مامۆستایه‌كی ئاینی: سایه‌ كچی منه‌

11399 جار خوێندراوەتەوە کات09:01 بەروار20-06-2019
مامۆستایه‌كی ئاینی: سایه‌ كچی منه‌

راچڵه‌كین

مامۆستایه‌كی ئایینی له‌هه‌ڵوێستێكی جیاوازدا داوا ده‌كات ته‌واوی‌ هاوڵاتیان پێكه‌وه‌ دەست لە دەست بکەن بۆ ٸاشتکردنەوەی سایه‌ كه‌ریم-ی "دڵشكاو" كه‌ دنیاو ماددە چۆتە بەردە ستی و ده‌شڵێت "سایه‌ كچی منه‌".

مامۆستا لاوه‌ند چوارباخی، كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری تەلەفزیۆنی تەسەوف و تەلەفزیۆنی باوەڕی و كلتورییه‌ له‌سلێمانی، له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، داوای ئاشتكردنه‌وه‌ی سایه‌ كه‌ریم ده‌كات و ده‌شڵێت"سایە کەریم کچی منە."

ئه‌و مامۆستا ئایینیه‌ ده‌شڵێت"با ھەموان دەست لەدەست بکەین بۆ ٸاشتکردنەوەی کچێکی دڵشکاو کە دنیاو ماددە چۆتە بەردەستی."

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو"هەر کەسێک ئەو کچەی بینیبێت ئەزانێت کە ئەو کچە لەژێر فشارو پاڵەپەستۆیەکی دەرونی بەرزدایەو دەیەوێت بیشارێتەوە، بەڵام بۆی ناشاردرێتەوە، ئەم کچە کێشەی‌ ئەوەی‌ هەیە کە کەسێک نییە گوێی بۆ بگرێت و دەستی‌ یارمەتی‌ بۆ درێژبکات. ئەم کچە منداڵە ڕێی لێ ون بوەو بەلاڕێدا بردراوە!"

چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، سایه‌ كه‌ریم، ته‌مه‌ن 19 ساڵ، له‌چه‌ند گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ده‌یه‌وێت وه‌ك "پۆرن ستار"ێك كاربكات و دواتر چه‌ند ڤیدیۆیه‌كی سێكسی خۆی بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا له‌سه‌ر هه‌مو ئاسته‌كان، به‌تایبه‌ت له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لێكه‌وته‌وه‌.

مامۆستا لاوه‌ند چوارباخی له‌ڕونكردنه‌وه‌كه‌یدا ده‌ڵێت"بەداخەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بونە هۆکاری‌ سەرەکی سەرلێشێوانی‌ زیاتری‌ ئەم کچە!! ئێمە ئەوەندەی‌ هەوڵی ملشکاندنی یەکتری‌ دەدەین نیو ئەوەندە نابینە کارای یاریدەدەر بۆ دەستگرتنی‌ بێ نەوایان."

مامۆستا ئایینییه‌كه‌ داوای له‌گه‌نجان و به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یج و ئه‌وكانته‌كانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كردوه‌ "چیتر وێنەو ڤیدیۆو بابەت لەسەر ئەم کچە بڵاونەکەنەوە بەشێوەیەک کە ببێتە هۆکاری‌ ئەوەی‌ زیاتر هان بدرێت و ئەم کارەی‌ کە پێی دەکەن یان دەستی داوەتێ، زیاتر لەلای‌ شیرین تر بێت."

هه‌روه‌ها مامۆستا ئاینییه‌كه‌ فه‌رموده‌یه‌كی پێغه‌مبه‌ری هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت"هەرکەسێک ڕێیەکی چاک نیشانی کەسێک بدات وەک ئەوە وایە خۆی چاکەکەی کردبێت."

له‌كۆتاییشدا داوای كردوه‌ كه‌ كه‌مپه‌ینێك له‌ژێر ناوی "#بەڵێ_بۆ_ئاشتکردنەوەی‌_سایە" رابگه‌یه‌نرێت.