سەنتەرەکانی فێربوونی زمان لەنێوان بازرگانی و فێربووندا

73 جار خوێندراوەتەوە کات11:17 بەروار22-06-2019
سەنتەرەکانی فێربوونی زمان لەنێوان بازرگانی و فێربووندا

ڕاچڵەکین: پەیام حازم

وەک ئاشکرایە ڕێژەیەکی زۆر سەنتەری فێربوونی زمان لە هەموو شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کراونەتەوە، دەوترێت بەشێک لەم سەنتەرانە ئامانجی یەکەمییان بازرگانییە، کچە خوێندکارێک دەڵیت " پێویستە حكومەت چاودێر بێت بەسەر ئەم سەنتەرانەوە". بەڕێوه‌بەری یەکێک لە سەنتەرەکانیش دەڵێت "به‌ڵێ ئه‌وه‌‌ ڕاستە، بەشێک لەسەنتەرەکان بازرگانی دەکەن بە خوێندکارانەوە".

"بەرزی جەلال"یەکێک لەو خوێندکارانەی بۆ فێربوونی زمان ڕوو لە سەنتەرەکان دەکات و دەڵێت "وەک پێویستیەکی فێربوونی زمان بەشداری یەکێک لە خولەکانی فێربوونی زمانم کرد، بەناو و ڕیکلام سەنتەرێکی باش بوو، بڕی پارەکەش لەسەرووی بڕی ئاساییەوە بوو، بە ئامانجی فێربوونێکی باشتر بەشداریم کرد، بەڵام دوای ٣ مانگ تەنها ئەوە فێربووم کە خۆم لەماڵەوە هەوڵم بۆدابوو".

"بەرزی" گوتیشی "بەداخەوە سەنتەرەکانی فێربوونی زمان، دەتوانین بڵێن لە ئێستادا بازرگانی دەکەن بە بەشێک لە خوێندکارانەوە، ئەرکی حكومەتە، وەک چۆن سیستمێکی باشی فێرکاریان بۆ فەراهەم نەکردوین، چاودێربن بەسەر ئەم سەنتەرانەوە، چونکە فێربوونی زمانی دووەم و زیاتر بووەتە پێویستی و سادەترین مه‌رجی ده‌ستكه‌وتنی هه‌لی كار، به‌ڵام  چۆن فێربین لەم سەنتەرانەوە ئەمە پرسیارەکەیە؟ رەنگە خوێندکار نەتوانێت ئەو بڕە زۆرەی پارە بدات بە خولەکان".

"نەجمەدین حاجی" بەڕێوه‌بەری سەنتەری "ژیوا" بۆ فێربوونی زمان دەڵێت سه‌نته‌ره‌كه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ فێربوونی زمانیشدا هه‌وڵده‌دات به‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی فێرخوازه‌كانمان له‌بواره‌كانی دیكه‌ی ژیانیان.لە ئێستاد بە گشتی بۆ هەردوو لایەنی خزمەت و بازرگانیشە، کە بتوانێت خزمەت بکەی بە فێرخوازان و زمان گرنگە. ئەمە ئامانجی سەرەکییەو دواتریش دەستکەوتنی لایەنی مادییە، ئـێمە وەک خۆمان بڕە پارەیەکی زۆر ڕەمزی وەردەگرین ئەمەش ناکرێت ناوی لێ بنێین بازرگانی کردن بە فێرخوازانەوە، ساڵانی پێشوو پێش ئەوەی قەیرانی دارایی ڕوو لە هەرێم بکات، سەنتەرەکان بڕێکی کەم هاوکاری مادییان لە حكومەت وەردەگرت، بۆ بەستنی کۆڕو چالاکی و فێربوونی زمانەکان، لەبەرامبەردا ڕێکخراوەکان  هەندێ کات خولەکانیان بەبێ بەرامبەر دەکردەوە، دواتر کە دارایی هەرێم بەرەو خراپی ڕۆشت سەنتەرەکان ناچار بوون بۆ بەردەوامی برێک پارە وەربگرن ".

"نەجمەدین" باسی لە دەرئەنجامی خولەکان کرد، بۆ ڕاچڵەکین گووتی "لە ئەنجامی ئەو خولانەی فێر بوونی زمان کە کردومانەتەوە ئەنجامێکی باشی هەبووە ئەو فێرخوازانەی لای ئێمە فێربوون شایەتی ئەوەمان بۆ دەدەن، توانیومانە متمانەی خێزانەکان بەدەست بهێنین،  حكومەتیش چاودێری داناوە لەسەر سەنتەرەکان بۆ ئەوەی بزانێت کارەکانیان چۆن بەڕێوە دەچێت".

ئەم بەڕێوه‌بەرە باس لە بەرزی نرخی هەندێ سەنتەر دەکات و دەڵێت "ڕاستە به‌شێک لە سەنتەرەکانی فێربوونی زمان بڕێکی زۆر پارە وەردەگرن لەو کەسانەی بەشداری خولەکانیان دەکەن، ڕەنگە ئەنجامەکەیشی ئەوە نەبێت کە چاوەڕێ دەکرێت، بەڵام من هەوڵمداوە بە نرخێکی گونجاو فێرخواز وەربگرم، شتێک بتوانێت خەڵک زۆر سودی لێوەربگرێت، دەبێت لە سیستمی پەروەردەو فێرکردنەوە دەست پێبکرێت وئاره‌زووی  فێربوونی زمانی دووەم و سێیەم دروست بکرێت لای تاکی ئێمە، حكومەت ئەگەر بیەوێت دەتوانێت مانگانە هاوکاری ئەم سەنتەرانە بکات بۆ ئەوەی بێبەرامبەر خولەکان بکەینەوەو یاخود بە پارەیەکی کەمتر ئەوکاتیش کەس ناتوانێت بازرگانی بکات بە خەڵکەوە".