ھۆشیارعەبدوڵڵا دژی گۆڕان دەوەستێتەوە

344 جار خوێندراوەتەوە کات04:57 بەروار19-06-2019
ھۆشیارعەبدوڵڵا دژی گۆڕان دەوەستێتەوە

راچڵەكین 

پەرلەمانتارێكی گۆڕان راگەیەندراوێكی بزوتنەوەكەی رەتدەكاتەوە و دەڵێت، چاوەرێ بوین کە گۆڕان بە رونکردنەوەیەک پشتیوانی هەوڵەکانمان بێت نەک بە کۆمەلێک قسەی لاستیکی داکۆکی لە سیاسەتی نەوتی هەرێم بکات دەشڵێت، ئەم جۆرە لە پاکانەکردن بۆ سیاسەتی پڕ تاڵانی نەوتی هەرێم بزوتنەوەی گۆڕان بێبەریە لێی جا هەر کەسێک لە هەر ئاستێکی بزوتنەوەکەدا نوسیبێتی.

هۆشیار عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لەبەغدا لەرونكردنەوەیەكدا لەسەر راگەیەندراوەكەی بزوتنەوەكەی رایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان لە دامەزراندنیەوە دژی ناشەفافیەت و بەهەدەردانی سامانی هەرێمی کوردستان بوە و هەرگیز لە سیاسەتی نەوتی هەرێم کە پڕیەتی لە تاڵان و بڕۆ رازی نەبوە و بەردەوامیش داوای گۆرینی ریشەیی تێداکردوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، "نەوت ؛ سامانێکی سروشتی و موڵکی خەڵکی کوردستانە. دەبێ داهاتەکەشی بۆ خەڵکی کوردستان بێت،هەر داکۆکیەک لە سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەم شیوازەی ئێستای لە دیدی بەندەدا تاوانێکی نیشیمانیی گەورەیە.

باسی لەوەشكردووە،" هەڵبەتە لە بەغداد ، ئێمە داکۆکی لە مافی دەستوری هەرێم دەکەین لە بواری نەوت و وزە و چۆنێتی دابەشکردنی داهات لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی بە شیوەیەک لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە بێدەنگ بین لەوەی لە ناوخۆی هەرێمدا خراپ مامەلەی پێوەبکرێت.

ئەوەشیخستووەتەڕوو ،ئێمە جگە لەوەی کە داوامانکردوە کێشەی نەوت بە دەستور و یاسا چارەسەر بکرێ و دوربگیرێ لە رێکەوتنی سیاسیی ژێر بە ژێر شتێکی ترمان نەگوتوە ئیدی ئەم هەمو هاوئاوازیە لەگەڵ مافیاکانی نەوت بۆ ؟!

لەبەشێكی دیكەی رونكردنەوەكەی هۆشیار عەبدوڵڵا هاتووە، "ئەوانەی دژی ئەجێندای مافیاکانی نەوت دەوەستنەوە خەریکی خۆنواندن و موزایەدە نین بەڵکو ملیان لە چەقۆ دەسون و موجازەفە بە ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیانەوە دەکەن ئەوەش تەنها لە پێناوی گوتنی راستیەکاندا،چونکە لە ئێستادا و لەم سەردەمە تاریکەی هەرێمدا هیچ شتێک لەوە ئاسانتر نیە بێدەنگ بیت و دەست بەکڵاوەکەتەوە بگری با نەیبات، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لەدایکبو بۆ ئەوەی کۆتایی بە بێدەنگی بهێنێت و دەبێ هەرواش بمێنیتەوە.

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان دەڵێت، لێرەوە سەرلەبەری ئەو نەفەسە رەتدەکەمەوە کە رونکردنەوەکەی ئەمڕۆ(چوارشەممە)ی بزوتنەوەی گۆڕانی پێنوسراوە ، ئەم جۆرە لە پاکانەکردن بۆ سیاسەتی پڕ تاڵانی نەوتی هەرێم بزوتنەوەی گۆڕان بێبەریە لێی جا هەر کەسێک لە هەر ئاستێکی بزوتنەوەکەدا نوسیبێتی.

جەختی لەوەشكردووەتەوە، "چاوەرێ بوین و (بریاریش وابو)! کە گۆڕان بە رونکردنەوەیەک پشتیوانی هەوڵەکانمان بێت نەک بە کۆمەلێک قسەی لاستیکی داکۆکی لە سیاسەتی نەوتی هەرێم بکات و هیچ ئاماژیەک بەو هەمو تاڵانی و تاوانە نەدات کە بە نەوت و داهاتەکەیەوە دژی خەڵکی کوردستان کراو و دەکرێت.

لەكۆتایی راگەیەندراوەكەی هۆشیار عەبدوڵڵا هاتووە، "هەرکەسێک بگەرێتەوە بۆ ئەرشیفی بزوتنەوەی گۆڕان،بەرنامە سیاسیەکەی،ئامانجەکانی،میدیاکەی دەزانێت کە ئەوەی ئێمە دەیکەین و دەیڵێن سیاسەتی راستەقینەی گۆڕانە،هەربۆیە بە بێ هیچ دودڵەیەک لەو هەوڵانەمان بەردەوام دەبین.