دەستەیەک لە هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان لەبارەی تەندروستی زیاد ئەسعەد روونكردنەوە دەدەن

2721 جار خوێندراوەتەوە کات02:49 بەروار25-06-2019
دەستەیەک لە هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان لەبارەی تەندروستی زیاد ئەسعەد روونكردنەوە دەدەن


راچڵەكین-
دەستەیەک لە هونەرمەندان و رۆژنامەنووسانی كوردستان روونكردنەوە دەدەن لەبارەی هونەرمەندێك كە چەند رۆژی رابردوو لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا باسلە تەندروستی هونەرمەندی گەورەی كورد زیاد ئەسعدە دەكات.


لە روونكردنەوەكەدا كە وێنەیەكی دراوەتە راچڵەكین تیایدا هاتووە: "وەڵامێک بۆ ئەو برادەری خۆی بە ناوی هونەرزانی گەورە (زیاد ئەسعەد) هەڵواسیووە، بەداخەوە هەر ڕۆژەی بە جۆرێک و شێوازێک ناوی ئەم هونەرمەندە دەبەن لە بڕی هەموو وەفا و ڕێزێک بۆ كاروانی پڕ بەخششی هونەریی (زیاد ئەسعەد) كەچی دێن بە بووختان درۆ دەیانەوێ خۆیان هەڵبكێشن و ناوبانگێک بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن".

هاوكات بە وتوندی وەڵامی هونەرمەند سەردار كەركوكی دراوەتەوەو ئاماژە بەوە كراوە:  تۆ ئەگەر شارەزایی یەک تۆن لە هونەریی گۆرانی كوردیی هەبووایە لە دەنگت، ئەتزانی باسكردنی هونەرمەندێکی ئاوا گەورە چەندە نەشازە!، ئاخر جەماوەری هونەردۆستی كوردستان زۆر لە تۆ هۆشیار تر و عاقڵ ترن، ئەگەر كاک زیاد تووشی حاڵەتێکی ئاوا بوایە چۆن دەیتوانی ئاواز و تێکست دابنێ، كە تازەترینیان چەند گۆرانییەکی فیلمی سینەمای (پەیكەری دڵ) بوو، كە هەمووی دوو مانگێكە كارەكانی تەواو بووەو هونەرمەند (هەڵوێست محەمەد) رۆژانە قسەو گفتوگۆی لەگەڵ كردووە بۆ چۆنیەتی ئامادەكردنی گۆرانییەكانی، ئەرێ بەڕاست راگەیاندنی كوردی ئەوەندە نا هۆشیارە نەزانێت هونەرمەند نیە لەم وڵاتە لە هەموو دیمانیەكی رۆژنامەوانی باسی یارمەتیەكانی هونەرزانی گەورە (زیاد ئەسعەد) نەكەن!؟

ئەو هونەرمەندو رۆژنامەنووسانە رایدەگەیەنن: "لە ڕاستیدا ئێستا ئێمە تێدەگەین، كە هونەرمەند (زیاد) بۆچی خۆی بە دوور گرتووە لە وڵات و لە بەشێک لەو نەخۆشانەی وەک ئەم برادەرەی تووشی هیستریا بووە بە دەست ئەوەی (زیاد ئەسعەد) نە تەلەفۆنێک نە هەواڵێکی نازانێت، چونكە ئەو مرۆڤانە لەو ئاستە نین كاک زیاد بیان ناسێت!، كەچی بەداخەوە دێن بەم شێوە ناشارستانی و دوور لە هەموو بە ها رۆشنبرییەكان دەنگ و باسیێکی پڕ لە درۆ بڵاو دەكاتەوە، لە كاتێکدا هونەرمەند (زیاد ئەسعەد) رۆژانێک بووە ئەوەند چاكەی هەبووە بۆ ئەم بەڕێزە، دەبوو ئەوەندە نمەک دار بێت، ئەگەر جارێکی دیكە دەستاڕی ژیان سوڕایەوە ڕەنگە نەخۆشێکی هەبێت داوا بكات كاک (زیاد) بێت بە چەند گۆرانییەک بڵێت بۆ ئارام بوونەوەی نەخۆشییەكەی".

لە كۆتاییدا دەشڵێن: "بۆیە تا ئێرەو بەسە شەرم بكەن لەوەی كە دەیڵێین چونكە ئێمە پۆلێک هونەرمەند و كەسانی رۆشنبیرین زۆر چاک ئاگامان لە حاڵی هونەرمەندی ئازیز (زیاد ئەسعەد) ئەو هونەرمەند ئەوەندە ئاستی بەرزە و زۆر لەوش عاقڵترە خۆی خەریک بكات بەم قسە بێ بنەمایانە، دڵنیابن ئەم قسانە جگە لە دۆریەكی بێ نەما هیچی تر نیە، ئەم جۆرە قسانەش تەنها تەنها دەبێتە مایەی ناشرین كردنی خۆی و هیچی دیكە".

چەند رۆژی رابردوو گۆرانیبێژ سەردار كەركوكی لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە بە خراپی ئاماژە بە تەندروستی هونەرمەندی گەورە زیاد ئەسعەد دەكات ئەمەش كاردانەوەی هەوادارو هونەرمەندانی لێكەوتەوە.

زیاد ئەسعەد كێیە؟
لە ساڵی 1966ـدا، گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر منداڵێکی بۆ زیاد دەبێت، ئەو منداڵە ناوی لێ دەندرێت زیاد، ساڵان دێت و دەڕوات، ئەو منداڵە گەورە دەبێت و باڵا دەکات، هەر لەو کاتەوەی دەفامێ، لە لایەن هاوڕێکانییەوە هەست بە دەنگخۆشییەکەی دەکرێت، ئەو یەکەم گۆرانیی لە ساڵی 1987ـدا تۆمار دەکات، کە هیی قادری سیاحییە بە ناوی "دوعا دەکەم"، پاشان زیاد ئەسعەد، هەگبەی پڕتر و بەرهەمی زیاتری دەبێت و لە نێو گەنجانی هەولێردا دەناسرێت، ئەوسا و ئێستایش بەرهەمەکانی بە جۆرێک کاریگەرن،
 
کەم کەس هەیە ئارەزووی گوێگرتنی لە دەنگی نەبێت، دەیان شوێن و بازاڕگە وێنە و تابلۆی زیاد ئەسعەدیان هەڵواسیوە، خەڵک ئەوی لە بیرە، بەڵام هەر ئەو خەڵک و گوێگرانەیش، وا هەست دەکەن زیاد ئەوانی لە بیر کردووە، چونکە پتری 8 ساڵە ئەو هونەرمەندە هیچ بەرهەمێکی بە گوێی هەوادارانیدا نەچرپاندووە، لە کاتێکدا دەیان کاری ڕەنگینی بۆ هونەرمەندانی دیکە کردووە. ‏‎گۆڤاری "چرپە" لە سەرچاوە نزیکەکانی زیاد ئەسعەدەوە هەوڵی داوە زۆر بابەت لە بارەی ئەو هونەرمەندەوە وەربگرێت و وەک بابەتێکی ڕۆژنامەوانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکات و شیکاریان بکات.
 
‏‎دەنگۆیی زۆر هەیە کە زیاد ئەسعەد ساڵانێکە بە هۆکاری کێشەی کۆمەڵایەتی و هۆکاری دیکەی نادیارەوە نایەتەوە کوردستان، یان نایەوێت بێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە چەندجارێک هەلی بۆ ڕەخساوە، یان لانی کەم وەک مرۆڤێک دەیتوانی بێتەوە کوردستان، لەم بابەتەدا، وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەندانی دیکە خراوەتە ڕوو، هەروەها چەند زانیارییەکی دیکەی تایبەتی لەسەر زیاد ئەسعەد تێدایە.
 
زیاد ئەسعەد لە ساڵی 2006ـدا بۆندێک لەگەڵ ڕادیۆی نەوادا واژۆ دەکات، بە پێی ئەو بۆندە کە دوو بڕگە بووە، ئەو ڕادیۆیە 30 هەزار دانە لە ئەلبوومی زیاد وەردەگرێت بەرانبەر 2 هەزار دۆلار، هەروەها لە بەشی دووەمی بۆندەکەیدا هاتووە بەرانبەر بەهای دیکە ژمارەی زیاتر لەو بەرهەمەی ببات، بەڵام وەک سەرچاوەیەکی نزیک لە زیاد ئەسعەد بۆ چرپە باسی کرد، بە هۆی کەمی و خراپیی باری دارایی، بەشی هونەریی ڕادیۆی نەوا ڕاگیرا و نەما، هەر لەبەر هەمان هۆکار لەو کاتەدا ئەو ڕادیۆیە بۆندی چەند هونەرمەندێکی دیکەی هەڵوەشاندەوە. ‏‎هەر لەو ساڵەدا، واتە ساڵی 2006، لە ڕێگەی هەریەک لە هونەرمەندان هاوتا ئەسعەد و دلاوەر هەریرییەوە، کە ئەمەی دوایی ئەوکات بەڕێوەبەری کارە هونەرییەکانی زیاد ئەسعەد بووە لە سوێد، داوایان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری کرد تا بە داوەتی فەرمی زیاد ئەسعەد بانگهێشتی کوردستان بکەنەوە بۆ کاری هونەری، کە ئەوکات خوالێخشۆشبێت (سامی شۆڕش) وەزیری ڕۆشنبیری بووە، بەڵام زیاد ئەسعەد سوپاسی هەوڵ و هەڵوێستی وەزارەتی ڕۆشنبری و سامی شۆڕشی کردووە، بەڵام ڕەتی کردەوە بە دەم ئەو داوایەوە بێتەوە و وتبووی: من دەمەوێت گەڕانەوەم بۆ کاری هونەری لە ڕێگەی کۆمپانیایەکەوە بێت. ‏‎هەر لەو ساڵەدا، کۆمپانیای ڕۆژبین کە ئەو کات تازەکی هونەرمەند ئیبراهیم تاتڵیسسی هێنابووە کوردستان، ویستی بە بەرنامەیەک زیاد ئەسعەد بهێنێتەوە کوردستان، بەڵام وەک سەرچاوە نزیکەکەی زیاد ئەسعەد خستییە ڕوو، لە بەختی زیاد ئەسعەددا ئەو کۆمپانیایە ئیفلاس بووە و کارەکانی پەکی کەوتووە. ‏‎ئەو کەسە نزیکەی "زیاد ئەسعەد"، هۆکاری سەرکەنەکەوتنی زیاد ئەسعەد لە هەوڵی گەڕانەوەدا، بۆ بێبەختی ئەو هونەرمەندە و خراپیی ڕۆڵی هەندێک لە هاوڕێ گۆرانیبێژەکانی، کە لەگەڵیدا کارپاک نەبوون گەڕاندەوە، هەروەها هەوڵی دیکە هەبووە بۆ هاتنەوەی ئەو هونەرمەندە، بەڵام کەسی ڕێگریش هەبووە. ‏‎هەرچەندە بەشێکی خەڵک دەیخەنە ڕوو کە زیاد چەند کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە بۆیە ناگەڕێتەوە کوردستان و لەوانە: دوژمنداری، قەرزداری و بوونی ناخۆشی لەگەڵ ماڵە مامەکانیدا و پێشترین ئەو قسانە دراونەتە پاڵ زیاد ئەسعەدەوە، بەڵام لە بەرانبەردا هونەرمەند هاوتا ئەسعەدی برای، لەو بارەیەوە دەڵێت: من لە سوێد چەند ساڵێک لەگەڵ زیاد ئەسعەددا پێکەوە ژیاین، هەروەها لە ساڵی 1999ـەوە من گەڕاومەتەوە کوردستان، لەوکاتەوە تا ئێستا کە نزیکەی 12 ساڵە کەسێک نەهاتووەتە پێش ماڵەکەم و بڵێت من کێشەم لەگەڵ زیاد ئەسعەدی براتدا هەیە، هەرکەسێکیش هەر کێشەیەکی هەیە، با بێتە لای من و من بۆی چارەسەر دەکەم، ئەو قسانەی لە بارەی زیادەوە دەکرێن، لە نائامادەیی خۆیدان و کەسێک لێرە نەبێت، هەندێک کەس هەوڵ دەدەن بوختان و تۆمەتی ناڕەوای بۆ هەڵبەستن، دەنا زیاد ئەسعەد کێشەیەی لەو شێوەیەی نییە کە چەند کەسێک دەیدەنە پاڵی. ‏‎هەروەها لە بارەی بەکاربردنی ماددەی هۆشبەرەوە لە لایەن ئەو هونەرمەندە، سەرچاوە نزیکەکە لە زیاد ئەسعەدەوە دەیخاتە ڕوو: ئەو قسانە ڕاستییان بۆی نییە و تەنیا هەوڵێکی شکستخواردووە بۆ شکاندنی کەسایەتیی زیاد ئەسعەد، تەنانەت ئێستا زیاد ئەسعەد جگەرەیش ناکێشێت، کە پێشتر جگەرەکێشێکی سەرکێش و بەردەوام بووە. ‏‎هەرچەندە لە مانگی 6ـی ساڵی (2010)ـدا بە ئامادەبوونی بەشێکی زۆری ڕۆژنامەوانانی هونەری و ناهونەری، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوە وەشان کرا کە پاش ماوەیەکی دیکە بەرهەمی تازەی هونەرمەند زیاد ئەسعەد دەکەوێتە بەر گوێی هەواردان و هۆگرانی دەنگی، وەلێ ئەوە ساڵێکی ڕێک بەسەر ئەو کۆنگرەیەدا تێ پەڕی، تا ئێستا بەرهەمەکەی بڵاو نەکراوەتەوە و دەنگی بڵاوکردنەوەیشی نییە، ئەوەیش گوێگرانی نائومێد کردووە. ‏‎لەو کۆنگرەیەدا، زیاد ئەسعەد سەر هێڵی تەلەفۆن پەیامی خۆی ڕاگەیاند و لە بارەی بەرهەمە تازەکەیەوە قسەی کرد. ‏‎زیاد ئەسعەد لە پەیامەکەیدا ئەوەی ئاشکرا کرد، کە ئەو کۆمپانیا هونەرییانە و بەڕێوەبەری کارەکانی، هیوایان بەو بەخشییەوە، کە بە بەرهەمی تازەوە بگەڕێتەوە نێو هەوادارنی هونەری و تایبەتی گوێگرانی گۆرانی و مووزیکی کوردی، هاودەم ئەوەیشی دەربڕی کە ئەو بەرهەمەی لە ڕووی کوالێتی و ناوەڕۆکەوە جیاوازیی لەگەڵ کۆی بەرهەمەکانی پێشوویدا هەیە و وتیشی لە ڕێگەیەکی جیاوازەوە کارەکانی ئەمجارەی ئەنجام دەدات، بەرهەمەکەیشی بە زۆر باش دانا. ‏‎ئەو بەرهەمەی زیاد ئەسعەد، نێوی (سوێند) دەبێت و لە لایەن هەردوو کۆمپانیای "بلو پرۆجەکشن و "مێ ڤیژن"ـەوە کڕدراونەتەوە، بەڵام ئێستا هیچی ئەو کارە دیار نییە. لەو بارەیەوە حەسەن غەفووری خاوەنی کۆمپانیای "مێ ڤیژن me vision" دەڵێت: "ئێمە وەک هەردوو کۆمپانیای مێ ڤیژن و بلو پڕۆجەکشنەوە لەسەر بۆندەکەمان بۆ کڕینەوەی بەرهەمەکەی زیاد ئەسعەد بەردەوامین، ئەو بۆندە بریتییە لە دوو بڕگە، یەکەمیان کڕینەوەی بەرهەمە تازەکەی زیاد ئەسعەد کە لە نۆ تراک پێک دێت و بڕە پارەیەکی زۆرمان بۆ بەرهەمەکەی داناوە، هەروەها بڕگەی دووەمیش ئەنجامدانی 4 کۆنسێرتە لە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی، کە دووانیان تایبەت و دوانیان گشتین، نرخی ئەو کۆنسێرتانەیش بە شێوەیەکن تا ئێستا هیچ هونەرمەندێکی کورد و تورک و عەرەب و فارس ئەو نرخەی پێ نەدراوە.
 
لە بارەی دواکەوتنی بەرهەمەکەیەوە کە بڕیار بوو لە زووترین ماوەدا بێتە بڵاوکردنەوە، حەسەن فەغوور دەڵێت: "یەکەمجار بڕیار بوو کە ئەو بەرهەمەی زیاد ئەسعەد لە لایەن گرووپێکی موزیکی سوێدییەوە ئەنجام بدرێت، بەڵام پاش ماوەیەک زیاد ئەسعەد بۆی دەرکەوت کە کارەکە لەگەڵ ئەواندا باش دەرناچێت، بۆیە بڕیاری دا کە گرووپێکی دیکەی موزیک ئەو کارەی بۆ تەواو بکەن و ئێستایش بەشێکی کاری تۆمارکردنی گۆرانییەکانی تەواو بووە و لە کاتی کارکردندان. ‏‎هەروەها بۆیە زیاد ئەسعەد لە کارەکەیدا پەلە ناکات، چونکە پێی وایە ئەم کارەی دەبێتە قۆناغێکی دیکە لە مێژووی کارە هونەرییەکانی خۆی و تەواوی کارە هونەرییەکانی ئەم قۆناغەی ئێستای هونەری کوردی. ‏‎حەسەن غەفوور هێما بۆ ئەوەیش دەکات: گوێم لە هەر نۆ گۆرانییەکە گرتووە و لە نزیکەوە لە سوێد لەگەڵ زیاد ئەسعەددا دانیشتووم، ئەلبوومەکە خۆی 9 گۆرانییە، بەڵام بە ڕای من نۆ شاکارە، هەر یەکێک لەو گۆرانییانە بە شێوەیەکی جیاواز باس لە بابەتێک دەکات و پێوەندی بە بوارێکی ژیانی مرۆڤەوە هەیە، من دەڵێم ئەگەر گۆرانیی کوردی ئێسا بە شەقامێکدا بڕوات، ئەو شاڕێیەکی تازەی دۆزیوەتەوە، هەموو گۆرانییەکانیش هۆنراوە و ئاواز و دابەشکردنی مووزیکی خۆیەتی. ‏‎حەسەن غەفوور دەڵێت: من بەر لە 8 ساڵ توانا و لێهاتوویی زیاد ئەسعەدم بۆ دەرکەوت، ئەو هەموو گۆرانییەیشی کە بە هونەرمەندانی دیکەی داوە، سەرکەوتنی بەرچاو و کەموێنەی بە دەست هێناوە، چ جای خۆی بێت و بە دەنگی خۆی بەرهەمەکە تۆمار بکات، دواکەوتنیشی واتەی بەرهەمنەهێنانی نییە. ‏‎لە بارەی هۆکاری ئەو ناخۆشییەی کە لە نێوان زیاد ئەسعەد و زەکەریا عەبدوڵڵای موزیکژەنیدا هاتە کایەوە، سەرچاوە نزیکەکەی ئەو هونەرمەندە، ڕایگەیاند: یەکەم ئەلبوومی زەکەریا عەبدوڵڵا، هەموو گۆرانییەکانی وەک: تۆ هاتی، نەمزانی، ئامینێ، وەرە لام، کیژێ تۆ و سەرچۆپی و چەند گۆرانییەکی دیکە، ئاواز و هۆنراوەی زیاد ئەسعەد بوون و ئەو کات زەکەریا موزیکژەنی زیاد ئەسعەد بووە و پێکەوە دەژیان و موزیکی گۆرانییەکانی زیاد ئەسعەدی دابەش و ئامادە کردووە، لەو کاتەدا کە گۆرانییەکان ئامادە دەبن، زیاد ئەسعەد بۆ ئاهەنگگێڕان دەچێتە ئەڵمانیا، بەڵام لەو کاتەدا زەکەریا بەبێ پرسی زیاد ئەو گۆرانییانە تۆمار دەکات و تەنانەت کاتێک موزیکڤان بژار دیلان ئەو هەواڵەی دەداتێ، زیاد بڕوا ناکات، ئەوەیشی زیاتر زیادی تووڕە کردووە و وای کردووە پێوەندی لەگەڵ زەکەریادا بپچڕێنێت، ئەوەیە کاتێک ئەو بەرهەمانەی تۆمار کردووە، ناوی زیادی لەسەر نەنووسیوە، تەنانەت لە کلیپی گۆرانیی "نەمزانی"ـدا لە ناوی هۆنراوەنووسدا لە بری زیاد ئەسعەد ناوی "شاڵاو"ـی نووسیوە، کە خودی شاڵاو بێئاگایی خۆی لەو شیعرە دەربڕیوە، وەک زاندراوە زەکەریا گۆرانیبێژ نەبووە و لە ڕێگەی ئەو ئەلبوومەی زیادەوە بووە بە گۆرانیبێژ. ‏‎ئەو سەرچاوە نزیکەی زیاد، لەسەر نزیکی و کارتێکردنی گۆرانی و مووزیکی فارسی لەسەر زیاد ئەسعەد، بە جۆرێک هەندێک بەرهەمی زیاد کتومت بەرهەمی فارسین دەڵێت: هەر هونەرمەندێک سەرەتا بە ستایلێک و جۆرە ڕێبازێکی هونەری سەرسامە و کاریگەرە، زیادیش هەر لەو چوارچێوەیەدایە، هەروەها کولتووری فارس و ئێران بۆ ئێمەی کورد لە کولتووری تورک و عەرەب نزیکترە، بۆیە زیاد سوودی لە هونەر و مووزیکی فارس وەرگرتووە، بەڵام لەم بەرهەمەی ئێستایدا، هیچ ستایلێکی فارسی بەسەر بەرهەمەکەیەوە رەنگ ناداتەوە. ‏‎لە بارەی سەرنەدان لە خێزان و بنەماڵەکەی و مانەوە بۆ ئەو ماوە زۆرە لە غەریبیدا و تەنانەت بۆ کۆچی دوایی دایکیشی نەهاتەوە، ئەو سەرچاوە نزیکەی زیاد دەڵێت: ئەو باوەڕی وایە کە ژیانی خۆی داوە بە هونەر، هەروەها پێی وایە پێویستی بە سەردان و گەڕانەوە نییە و لەوێ بێت باشترە، بەدەر لەوەیش دەرفەتی کەم بووە و هەمیشە لە وڵاتانی کەنەدا، ڕووسیا و سوێد و شوێنەکانی دیکە خەریکی خوێندن و فێربوونی زمان و شتی دیکەی هونەری بووە، کە هەر ئەوەیش وای کردووە زیاتر لە نێو دنیای ئاواز و هۆنراوەی گۆرانی و موزیکژەنیندا قووڵ ببێتەوە، لەوانەیە هەر ئەو کەمدەرفەتییەی هۆکاری دابڕان و گۆشەگیربوونی بووبێت لەو ژمارە لەبننەهاتووەی هاندەران و گوێگرانی، بە شێوەیەک ئێستا لە هەموو دنیادا، ژمارە تەلەفۆنی زیاد ئەسعەد تەنیا لە لای 6 تا 7 کەسە، کە سیان لەوانە لە کوردستانن و ئەوانی دیکە لە دەرەوەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە کەسێکی زۆر نەناسراو لەوانەیە ژمارە مۆبایلی لە لای سەدان و هەزاران کەس بێت، نەخاسمە کەسێکی وەک زیاد کە لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەکەی کوردستان ناسراوە. ‏‎هاوکات بە کۆچی دوایی دایکی زۆر کاریگەری دەبێت، هەر ئەوەیش وای کردووە کە هەوڵ بدات کارێکی هونەری جوان بۆ دایکی بکات، هەروەها لەو گۆرانییەکەی کە هونەرمەند هاوتا ئەسعەد بۆ دایکی گوتی و هۆنراوەی شەفیق بەیاد بوو، زیاد ئەسعەد بڕگەیەکی خستووەتە نێو ئەو هۆنراوەیە و سۆزی خۆی بۆ دایکی دەربڕیوە. ‏‎زیاد ئەسعەد لە بارەی هۆکاری پێکنەهێنانی ژیانی هاوسەرییەوە تا ئێستا، کە تەمەنی بە 45 ساڵان گەییشتووە، دەڵێت: "هێشتا کاتی نەهاتووە". ‏‎لە بارەی چەند پرسێکی دیکەی کۆمەڵایەتییشەوە، ئەو سەرچاوە نزیکەی زیاد ئەسعەد، ئەوە دەخاتە ڕوو کە زیاد ئەسعەد قسەزانێکی زۆر بەتوانایە، هاوکات بە قسەخۆشێکی دەگمەنیش دادەندرێت، هەروەها ئەو بە خوێنەرێکی یەکجار باشی بوارەکانی فەلسەفە، ڕۆمان، شیعر و بابەتی دیکەی بە زمانەکانی ئینگلیزی، فارسی، فەڕەنسی و عەرەبی دادەندرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشێکی زۆری هونەرمەندانی کورد، کەمتر خۆیان بە خۆڕۆشنبیرکردنەوەی سەرقاڵ دەکەن. ‏‎زیاد ئەسعەد، وەک خۆی هێمای بۆی کردووە، حەزی لە دەنگی هونەرمەندان حەسەن زیرەک، مەزهەری خالقی، گوڵپایەگانی و ئوم کەلسووم و چەند هونەرمەندێکی دیکەیە. ‏‎
 
زیاد ئەسعەد لە ڕووی ئایدۆلۆژیای حزبییەوە سەر بە هیچ حزبێک نییە و تەنیا هەستێکی نیشتیمانیی کوردانەی هەیە و بۆ ئەو مەبەستەیش، زیاد لە ساڵی 1991ـدا گۆرانی بۆ پێشمەرگە گوتووە، ئەمە لە کاتێکدایە باس دەکرێت کە پێشتر وەک زۆربەی گۆرانیبێژانی دیکە گۆرانی بۆ حکوومەتی سەددام وتووە، بەڵام لەو بارەیەوە زیاد ئەسعەد ڕوونی کردووەتەوە کە ئەوکات لە هۆڵی گەل فەرمانبەر بووە و لە گەرمەی شەڕی ئێران – عێراقدا بووە و بە زۆری گۆرانییان پێ وتوون، هەروەها ئەو تەنیا لە کۆرسدا بووە نەک گۆرانیبێژی سەرەکی و گۆرانییەکە ناوی "بەڵێن" بووە. ‏‎زیاد دوای شەهیدبوونی عەبدولڕەزاقی برای کە گۆرانی "ئەرێ بر"ـی وتووە، لە لایەن دەزگەی ئەمنەوە دەستگیر کراوە، باسیش دەکرێت کە ئەو برایەی دەنگی زۆر خۆش بووە. ‏‎زیاد ئەسعەد، لە ڕووی ئایینییەوە بڕوایەکی پتەوی بە خودای گەورە هەیە و زۆریش بە تەواوی لایەنەکانی ژیانی پەیامبەری ئیسلام (محەممەد) سەرسامە. ‏‎هاوکات زیاد ئەسعەد تا ئێستا ئیمەیلی تایبەت بە خۆی نییە و کار بە ئیمەیل ناکات، هەروەها فەیسبووکیشی نییە، بەڵام بۆ سوودوەرگرتن ئینتەرنێت بە کار دەهێنێت. ‏‎ئێستا زیاد ئەسعەد لە ڤێللایەک لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد دەژیت و لە کارکردنیش بۆ هونەرمەندانی دیکە بەردەوامن. ‏‎زیاد
 
ئەسعەد کێیە؟ ‏‎زیاد ئەسعەد، هونەرمەندێکی ناسراوی کوردە، لە ساڵی 1966ـدا لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر لە دایک بووە، تا تەواوکردنی ئامادەیی پیشەیی لەو شارە خوێندوویەتی، لە ساڵی 1983ـدا دەستی بە کاری هونەری کردووە. ‏‎یەکەم گۆرانیی ئەو "دوعا دەکەم شەو و ڕۆژان من، بتسوتێنی ئاهـ و ناڵەی من" بووە کە بەرهەمی قادری سیاحییە، ئینجا چەند گۆرانییەکی دیکەی تۆمار کردووە. یەکەم کاسێتی گۆرانیی لە ساڵی 1988ـدا بڵاو کردووەتەوە، لە ساڵی 1989ـدا سەردانی وڵاتی ئێران و چەند هونەرمەندێک دەکات، لەوانە (سەعید قەندی و گوڵپایەگانی). ‏‎ئینجا زیاد دەگەڕێتەوە کوردستان و لە 1990ـدا ئەلبوومێکی دیکە بڵاو دەکاتەوە. دوای سێ ساڵ و لە 1993ـدا ئەلبوومێکی دیکە بڵاو دەکاتەوە و کوردستان جێ دەهێڵێت و جارێکی دیکە دەچێتەوە ئێران، ماوەیەک لەوێ وانەی (دەف و ئاواز و چۆنیەتی گۆرانیوتن) دەخوێنێت و لەوێ فێری زمانی فارسی دەبێت. زیاد دواتر دەچێتە ڕووسیا و لەوێ فێربوونی مووزیک و شێوازەکانی کارکردن لەسەر ستایلە جۆربەجۆرەکانی گۆرانی و مووزیکی جیهانی دەخوێنێت. کە ماوەی 2 ساڵ لەو وڵاتە دەمێنێتەوە و فێری زمانی ڕووسیاییش دەبێت. لەوێوە دەچێتە کەنەدا و ماوەیەک لەوێیش دەخوێنێت و فێری زمانی "ئینگلیزی" دەبێت. ئینجا دەچێتە وڵاتی سوێد و ماوەی 3 ساڵ لە قوتابخانەیەکی هونەری و کولتووری مووزیکی جیهانی و سوێدی لەو و وڵاتە دەخوێنێت و شارەزایی لەسەر چەند ئامێرێکی مووزیک پەیدا دەکات، لەوانە کیبۆرد و کلارنێت، پێشتریش لە کوردستان زۆر بە باشی لە ئامێری شمشاڵی ژەنیوە و پێش ئەوەی وەک گۆرانیبێژێک بناسرێت، نەیژەن و شمشاڵژەنێکی کارامە بووە، لە منداڵیشدا بەردەوام قەمیشی لە رەزێکی نزیک ماڵیان بردووە بۆ ئەوەی خۆی شمشاڵ دروست بکات. ‏‎زیاد لە 1998ـدا بەرهەمێکی تازەی بە نێوی "نەمزانی" بڵاو کردەوە. لە 2001 چەند گۆرانییەکی دیکەی لە ڕێگەی کەناڵی مێدیا تیڤییەوە تۆمار کرد. زیاد ئەسعەد لە 2003ـدا دوابەرهەمی خۆی بە نێوی "سکاڵا" وەشان کرد و دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو، بەڵام لەوە بە دوا تا ئێستا هیچ بەرهەمێکی دیکەی نەبووە. ‏‎زیاد ئەسعەد تا ئێستا زیاتر لە 130 ئاواز و هۆنراوەی داوە بە هونەرمەندانی کورد، لەوانە (ڕۆژ کەریم، ئەژدەر وەهبی، زەکەریا عەبدوڵڵا، چۆپی فەتاح، لەیلا فەریقی، هێڤی، تارا ڕەسوول، دڵنیا ڕەزازی، ئەیاد حسێن، پەیوەند جاف، بڵند ئیبراهیم، موحسین عەبدوڵڵا، گۆڤان ڕواندزی، بڵند عەبدوڵڵا، حەسەن غەفوور، دانا بەرواری. هەڵمەت، ئومێد باڵەبان، هەردی سوێدی، کوردە، دیلمان دیۆ، دڵشاد، هەمین سوێدی، مژدێن و هەردی سوێدی) و ئەو گۆرانییانەی سەرکەوتنی بەرچاویان بە دەست هێناوە و بە زووی چوونەتە نێو گوێگران و خەڵک. ‏‎ئەو هونەرمەندە گەورەیەی کورد، لە دوای ساڵی 1999ـەوە، ئەزموونی چەندان ساڵەی هونەریی خۆی، کردووەتە هەوێنێک بۆ هونەری گۆرانیی کوردی و توانیی چەندان هونەرمەندی گۆرانیبێژ بهێنێتە نێو بوارەکە.