وەزارەتی كارەبا لەسەر كاژێرەكانی پێدانی كەرەبای نیشتمانی لەمانگی حوزەیراندا ڕوونكردنەوە دەدات

548 جار خوێندراوەتەوە کات10:26 بەروار13-06-2019
وەزارەتی كارەبا لەسەر كاژێرەكانی پێدانی كەرەبای نیشتمانی لەمانگی حوزەیراندا ڕوونكردنەوە دەدات

راچڵەكین-

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەناوەڕاستی مانگی حوزەیران 17-18 كاژێر كارەبا دەدرێت بەهاوڵاتیان.

وەزارەتی كارەبا لەڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" پاش هەڵسەنگاندی بارودۆخی كارەبا و چۆنیەتی ئیشپێكردنی یەكەكانی وێستگەكانی غازی بەرهەمهێنانی كارەبا و كارۆ ئاوی لەهەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان، كە لە ئێستادا بەتێكڕا 3570 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت، بەم بڕە كارەبایە و بەرەچاوكردنی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و هەڵكشانی خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بۆ 5000 مێگاوات، وەزارەتی كارەبا دەتوانێت لە ناوەراستی ئەم مانگە 17- 18 كاژێر كارەبا بدات بە هاوڵاتیان."

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە:"  شەش  كاژێرەكەی دیكەش لە رێگەی موەلیدەی ئەهلیەوە كارەبا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەكرێت."

وەزارەتی كارەبا داوا لەهاوڵاتیان دەكات هاوكاریان بن لەكەمكردنەوەی زیاد بەكارهێنانی كارەبا، چونكە:" لە وەرزی هاوین دا بارگرانیەكی زۆر دەكەوێتە سەر وێستگەو گۆڕەرو تۆڕەكانی دابەشكردنی كارەباو بەهۆیەوە زۆرجار بەپێی پێویست ناتوانرێت كارەبا بگەیەنرێتە هەموو هاوبەشانی كارەبا."