هواوی كۆمپانیا سه‌ر به‌كێشه‌كه‌

95 جار خوێندراوەتەوە کات10:52 بەروار24-06-2019
هواوی كۆمپانیا سه‌ر به‌كێشه‌كه‌

سه‌رده‌شت عه‌زیز

به‌شی یه‌كه‌م

ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٢ حكومه‌تی چینی وه‌ك دیارییه‌ك به‌بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار باره‌گای یه‌كێتی ئه‌فه‌ریقای له‌”ئه‌دیس ئه‌بابا” ی پایته‌ختی ئه‌پیوبیا دروست كرد، هه‌موو پێداویستیه‌كانی باره‌گاكه‌، به‌سیسته‌می كۆمپیوته‌ری و بنكه‌ی زانیاریشه‌وه چین دابینی كرد‌، بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك ئه‌م باره‌گایه‌ بو به‌ ره‌مزێك بۆ نزیكبونه‌وه‌ی نێوان وڵاتانی ئه‌فه‌ریقاو چین و جوڵه‌ی بازرگانی زۆر به‌خێرایی گه‌شه‌ی كرد، له‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا په‌یوه‌ندی بازرگانیان به‌ڕێژه‌ی %٢٠ی زیادیكردو به‌مه‌ش چین بوه‌ به‌گه‌وره‌ترین هاوبه‌شی بازرگانی له‌ئه‌فه‌ریقا.

له‌مانگی یه‌كی ساڵی ٢٠١٨ دا رۆژنامه‌ی لۆمۆندی فه‌ڕه‌نسی هه‌واڵێكی بۆمب ئاسای بڵاوكرده‌وه‌و كه‌ سیسته‌می كۆمپیوته‌ری یه‌كێتی ئه‌فه‌ریقا كه‌وتوه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، رۆژنامه‌كه‌ له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی جیاوازه‌وه‌ بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی پێنج ساڵه‌ له‌نیوه‌شه‌واندا، به‌بێ ئاگاداری خۆیان سه‌رجه‌م زانیاریه‌كانی یه‌كێتی ئه‌فه‌ریقا له‌سێرڤه‌ره‌كانی باره‌گاكه‌وه‌ له‌ئه‌پیوبیاوه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ شه‌نگه‌های چینی، كه‌دوری نێوانیان ٨ هه‌زار كیلۆمه‌تره‌، ئه‌م گواستنه‌وه‌ی داتایه‌ بۆ ماوه‌ی ١٨٢٥ رۆژ به‌رده‌وام بوه‌.

ئاشكرابونی دزینی ئه‌م زانیاریانه‌ش كاتێك بوه‌ كه‌ باره‌گاكه‌ داخراوه‌و ده‌وامی تێدانه‌بوه‌ به‌ڵام توێژه‌رێك له‌ناو باره‌گای یه‌كێتی ئه‌فه‌ریقا ماوه‌ته‌وه‌، وه‌ك شه‌وه‌كانی دیكه‌ كه‌ده‌ستكراوه‌ به‌گواستنه‌وه‌ی زانیاریه‌كان بۆ شه‌نگه‌های ئه‌م توێژه‌ره‌ هه‌ستی به‌ زه‌ختێكی زۆر له‌سه‌ر سێرڤه‌ره‌كانی ناو باره‌گاكه‌ كردوه‌، دوای لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ئه‌مه‌ پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی زانیاریه‌كانه‌ بۆ شه‌نگه‌های، دواتریش ئاشكرا بوو كه‌ مایكرۆفۆن و ئامێری گوێگرتن خراوه‌ته‌ ناو دیواره‌كانی باره‌گاكه‌و ته‌نانه‌ت ناو مێزه‌كانیشیانه‌وه‌.

كاردانه‌وه‌كانی دوای ئه‌م ڕاپۆرته‌
دوای بڵاوبونه‌وه‌ی راپۆرته‌كه‌، یه‌كێتی ئه‌فه‌ریقا و چینیش ئه‌م زانیاریانه‌یان ره‌تكرده‌وه‌و وتیان ده‌ستی رۆژئاوایه‌ بۆ تێكدانی نێوانمان، به‌ڵام به‌رپرسانی ئه‌كێتی ئه‌فه‌ریقا به‌نهێنی به‌رۆژنامه‌ی لۆمۆندیان راگه‌یاندبوو كه‌ دڵگرانن له‌حكومه‌تی چین و ده‌ترسن له‌پشت پێبه‌ستنیان پێی.

ئه‌م هه‌موو كێشه‌یه‌ كه‌دروست ده‌بێت نهێنیه‌كه‌ی كۆمپانیایه‌كه‌ كه‌ئه‌ویش(هواوی)ه‌ چونكه‌ دابینكه‌ری سه‌رجه‌م ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی و سیسته‌می كۆمپیوته‌ری ناو باره‌گاكه‌ بوو، هه‌رچه‌ند به‌ڵگه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نه‌بوو كه‌گوایا هواوی به‌ئه‌نقه‌ست ئه‌م كاره‌ی كردوه‌ یان نا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوه‌ چۆن دابینكردنی ئه‌م هه‌موو ئامێره‌ به‌هواوی درا؟ یان چۆن له‌كاتێكدا كه‌ هواوی دابینكه‌ری سه‌رجه‌م ئامێرو دامه‌زرێنه‌ری بنكه‌ی زانیاریی ئه‌و باره‌گایه‌‌، بێ ئاگا بوه‌ له‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی ٥ ساڵ زانیاری ئه‌م باره‌گایه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی چین؟. 

وته‌بێژی هواوی به‌ بی بی سی راگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌وان له‌مه‌سه‌له‌ی بردنی زانیاریه‌كانی باره‌گای یه‌كێتی ئه‌فه‌ریقا بێ تاوانن و گرفته‌كه‌ ئه‌وان نین.

هواوی له‌م كێشه‌یه‌دا به‌به‌ڵگه‌ی راسته‌وخۆ تاوانبارنه‌كرا، له‌یارمه‌تیدانی چیندا بۆ بردنی زانیاریه‌كان، به‌ڵام ئه‌م روداوه‌ ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بوو له‌وه‌ی هواوی بخاته‌ ناو بازنه‌ی گومانه‌كان و زنجیره‌یه‌ك سزادان و بلۆككردنی له‌سه‌ر ئاستی جیهان.

دامه‌زراندن و گه‌شه‌كردنی هواوی

رێن زێنگفه‌ی دامه‌زرێنه‌ری هواوی له‌ساڵی ١٩٤٤ له‌ناوچه‌یه‌كی زۆر هه‌ژار، له‌باشوری چین له‌دایك ده‌بێت كه ‌له‌خێزانێكی ٩ كه‌سی هه‌ژاره‌وه‌ هاتوه‌، هه‌ر ئه‌م هه‌ژارییه‌ش وایلێكردوه‌ وه‌ك گه‌نجه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ساڵی ١٩٧٢ په‌یوه‌ندی به‌سوپاوه‌ بكات. له‌ساڵی ١٩٨٣ به‌هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی سوپاوه‌ رین سوپا جێده‌هێڵێت. پاش ٥ ساڵ له‌ساڵی ١٩٨٧ ڕێن زێنگفه‌ی هواوی دروست ده‌كات، سه‌ره‌تای هاتنی هواوی و رینی دامه‌زرێنه‌ری بۆ ناو دنیای بازرگانی نه‌یان توانی گه‌شه‌ بكه‌ن و رێنیش هۆكاری ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌هه‌موو ژیانی له‌ناو سه‌ربازیدا بوه‌و هیچی له‌بارگانی نه‌زانیوه‌و دواتر خۆی شاره‌زاكردوه‌ له‌بازرگانی و مێژوی ئه‌وروپادا.

دواتر ساڵ به‌ساڵ هواوی گه‌شه‌ده‌كات و خۆی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی دروست ده‌كات، له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی ١٩٩٠ه‌وه‌ هواوی ته‌نده‌ره‌كانی حكومه‌تی چینی بۆ دابینكردنی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی بۆ سوپا پێده‌درا.

له‌ساڵی ١٩٩٥ فرۆشتنی هواوی گه‌یشته‌ ٢٢٠ ملیۆن دۆلار به‌ڵام ئه‌م پاره‌ به‌زۆری له‌بازاڕه‌ شه‌عبیه‌كانه‌وه‌ بۆی هات.
ساڵی دواتر هواوی نازناوی ‘پاڵه‌وانی چین‌ ی پێدرا، ئه‌م نازناوه‌ له‌واقیعدا بۆ ئه‌وه‌بوو حكومه‌تی چینی بازاڕی به‌ڕوی كۆمپانیا بیانیه‌كانی ركابه‌ری هواوی داخست له‌به‌رژوه‌ندی هواوی.

هواوی یه‌كێكه‌ له‌و كۆمپانیایانه‌ی كه ‌كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر پێشخستنی ئابوری چین هه‌یه‌ و ساڵ به‌ساڵ رێژه‌ی فرۆشتنی له‌جیهاندا به‌رزده‌بوه‌وه‌و له‌ساڵی ٢٠٠٥ بۆ یه‌كه‌مجار چه‌ند رێكه‌وتنێكی گرنگی له‌سه‌ر ئاستی بازاڕی جیهانی كرد. 

به‌ڵام سه‌رباری سه‌ركه‌وتنه‌كان، گومانه‌كان له‌سه‌ر هواوی وه‌ك سێبه‌ر له‌گه‌ڵیدایه‌ به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی زانرا كه‌ رێنی دامه‌زرێنه‌رو كۆمپانیای هواویش په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ پارتی كۆمه‌نیستی ده‌سه‌ڵاتدار له‌چیندا هه‌یه‌و ئه‌مه‌ریكاش به‌ئامرازی ده‌ستی حكومه‌تی چین تۆمه‌تباری كرد.

رێن زێنگفه‌ی ده‌ڵێت وا بیرمه‌كه‌نه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی هواوی به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی تایبه‌تمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا هه‌یه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر كۆمانیاكه‌ش %١٠٠ هی حكومه‌ت بێت هه‌ر ده‌كرێت شكستخوارد بێت، سه‌ركه‌وتنی ئێمه‌ به‌هۆی كاره‌كانمانه‌وه‌یه‌ نه‌ك حكومه‌ت.

سه‌رچاوه‌: BBC, TECHWORM, Business INSIDER, TechDator, Cnet