مەسرور بارزانی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

942 جار خوێندراوەتەوە کات03:14 بەروار12-06-2019
مەسرور بارزانی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

راچڵەكین 


مەسرور بارزانی رایدەگەیەنێت، هەوڵ دەدەم بە هاوکاریی هەموو ئەو لایەنانەی بڕیاڕی بەشدارییان لە کابینەی نوێ داوە، لە وادەی دیاریکراودا پێکهاتەی کابینەی نۆیەم بخەمە بەردەم پەرلەمانی کوردستان.


ئەمڕۆ چوار شەممە 12 ی حوزەیرانی 2019 مه‌سرور بارزانی، دوای راسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ تێیدا هاتووە، "سوپاس و پێزانینم ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان، بە هەموو فراکسیۆنەکانەوە دەکەم بۆ ناوزەدکردنم و سوپاسی سەرۆکی هەرێم دەکەم بۆ ڕاسپاردنم بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان".


ئاماژەی بەوەشكردووە، "هەوڵ دەدەم بە هاوکاریی هەموو ئەو لایەنانەی بڕیاڕی بەشدارییان لە کابینەی نوێ داوە، لە وادەی دیاریکراودا پێکهاتەی کابینەی نۆیەم بخەمە بەردەم پەرلەمانی کوردستان".


ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

"پەیوەست بە ناوزەدکردن و ڕاسپاردنم بۆ سەرۆکایەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێوستی دەزانم، سوپاسگوزاریی خۆم ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و جەماوەری پارتی بکەم بۆ دەستنیشانکردنم وەک پاڵێوڕاوی پارتی بۆ ئەم پۆستە، هەروەها سوپاس و پێزانینم ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان، بە هەموو فراکسیۆنەکانەوە دەکەم بۆ ناوزەدکردنم و سوپاسی بەرێز سەرۆکی هەرێم دەکەم بۆ ڕاسپاردنم بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

سوپاس بۆ متمانەتان و هەوڵ دەدەم بە هاوکاریی هەموو ئەو لایەنانەی بڕیاڕی بەشدارییان لە کابینەی نوێ داوە، لە وادەی دیاریکراودا پێکهاتەی کابینەی نۆیەم بخەمە بەردەم پەرلەمانی کوردستان، تاکو هەرچی زووتر بتوانین خزمەتێکی شایستەی گەل و نیشتمانمان دەست پێبکەین. ئاواتەخوازم هەموو لایەنە پەیوەندارەکان هاوکارمان بن بۆ ئەوەی هەرچی زووتر ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام بگەیەنین.

مەسرور بارزانی

١٢/٦/٢٠١٩"