گۆڕان: ئەو ڕەخنانە ڕەتدەكەینەوە كە بۆ مەرام و بەرژەوەندی كەسێتی و بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستنن

86 جار خوێندراوەتەوە کات02:58 بەروار19-06-2019
گۆڕان: ئەو ڕەخنانە ڕەتدەكەینەوە كە بۆ مەرام و بەرژەوەندی كەسێتی و بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستنن

راچڵەكین-

بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت،  هەر رەخنەیەك لەلایەن هەڵسوڕاوانی حیزبی و حكومەت و پەرلەمانەوە بگیرێ بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندی كەسێتی و بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن و بە زمانێكی ناشایستە و ناشارستانی ئاراستەی كەس و لایەن و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی كوردستان بكرێت، گوزارشت لە سیاسەت و بەرنامەی بزووتنەوەی گۆڕان ناكات و رەتیدەكەینەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2019 بزووتنەوەی گۆڕان روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، كە لەبەشێكیدا سەبارەت بە كێشە و پرسی نەوت و غاز، ماددەی 140، بودجەی ساڵانە و پێشمەرگە، ئاماژە بەوەكراوە: "نابێت بكرێ بە بابەتی موزایەدە لەنێوان لایەنەكانی هەرێمی كوردستان و دەبێت بە رێكاری دەستووری و یاسایی چارەسەر بكرێ لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، بەبەشداری و هاوكاری و هەماهەنگی تەواوی لایەنەكانی كوردستان لە بەغدا."

دەقی روونكردنەوەكەی بزووتنەوەی گۆڕان

بزووتنەوەی گۆڕان، وەك هێزێكی سیاسی مەدەنی رەخنەگر دروستبووە، و واشدەمێنێ، هەر لەگەڵ دەسپێكی كاری سیاسی و راگەیاندنی ئەم بزووتنەوەیەدا، درووشمی (رەخنە بە زمانی گوڵ) ی هەڵگرت.

هەر لەبەر ئەوەیە، كە رەخنەگرتن بە زمانی گوڵ بابەتێكی حەیاتیە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ ئەوەی هەمیشە بە شێوازێكی شارستانی لە دژی كارە نا دەستووری و نایاساییەكان، و لە دژی هەموو شێوازەكانی گەندەڵی خەبات بكات و بوەستێتەوە.

بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان بەهەموو توانای پشتگیری لە سەرجەم ئەو رەخنانە دەكات، كە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دەگیرێ، و بە زمانی گوڵ و بە شێوازی شارستانی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم دەكرێت.

هەر رەخنەیەكیش لەلایەن هەڵسوڕاوانی حیزبی و حكومەت و پەرلەمانەوە بگیرێ بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندی كەسێتی، و بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن و بە زمانێكی ناشایستە و ناشارستانی ئاراستەی كەس و لایەن و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بكرێ، گوزارشت لە سیاسەت و بەرنامەی بزووتنەوەی گۆڕان ناكات، بەڵكو رەتیشیدەكاتەوە.

سەبارەت بە كێشە و پرسی نەوت و غاز، مادەی 140، بودجەی ساڵانە و پێشمەرگە، كە هەموویان پرسی نیشتمانین و نابێ بكرێ بە بابەتی موزایەدە لەنێوان لایەنەكانی هەرێم و دەبێ بە رێكاری دەستووری و یاسایی چارەسەر بكرێ لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەبەشداری و هاوكاری و هەماهەنگی تەواوی لایەنەكانی كوردستان لە بەغدا.

بۆ بابەتی نەوت و غاز و بودجەی هەرێمیش، بزووتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە دەبێ بە رێگای دەستووری یاسایی چارەسەر بكرێت، ئەویش بە دەركردنی یاسای نەوت و غاز و دەركردنی یاسای دەستەی گشتی چاودێریكردنی داهاتە تەرخانكراوەكانی فیدڕاڵی بەپێی ( مادەی 106ی دەستووری هەمیشەیی عێراق) و دروستكردنی ئەو دەستەیە بە زووترین كات، كە 14 ساڵە دەسەڵاتدارانی عێراق بە گشتی خۆیان لە دەركردنی ئەو یاسایانە ئەدزنەوە، كە دەركردنی ئەو یاسایانە و دروستكردنی ئەو دەستەیە تەنیا زامنە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران بدرێ، و نەوتیش بە گشتی بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیان لە عێراق و هەرێم .

تا دەركردنی ئەم یاسایەش مافی دەستووری هەرێمی كوردستانە نەوت و غاز بەرهەم بهێنێت و ئیدارەی سامانە سرووشتییەكانی هەرێم بكات، بەڵام جەخت لەوە دەكەینەوە كە دەبێت ئەو داهاتانە شەفاف بێت و لەژێر چاودێری پەرلەمانی كوردستان، و بە بڕیاری حكومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی هاونیشتمانیانی كوردستان سەرف بكرێ .    

بزووتنەوەی گۆران  
 ١٩/٦/٢٠١٩