"قوباد تاڵەبانی بەبێ ركابەر لە ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردراوە"

565 جار خوێندراوەتەوە کات07:49 بەروار07-07-2019

راچڵەكین-
رۆژی 6-7-2019 كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە سلێمانی بەڕێوەچوو بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی كاندید بۆ بەركەوتەكانی ئەو حزبە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.


پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە یەكێك بوو لە بەركەوتەكانی یەكێتی دوو كاندیدی هەبوو لە ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئەوانیش شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و قوباد تاڵەبانی.

محەمەد وەتمان ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی تایبەت بە راچڵەكین-ی راگەیاند: "شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بەرلە دەستپێكی پرۆسەی دەنگدان لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی لەبەرژەوەندی قوباد تاڵەبانی كشانەوەی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە پێشكەشكردووە".

رۆژنامەنووسی ئاگادارو چاودێر سەرتیپ قەشقەیی پێشتر لە وتارێكی شیكاریدا باسیلەوە كردبوو كە، "به‌و پێیه‌ی شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیه‌، به‌راورد به‌ قوباد تاڵه‌بانی په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵتری له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی هه‌یه‌، له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ زیاتر پشتیوانی لێده‌كرێت".

ئاماژەی بەوەشكردبوو كە، "ڕه‌نگه‌ قوباد تاڵه‌بانی له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌ په‌سه‌ندتر بێت بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌ ببێته‌ ده‌نگدان له‌ نێو مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی، ئه‌گه‌ری زۆره‌ شاڵاو بیباته‌وه‌، ئه‌وكاتیش قوباد تاڵه‌بانی ده‌بێت ببێته‌ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم".

هیچ كوڕێكی كۆسرەت رەسوڵ كاندید نییە بۆ وەرگرتنی وەزارەت

دوای ئەوەی دوێنێ 6-7-2019 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبوویەوە و ناوی بەربژێرانی یەكێتی بۆ كابینەی نۆ یەكلایی كردەوە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بە زۆرینەی دەنگ دەستنیشانكرا بۆ وەرگرتنی وەزارەت، بەڵام دەرباز كۆسرەت لەبەرژەوەندی د. دارا رەشید وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی رەتكردەوە.

سەرچاوەیەك بە راچڵەكینی راگەیاند: "بەركەوتەی یەكێتی لە پارێزگای هەولێر تەنها یەك وەزارەت بوو كە بەر دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كەوتبوو، ئەویش لە پێناو ئەوەی كەسێكی تر لەو پارێزگایە پشكی یەكێتی لە كابینەی نۆیەم وەربگرێت كاندیدی بۆ وەرگرتنی وەزارەت رەتكردەوە بۆ د. دارا رەشید كە پزیشكێكی ناوداری شاری هەولێرەو بەڕێوەبەری گشتییە لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی".

پاشنیوەڕی ئەمڕۆ وتەبێژی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناوی بەربژێرانی یەكێتی بۆ كابینەی نۆیەم بە واژۆی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بڵاوكردەوە، كە د. دارا رەشید لەبری دەرباز كۆسرەت رەسوڵ پۆستی وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت.

وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم یەكێكە لە وەزارەتە سیادییەكان و هاوكات وەزیری ئەو وەزارەتە راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوت و گازی هەرێم كە د. دارا رەشید كاندیدی یەكێتییە بۆ وەرگرتنی ئەو وەزارەتە.

ناوی كاندیدانی یەكێتی بە واژۆی كۆسرەت رەسوڵ

ئەمڕۆ 7-7-2019 وته‌بێژی یه‌كێتی نیشتیمانی‌ كوردستان، دوایین لیستی كاندیدانی حزبه‌كه‌ی بۆ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان و ده‌سته‌كان له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌، بە واژۆی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی.

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی ڕەسمی مەکتەبی سیاسی یه‌كێتی له‌ لێدوانێكدا وتی: ئەنجومەنی سەرکردایەتی لەکوبونەوەی خۆیدا لەڕۆژی ٦/۷/۲۰۱۹ کاندیدانی یەکێتی بۆ سەرۆکایەتیەکان و وەزارەتەکانی هەڵبژاردو پەسەندی کرد بەمشێوەیەی خواره‌وه‌یه‌:

د.رێواز فایەق -سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
قوباد تاڵەبانی -  جێگری سەرۆکی حکومەت
جەعفەر شێخ مستەفا - جێگری سەرۆکی هەرێم
شۆڕش ئیسماعیل- وەزیری پێشمەرگە
د. دارا ڕەشید مەحمود- وەزیری پلاندانان
د. ئارام محەمەد قادر- وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
محەمەد سەعید عەلی- وەزیری رۆشنبیری
بێگەرد دڵشاد شوکراللە- وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
خالد سەلام سعید -وەزیری هەرێم
نەسرەدین مەحمود مەولود- سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم
ئیسماعیل مەحمود-سەرۆکی دەستەی گشتی کاروباری مین، عوسمان ئیسماعیل حسێن- سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار