كاتێك دونیای واقیع وه‌هم به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه‌

50 جار خوێندراوەتەوە کات10:00 بەروار14-06-2019
كاتێك دونیای واقیع وه‌هم به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه‌

ڕاچڵەكین-

بۆ ئه‌وه‌ی ئاخافتن فۆڕمێكی ڕووكه‌ش وه‌رنه‌گرێ، له‌ كۆنتێكستێكی قووڵدا گفتوگۆ بكرێت و بایه‌خی زیاتری هه‌بێت په‌یوه‌سته‌ به‌ كه‌سی قسه‌ بۆكراو له‌ كاتێكدا ئه‌و ئاماده‌ی گوێگرتنه‌ "ده‌بیستێ" تا چه‌ند ئاگاداری بابه‌ته‌كه‌یه‌.

فه‌یله‌سوفه‌ ماتریالیسته‌كانی پێش سوكرات له‌سه‌ر بنه‌مای ئاگادار بوونی ئه‌وی دیكه‌ی "گوێگر"‌ توانیویانه‌ لۆژیكیانه‌ تر هه‌نگاو بنێن بۆ لێكدانه‌وه‌ی گه‌ردوون و دیارده‌ سروشتیه‌كان. هه‌ر بۆیه‌ ‌ " هیراكلیتۆس" كه‌ پێی وایه‌ "خه‌ڵكی" ئه‌وانه‌ی ئاگادار نین بۆ هه‌میشه‌ له‌ " لۆگۆس" بێخەبه‌رن چونكه‌ جه‌وهه‌ری ئه‌و بابه‌ته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ دروست ده‌بێت. "گوێگر" تا چه‌ند ئاگاداره‌، به‌و پێیه‌ی لۆگۆس خۆی له‌ چه‌ند چه‌مكێكی وه‌ك " گوتاری عه‌قڵانی و به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌ی لۆجیكی و گوزاره‌" دا ده‌بینێته‌وه‌ هه‌ر ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ ئێمه‌ به‌ هیراكلیتۆس_ه‌وه‌ گرێده‌دات " ئه‌وانه‌ی ئاگادار نین axunetoi له‌ كاتێكدا گوێیان لێ دەبێت ، ڕێك هاوشێوه‌ی كه‌سانێكن نابیستن "نه‌بیستن وه‌ك كه‌سانێك كه‌ ئاماده‌نین و ئێمه‌ قسه‌یان بۆ ده‌كه‌ین. له‌م دۆخه‌دا بوونی ئاماده‌بووه‌كه‌ گرنگی نابێت.

له‌ فیلمی ماترێكس "تۆماس ئه‌ندرسن/نیۆ" ئاسایی ژیانی خۆی ده‌گوزه‌رێنێت له‌ناو كۆمپانیایه‌كی ته‌كنه‌لۆجیدا ، له‌لایه‌ن كه‌سێكی دیكه‌وه‌ كه‌ "مۆرفیس"ه‌ ئاگادر ده‌كرێته‌وه‌، كاركردنت له‌وێداو له‌ناو تۆڕی نێت و ته‌كنه‌لۆژیا به‌ره‌و دونیایه‌كت ده‌بات سه‌راپای وه‌همه بۆیه‌ "تۆماس ئه‌ندرسن/نیۆ" له‌به‌رده‌م دوو بژارده‌دا سه‌رپشك ده‌كرێت دونیای وه‌هم و دونیای واقیع ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی خواردنی دوو حه‌بی شین و سوور ، ئه‌ندرسن كه‌ هیچ ئاگادار و زانینێكی نیه‌ ده‌رباره‌ی هه‌ردوو دونیاكه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌و مه‌ترسیانه‌ی مۆرفیس ئاگادری ده‌كاته‌وه‌ حه‌به‌ سووره‌كه‌ ده‌خوات بۆ دونیای واقیع . 

"ئه‌ندرسن" ئاگاداری هیچ یه‌كێك له‌و دو دونیایه‌ نیه‌ و هه‌مان كه‌س " مۆرفیس" گه‌ر دونیای وه‌همی بۆ شیكار بكردایه‌، ڕه‌نگ بوو بژارده‌ی سه‌ره‌كی بوایه‌ بۆی‌ چونكه‌ ئاگاداری ئه‌و دونیایه‌یی دیكه‌ نیه‌ و كه‌سێك له‌باره‌یه‌وه‌ نه‌دواوه.‌ هه‌ڵبژاردنی دونیای واقیع گرنگیه‌كی ئه‌وتۆی نیه‌ و ته‌نها پشت به‌ لێكدانه‌وه‌كانی مۆرفیس ده‌به‌ستێت.
 
لێره‌دا زانینێك پێشوه‌خته‌ ئاگاداری بیت و ئه‌زمونكراوی خود بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاگادار نه‌بیت و پێت بووترێت دوو جۆر‌ی مه‌عریفه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێ یه‌كه‌میان له‌سه‌ر بنه‌مای بیركردنه‌وه‌ و لۆژیكه‌ و تایبه‌ته‌ به‌ خود و ئه‌زمونكراوه‌ و مه‌عریفه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نه‌ به‌ڵام دووه‌میان كه‌سێكی دیكه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری بیت و شیكار بكرێ، ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی هه‌سته‌كانه‌وه‌‌ ده‌توانی بیری لێ بكه‌یته‌وه‌‌، باوه‌ڕ پێبهێنی، له‌جێگه‌ی ئه‌قڵ هه‌سته‌كان كه‌ڵه‌كه‌ده‌بن به‌رده‌وام مرۆڤ به‌ هه‌ڵه‌دا ده‌به‌ن مه‌عریفه‌یه‌كی ساخته‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت، بژارده‌ی دونیای واقیع بۆ ئه‌ندرسن نا خۆڕسكانه‌ و به‌ر ئه‌نجامی هه‌ستكردنه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای تێگه‌یشتنه‌كه‌ی"مۆرفیس" جارێكی دیكه‌، جۆرێكی دیكه‌ی وه‌همی بۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ وا بكات شانازی به‌سه‌ركه‌وتنه‌كه‌یه‌وه‌ بكات له‌به‌رامبه‌ر دونیاكه‌ی دیكه‌دا. له‌كاتێكدا هه‌مان واقیعه‌ و وه‌هم به‌رهه‌م دەهێنێته‌وه‌ .

نوسین: هێمن عوسمان