ئەو پەیوەندیـیە دۆستانەی نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.

دەشڵێت جێی قبوڵ نیـیە لەو بڕیارە باس لە سیاسەتی دەرەوە و سیستەمی دادوەری تورکیا کراوە، وە ناکرێت بە زمانی هەڕەشەئامێز قسە لەگەڵ تورکیادا بکرێت.

لە لایەکی دیکە کاربەدەستانی لەشکری ئەمەریکا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان وتووە ڕاهێنانی فڕۆکەوانانی تورکی لەسەر فڕۆکەی F-35 لە بنکەی هێزی ئاسمانی لە ویلایەتی ئەریزۆنا ڕاگیراون، دەڵێن هەتا تورکیا لە بەدەستهێنانی S-400 وازنەهێنێت، ئەوا ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر کارەکانیان بۆ کۆتایی‌هێنان بە بەشداری تورکیا لە بەرنامەی فڕۆکەی F-35.

جێی ئاماژەیە تورکیا لە بەرنامەی دروستکردنی ئەم فڕۆکەیە بەشدارە و دەیەوێت 100 فڕۆکەی لێبکڕێت.