کۆسرەت رەسوڵ تا دێت مەزنتر دەبێت

198 جار خوێندراوەتەوە کات08:13 بەروار07-07-2019
کۆسرەت رەسوڵ تا دێت مەزنتر دەبێت

د.سامان جلال
هەموو کارتەکانی بەردەم کاک کۆسرەت رەسوڵ هەمیشە چارەسەرن نەوەک بەربەست. لەهەر قۆناغێک هەڵوێستێک و لەهەر هەڵوێستێک جوامێریەک دەنوێنێ. 
لەدواهەمین هەنگاوەکانی بەربژێرکردنی کاندیدانی یەکێتی بۆ کابینەی نۆیەمی حکومەت، گەلێک هەورازو نشێو بیندرا. بەتایبەتی لە تەرەفی یەکێتی، بۆیە دۆشدانەمان و تێپەڕاندنی بەربەستەکانی بەردەم یەکێتی و کورد، وای لە کاک کۆسرەت کرد، توانایی و جوامێرییەکانی بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەق بەستوی، یەکێتی و کورد بخاتەگەر.
تەنها لەماوەی دوو رۆژدا، لەتۆپی دەسەڵات و شایەن بوونەوە، هەردوو کۆڕەکانی (کاک شاڵاو و کاک دەرباز)، دوو پۆستی سیادی مسۆگەر بکەن، دوێنێ کاک شاڵاو بەئاسانی دەیتوانی دەنگی زۆرینەی سەرکردایەتی بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت بەدەست بهێنێت، بەڵام بۆ ئەو پۆستە کشایەوە، کە بێگومان ئەم هەڵوێستە وەک دەبیندرێت زیدەتر پەیوەندی بە کاک کۆسرەت رەسوڵ هەیە، کە نەویستووە مێژووی دوێنێ بشکێنێ و بشێوێنێ و بکەوێنێ.
لەپێناو یەکریزی نێوماڵی یەکێتی و تەبایی ماڵی کوردو بەرپەرچدانەوەی هەموو واتە وات و وورتە وورتێکی بن دیوار، ئەمڕۆ لەدوای مسۆگەرکردنی تەواوی دەنگەکانی سەرکردایەتی، کاک دەرباز بەهەمان شێوە، کاندیدبوونی بۆ پۆستی پلاندانان، دەداتە گەنجێکی خاوەن بڕوانامەو تێگەیشتوو پێگەیشتوو (د. دارا رەشید). 
ئەو جوامێریانە بۆتە بەشێک لەسروشتی کۆسرەت رەسوڵ و کوڕەکانی، لەگەڵ خوێن و شادەماریان تێکەڵ بووە، نە بە میرات بۆیان ماوەتەوەو نە لەکەسیان زەوتکردوە، نەموڵکی کەسانی ترە. 
بۆیە بۆ هەموولایەک گرنگە، نەریتی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و گیانی هێنانەپێشەوەی گەنج و کردنەوەی گرێ کوێرەکان و رێزگرتن لە خاوەن رێزەکان، پێویستە بکەینە کەلتوورو هەمووان هانی ئەو هەڵوێستانە بدەین و دەست خۆشی لێ بکەین. بەهەندی وەربگرین و پێی بزانین. ئەم لێ بوردەییانە ئاسودەیی بەوڵات و نەتەوەکەمان دەبەخشێ. بەکۆمەڵێک هەنگاوی جوامێرانەی وا، هێزە سیاسییەکان دەچنە قۆناغێکی ترو هەرێمەکەمان بەرەو ئاسۆیەکی رووناک دەچێت.