لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق: ئەگەر هەولێر پابەندی پێدانی مووچەی فەرمانبەران نەبێت..راستەوخۆ لەبەغداوە مووچە دەدرێت

2545 جار خوێندراوەتەوە کات02:00 بەروار13-06-2019
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق: ئەگەر هەولێر پابەندی پێدانی مووچەی فەرمانبەران نەبێت..راستەوخۆ لەبەغداوە مووچە دەدرێت

راچڵەكین-

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر هەولێر پابەندی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران نەبێت، ناچاردەبن وەكو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكەن و راستەوخۆ لە بەغداوە مووچەی فەرمانبەران بدرێت.

دوای كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لەگەڵ وەزیری دارایی و كۆمپانیای سۆمۆ، لیژنەكە راپۆرتێكی لەبارەی یاسای بودجەی 2019 ئامادەكردووە و بڕیارە لە پەرلەمان بخوێنرێتەوە.

راپۆرتەكە 6 راسپاردەی لەخۆگرتووە لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای بودجە لەلایەن حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەناردەكردنی نەوت، پاراستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

لە ڕاپۆرتەكەدا پرسیاری ئەوە كراوە كە بۆچی لە ناردنی 5 مووچە لەلایەن بەغداوە، تەنیا 3 مووچە بە فەرمانبەرانی هەرێم دراوە. 

هەروەك لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی لیژنەی دارایی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڕیاریداوە بانگهێشتی وەزیری دارایی بكات تا ڕوونكردنەوە بدات لەسەر ئەوەی كە چۆن وەزارەتەكەی  پارە بە هەرێمی كوردستان دەدات بەبێ ئەوەی هەولێر پابەندی رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە ڕادەستكردنی نەوت.