هواوی كۆمپانیا سه‌ر به‌كێشه‌كه‌

99 جار خوێندراوەتەوە کات10:49 بەروار30-06-2019
هواوی كۆمپانیا سه‌ر به‌كێشه‌كه‌

به‌شی دووه‌م:

كه‌یسه‌كانی دژی هواوی
له‌ئێستادا كه‌یسه‌كان دژی هواوی زۆرن و ته‌نها وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مه‌ریكا ٢٣ تۆمه‌تی ئاراسته‌ كردوه، ‌ كه‌به‌شێك له‌كه‌یسه‌كان ئاشكرا كراون ئه‌مانه‌ن:
١- سه‌ره‌ڕای گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران به‌ڵام هواوی بازرگانی له‌گه‌ڵ كردوه‌. سه‌رۆكی هواوی به‌ FBI وتوه‌ كه‌بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێران ناكات به‌ڵام دوای ده‌ركه‌وتوه كۆمپانیای دیكه‌ی به‌كارهێناوه‌ بۆ ئه‌م كاره‌، به‌جۆرێك ئامێری به‌كۆمپانیای دیكه‌ فرۆشتوه‌ له‌میسر كه‌ئه‌ویش داویه‌تی به‌ئێران.
٢- خه‌ڵاتی ماددی كارمه‌ندانی كردوه‌ كه‌ نهێنی كۆمپانیا ركابه‌ره‌كانی بۆ بدزن.
٣- هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی دوو بانكی ئه‌مه‌ریكی و به‌كارهێنانیان له‌بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێران.
٤- به‌كارهێنانی ته‌له‌فۆن و ئیمه‌یڵ بۆ فێڵكردن.
٥- له‌ناوبردنی چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه‌تێیدا هواوی تۆمه‌تبارن.
٦- دزینی داهێنانی كۆمپانیا ركابه‌ره‌كانی.

نمونه‌یه‌ك له‌سه‌ر دزیكردنێكی هواوی له‌كۆمپانیاكانی دیكه‌:
بردنی رۆبۆتی Tappy
كۆمپانیای T-Mobile رۆبۆتێكی دروست كردوه‌ به‌ناوی Tappy كه‌بۆ تێستی مۆبایل به‌كاردێت له‌دۆزینه‌وه‌ی هه‌ر گرفتێك له‌مۆبایله‌كه‌دا هه‌بێت، هواوی له‌ڕێگه‌ی كارمه‌ندێكی ئه‌مه‌ریكایه‌وه‌ هه‌وڵده‌دات ئه‌م ئامێره‌ ببات و نهێنی دروست كردنه‌كه‌ی وه‌ربگرێت، كارمه‌نده‌كه‌ به‌دزییه‌وه‌ ئامێره‌كه‌ ده‌خاته‌ ناو جانتاكه‌ی و دواتر ده‌ستگیرده‌كرێت به‌ڵام ئه‌م كارمه‌نده‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كه‌به‌ئه‌نقه‌ست ئه‌م كاره‌ی كردبێت و ده‌ڵێت ئامێره‌كه‌ به‌هه‌ڵه‌ كه‌وتوه‌ته‌ ناو جانتاكه‌یه‌وه‌و دواتریش كۆمپانیای هواوی خۆی له‌و كارمه‌نده‌ بێ به‌ریده‌كات و ده‌ڵێت ئه‌وكاره‌ی به‌شه‌خسی كردوه‌و بۆ ئێمه‌ نه‌بوه‌، ئه‌م روداوه‌ له‌ساڵی ٢٠١٢ رووده‌دات به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ ئیمه‌یڵێكی نێوان ئه‌م كارمه‌نده‌و به‌ڕێوه‌به‌رێكی هواوی له‌چین ئاشكراده‌بێت ده‌رده‌كه‌وێت هواوی ده‌ستی هه‌بوه‌ له‌م دزییه‌داو ئه‌م كه‌یسه‌ جارێكی دیكه‌ زیندوكرایه‌وه‌.

ئه‌مه‌ریكا له‌چی شتێكی هواوی ده‌ترسێت؟
ترسی ئه‌مه‌ریكا له‌هواوی زیاتر له‌سیخوڕیكردنه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌لیكترۆنیه‌وه‌ له‌سه‌ری، چونكه‌ ئه‌مه‌ریكا زیاتر هواوی وه‌ك ده‌ستی پارتی كۆمۆنیست ده‌بینێت، به‌تایبه‌ت له‌ئێستاشدا هواوی سه‌رقاڵی دانانی نه‌وه‌ی پێنجه‌مه‌ له‌تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندی كه‌گۆڕانكارییه‌كه‌ی گه‌وره‌یه‌ له‌گواستنه‌وه‌ی داتاو نزیكه‌ی بیست بۆ سه‌د هێنده‌ی ئێستا گواستنه‌وه‌ی داتا خێرا ده‌كات. به‌ڵام به‌هۆی ترسی ئه‌مه‌ریكا له‌وه‌ی هواوی زانیاریه‌كان بدات به‌حكومه‌تی چین نه‌ك ته‌نها رازی نیه‌ كه‌ خۆی به‌كاریبهێنێت به‌ڵكو راشیگه‌یاند هه‌ر وڵاتێك به‌كاریبهێنێت ئه‌مان زانیاری خۆیانی له‌گه‌ڵ هاوبه‌ش پێناكه‌ن چونكه‌ سیخوڕیان به‌سه‌ره‌وه‌ ده‌كات به‌سودی حكومه‌تی چین.
هه‌ربۆیه‌ به‌هۆی ئه‌م گومانانه‌وه‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كانی وه‌ك ئه‌ڵمانیاو به‌ریتانیاو هه‌روه‌ها ئوسترالیاو كه‌نه‌داش بڕیاریاندا چاوبخشێننه‌وه‌ به‌به‌كارهێنانی به‌رهه‌مه‌كانی هواوی به‌بیانوی سیخوڕییه‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌ریتانیا وه‌زیری به‌رگری له‌كاره‌كه‌ی لابرد به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌نهێنی له‌گه‌ڵ هواوی ڕێككه‌وتبوو كه‌ كارئاسانیان بۆ بكات بۆ دانانی نه‌وه‌ی پێنجه‌م له‌به‌ریتانیا.

سیسته‌می سیاسی له‌چین
سیسته‌می سیاسی له‌چین تاك حیزبییه‌و پارتی كۆمۆنیستی چینی كۆنترۆڵی هه‌موو جومگه‌كانی ژیانی له‌چین كردوه‌، به‌پێی یاسای چینی “هیچ كۆمپانیایه‌ك بۆی نیه‌ ره‌تیبكاته‌وه‌ یارمه‌تی پارتی كۆمۆنیست بدا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری ئیستیخباراتی”.
هه‌ربۆیه‌ مه‌ترسی ئه‌مه‌ریكاو رۆژئاوا له‌هواوی، به‌هۆی سیسته‌می سیاسی و هه‌روه‌ها ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ نزیكه‌ی نێوان هواوی و حكومه‌تی چینه‌وه‌ دێت، چونكه‌ به‌پێی یاسا كاتێك حیزبی كۆمۆنیست داوایه‌ك له‌كۆمپانیای هواوی بكات هیچ بژارده‌یه‌ك بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ نیه‌ ته‌نها گوێڕایه‌ڵی كردنی نه‌بێت، بۆیه‌ كۆمپانیای هواوی به‌و قه‌باره‌ی ئێستاو ئاماده‌ییه‌ی له‌جیهاندا وایكردوه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌ئێستادا زیاتر له‌هه‌ر كاتێكی دیكه‌ جێگه‌ی مشتومڕ بێت.
به‌پێی هه‌ندێك راپۆرتیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ حكومه‌تی چین هه‌وڵیداوه‌ كۆمپانیا تایبه‌ته‌كانی بواری ته‌كنۆلۆژیا بكاته‌ موڵكی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له‌گه‌ڵ یاساكانی حیزبدا بگونجێت و ماڵپه‌ری (چاینا بزنس ریڤیو) ڕاپۆرتێكی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ كردوه‌، ‌ كه‌ چۆن چین ده‌یه‌وێت كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت بكاته‌ موڵكی خۆی و زیاتر به‌كاریانبهێنێت.
هه‌رچه‌نده‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نیه‌ له‌دژی هواوی به‌وه‌ی كه‌سیخوڕی بۆ حكومه‌تی چین بكات به‌ڵام به‌رگریكردنی ره‌های چین له‌هواوی جێگه‌ی گومانه‌، بۆ نمونه‌ كاتێك كچه‌كه‌ی سه‌رۆكی هواوی له‌كه‌نه‌دا گیراو كه‌یسی تۆمه‌ته‌كانی به‌ره‌وپێشه‌وچوو، حكومه‌تی چینیش راسته‌وخۆ دوو هاوڵاتی كه‌نه‌دی گرت و تۆمه‌تباری كردن به‌دزینی نهێنیه‌كانی ده‌وڵه‌ت. له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ی چینیش، سه‌رۆكی هواوی رایگه‌یاند به‌رگری كردنی چین له‌هواوی وازحه‌، چونكه‌ ئه‌ركی حكومه‌تی چینه‌ هاوڵاتیانی خۆی بپارێزێت. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵبدات به‌“‌ده‌ستگیركردن” ڕێڕه‌وه‌ی كێبركێی ئه‌لیكترۆنی بگرێت ده‌بێت چینیش به‌رگری له‌كۆمپانیاكانی خۆی بكات.
هه‌رچه‌نده‌ رێنی به‌ڕێوه‌به‌ری هواوی ده‌ڵێت هه‌رگیز هواوی بۆ سیخوڕیكردن بۆ حكومه‌تی چین به‌كارنایه‌ت و ئه‌وانیش داوایان 
لێنه‌كردوین بۆ ئه‌و كاره‌ به‌ڵام ئه‌م قسانه‌ی به‌س نین بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی ئه‌و ولاتانه‌ی كه‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییان به‌لاوه‌ گرنگه‌ چونكه‌ سیسته‌می سیاسی له‌چین زۆر له‌وه‌ جیاوازتره‌ كه‌هواوی بتوانێت دژیان بوه‌ستێت. 
بۆیه‌ هواوی گه‌ر بیه‌وێت به‌رده‌وام بێت له‌ژیان ده‌بێت په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی چینی هه‌بێت بێجگه‌ ئه‌مه‌ش هیچ بژارده‌یه‌كی تریان نیه‌، به‌ڵام ڕێن ده‌ڵێت ئێمه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌ین گه‌ر ئه‌و كاره‌ بۆ حكومه‌تی چین بكه‌ین سه‌دان ملیار دۆلار زیان ده‌كه‌ین، بۆیه‌ خۆمان و وڵاته‌كه‌مان و كڕیاره‌كانیش ناخه‌یه‌ینه‌ به‌رده‌م مه‌ترسییه‌وه‌.

كۆمیته‌ی حیزب له‌ناو كۆمپانیای هواوی!
ژۆ داكی، یه‌كێكه‌ له‌كه‌سه‌ گرنگه‌كانی هواوی، ماوه‌ی ٢٥ ساڵه‌ له‌كۆمپانیای هواویه‌ چه‌ندین به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌ی وه‌رگرتوه‌، سه‌رۆكی به‌شی ئه‌ندازیاری، به‌ڕێوبه‌ری به‌شی هاردوێر، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌، به‌ڵام له‌ژیاننامه‌كه‌یدا له‌سه‌ر سایتی فه‌رمی كۆمپانیای هواوی له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌رپرسیاریه‌تیانه‌یدا نوسراوه‌ به‌رپرسی كۆمیته‌ی هواوی حیزبی كۆمۆنیسته‌، چونكه‌ به‌پێی یاسای چینی هه‌موو كۆمپانیایه‌ك ده‌بێت كۆمیته‌ی حیزبی كۆمۆنیستی له‌ناو باره‌گاكه‌یدا هه‌بێت و ساڵانه‌ش له‌لایه‌ن حیزبه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌یان پێده‌كرێت.

BBC, CNN, ChinaBusinessReview, justice.gov :سه‌رچاوه