بۆ ئه‌وه‌ی‌ دوای هاوسه‌رگیری توشی شۆك نه‌بیت چاوه‌ڕێی ئه‌م 6 گۆڕانكاریه‌ بكه‌

1483 جار خوێندراوەتەوە کات10:01 بەروار29-06-2019
بۆ ئه‌وه‌ی‌ دوای هاوسه‌رگیری توشی شۆك نه‌بیت چاوه‌ڕێی ئه‌م 6 گۆڕانكاریه‌ بكه‌

ڕاچڵەكین-

دوور له‌ چیرۆك و دراما ڕۆمانسیه‌كان ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی‌ مرۆڤ زۆر جیاوازه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت به‌و گۆڕانكاریانه‌ ئاشنا ببیت كه‌ دوای هاوسه‌رگیری به‌سه‌ر ژیانتدا دێت ئه‌وه‌ باشتره‌ ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێنیته‌وه‌.

1- دان پیانان بە هەڵەدا مانای ئەوە نیە تۆ كەسێكی خراپیت:
كاتێك هاوسەرگیری دەكەیت و ژیانت دەبێتە پەیوەندیەكی نوێ لەگەڵ كەسێكی نوێ دەبێت ئەوەت لەبەر چاو بێت هەر كەس خاوەنی ڕەفتاری باش و خراپە و هەڵە دەكات و یەكەم هەنگاویش لەم پرۆسەیە ئەوەیە دەبێت هەردولا دان بە هەڵەكانیاندا بنێن و ئەمەش مانای ئەوە نیە كە كەسێكی خراپن.

2-خۆشەویستی بەهێزترین چەكە:
خۆشەویستی تەنها دەربڕینی هەست و سۆز نییە و بەڵكو كاركردنە و لێخۆشبوون و میهرەبانی و گرنگی پێدانە و حۆشەویستی پارێزەری هاوسەرگیریە.

3- تۆ بەرپرس دەبیت لە هەڵسوكەوت و دەربڕینەكانت:
چیتر كاتی ئەوە نییە بە مەزاج كار بكەیت و بجوڵێیتەوە چونكە ئیتر تەنها خۆت نیت و كەسێكی دیكە كە پێی دەوترێت هاوبەشی ژیان لەگەڵتدایە و ڕەفتار و بڕیارەكانی تۆ كار لە باشی و خراپی پەیوەندیەكەتان دەكات.

4-ناتوانیت كەس بگۆڕیت بەڵام دەتوانیت لێی تێبگەیت:
ئەگەر نیازی ئەوەت هەیە هاوسەرەكەت بگۆڕیت ئەوە هەڵەیت و تەنانەت بیریشی لێ مەكەرەوە چونكە تۆ ناتوانیت كەسایەتی هیچ كەسێك بگۆڕیت بەڵام دەتوانیت لێی تێبگەیت و بە گوێرەی ئەوە خۆت ڕێكبخەیت.

5- بڕیارەكانی تۆ كاریگەری لەسەر دەوروبەرەكەشت دەبێت:
ئەگەر پێش هاوسەرگیری بڕیارەكانت كاریگەریان نەبووە ئەوە لە ژیانی هاوسەرگیریدا بڕیارەكانت كاریگەری دەبێت لەسەر ژیانی خۆت و هەندێكجار ئەو كەسانەی لە دەوروبەرتن لەبەر ئەوە زۆر گرنگە پێش هەموو بڕیارێك تەواو لێكدانەوە بۆ بابەتەكە بكەیت.

6- هەستەكانت نابێت بڕیاری لەسەر ڕەفتارەكانت بدات:
ئاساییە ئەگەر هەستی خەمباری و بێزاری و بێ هیوایت هەبێت بەڵام هەرگیز ڕێگە مەدە ئەمە زاڵ ببێت بەسەرتدا و بڕیار لەسەر ڕەفتارەكانت بدات و هەمیشە بە گەش بینی بۆ ژیانت بڕوانە.