پەیامێك لە دەرباز كۆسرەت ڕەسول-ەوە

7870 جار خوێندراوەتەوە کات09:40 بەروار07-07-2019
پەیامێك لە دەرباز كۆسرەت ڕەسول-ەوە

راچڵه‌كین

ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول، وه‌زیری‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا سوپاسی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌كات و ده‌ڵێت، ‎لە ڕوانگەی هەستكردن بە لێپرسراویەتی بەرامبەر بە هەڤاڵەكانمان و كادیرو ڕێكخستنەكان لە سنووری جوگرافی پارێزگای هەولێر وامان بە باش زانی كە ئەو دەرفەتە بدەین بە یەكێك لە كادیرە پێشكەوتووەكانی شارەكەمان.

له‌  په‌یامێكدا ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌ڵێت، ‎بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ‎بە سوپاسێكی زۆرەوە بۆ ئەو متمانە گەورەیەی كە بەڕێزتان لە كۆبوونەوەی ڕۆژی ٦/٧/٢٠١٩ ی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەكۆی دەنگ بەمنتان بەخشی تا یەكێك بم لە ئەندامانی تیمی پاڵێوراو بۆ وەرگرتنی یەكێك لە پۆستە وەزارییەكان بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

‎ده‌شڵێت، ئەو متمانە بەخشینەتان، بۆ من مایەی شانازییەكی گەورەیەو لای ئێمە زۆر جێگای بایەخ و ڕێزلێنانە.

هه‌ر له‌ په‌یامه‌كه‌ی ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول-دا هاتووه‌‎ لە ڕوانگەی هەستكردن بە لێپرسراویەتی بەرامبەر بە هەڤاڵەكانمان و كادیرو ڕێكخستنەكان لە سنووری جوگرافی پارێزگای هەولێر وامان بە باش زانی كە ئەو دەرفەتە بدەین بە یەكێك لە كادیرە پێشكەوتووەكانی شارەكەمان، كە بە دڵنیاییەوە تواناو لێهاتوویی جێگای متمانە پێكردنە لە ڕاپەڕاندنی ئەو ئەركەی كە لەكابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پێی دەسپێردرێت.

‎"لەهەمان كاتدا هەموو لایەك لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە وەك هەمیشە هاوكارو پشتیوان دەبین بۆ برای خۆشەویستم كاك قوباد تاڵەبانی و تیمە وەزارییەكەمان لە كابینەی نوێی حكومەت" ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول وا ده‌ڵێت.

ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول باسله‌وه‌شده‌كات، هەڤاڵانیشم لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە بەندە وەك هەمیشە كادیری دڵسۆزی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ڕێبازە پیرۆزەكەیەتی و لە هەر ئەرك و بەرپرسیاریەتییەك كە لە خزمەتی كوردایەتی و كوردستان و درێژەدان بێ بە ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان ئەوا وەك هەمیشە درێغی ناكەین و بەردەوام دەبین لە خزمەتكردن.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، دوای ئەوەی دوێنێ 6-7-2019 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبوویەوە و ناوی بەربژێرانی یەكێتی بۆ كابینەی نۆ یەكلایی كردەوە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بە زۆرینەی دەنگ دەستنیشانكرا بۆ وەرگرتنی وەزارەت، بەڵام دەرباز كۆسرەت لەبەرژەوەندی د. دارا رەشید وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی رەتكردەوە.