ئەم هەفتەیە كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم متمانەی پێدەدرێت

502 جار خوێندراوەتەوە کات10:17 بەروار08-07-2019
ئەم هەفتەیە كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم متمانەی پێدەدرێت

راچڵەكین-

وابڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سیڤی كاندیدی پۆستە وزاریەكان ڕادەستی پەرلەمانی كوردستان بكات.

رۆژی 12ی حوزەیرانی ئەمساڵ، مەسرور بارزانی لەلایەن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

بڕیارە، رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە 10ی تەمووزی 2019، پەرلەمانی كوردستان كۆبێتەوەو متمانە ببەخشێت بەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت، رۆژی 6ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبوەوەو ناوی كاندیدانی ئەو حزبەی بۆ پۆستە وزاریانە یەكلاكردەوە كەپشكی یەكێـتییە لە كابینەی نوێدا.

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی فەرمی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە لێدوانێكدا رایگەیاند، ئەنجومەنی سەركردایەتی لەكوبونەوەی خۆیدا لەڕۆژی ٦/۷/۲۰۱۹ كاندیدانی یەكێتی بۆ سەرۆكایەتیەكان و وەزارەتەكانی هەڵبژاردو پەسەندی كرد بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

د.رێواز فایەق -سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
قوباد تاڵەبانی -  جێگری سەرۆكی حكومەت
جەعفەر شێخ مستەفا - جێگری سەرۆكی هەرێم
شۆڕش ئیسماعیل- وەزیری پێشمەرگە
د. دارا ڕەشید مەحمود- وەزیری پلاندانان
د. ئارام محەمەد قادر- وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
محەمەد سەعید عەلی- وەزیری رۆشنبیری
بێگەرد دڵشاد شوكراللە- وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
خالد سەلام سعید -وەزیری هەرێم
نەسرەدین مەحمود مەولود- سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم
ئیسماعیل مەحمود-سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین، عوسمان ئیسماعیل حسێن- سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزا

ئەوەی جێی سەرنجە، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە كۆبوونەوەی خۆیدا ناوی كاندیدانی یەكێتی بۆ كابینەی نۆ یەكلایی كردەوە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بە زۆرینەی دەنگ دەستنیشانكرا بۆ وەرگرتنی وەزارەت، بەڵام دەرباز كۆسرەت لەبەرژەوەندی د. دارا رەشید وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی رەتكردەوە.

لە پەیامێكیشدا دەرباز كۆسرەت رەسول رایگەیاند:"لە ڕوانگەی هەستكردن بە لێپرسراویەتی بەرامبەر بە هەڤاڵەكانمان و كادیرو ڕێكخستنەكان لە سنووری جوگرافی پارێزگای هەولێر وامان بە باش زانی كە ئەو دەرفەتە بدەین بە یەكێك لە كادیرە پێشكەوتووەكانی شارەكەمان، كە بە دڵنیاییەوە تواناو لێهاتوویی جێگای متمانە پێكردنە لە ڕاپەڕاندنی ئەو ئەركەی كە لەكابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پێی دەسپێردرێت."

لەلایەكی ترەوە، دوای ئەوەی شاڵاو كۆسرەت ڕەسول خۆی كاندید كرد بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەبوون كە بەهەڵبژاردن لە سەركردایەتی دەیباتەوەو دەبێتە جێگری سەرۆكی حكومەت، بەڵام لەدواساتەكاندا شاڵاو كۆسرەت ڕەسول لە كاندیدبوون كشایەوە.

‎بەگوێرەی زانیارییەكانی راچڵەكین كە لە ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی وەرگیراوە كۆسرەت ڕەسول بڕیاری داوە شاڵاو كۆسرەت ڕەسول بكشێتەوە و ڕایگەیاندووە كە پێویستە هەموومان بۆ یەكێتی بین و نەهێڵین درز دروست بێ لەنێوانمان.

‎ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی وتیشی:" كاك كۆسرەت لە كۆبوونەوەكە وتی بۆ من زۆر قوڕسە لەدوای ئەو هەموو ساڵ خەبات و قوربانیدانە ئێستا بڵێن كوڕەكەی كاك كۆسرەت بردیەوە و كوڕەكەی مام جەلال دۆڕاندی یان بە پێچەوانەوە."

‎دوای ئەم قسەیەی كۆسرەت ڕەسول، شاڵاو كۆسرەت ڕەسول لە كاندید بوون كشایەوە و ئەندامانی سەركردایەتی بەكۆسرەت ڕەسولیان وت كە تۆ وەك هەمیشە توانیوتە چەتری كۆكەرەوەی هەموومان 

پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە یەكێك بوو لە بەركەوتەكانی یەكێتی دوو كاندیدی هەبوو لە ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئەوانیش شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و قوباد تاڵەبانی.

محەمەد وەتمان ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی تایبەت بە راچڵەكین-ی راگەیاند: "شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بەرلە دەستپێكی پرۆسەی دەنگدان لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی لەبەرژەوەندی قوباد تاڵەبانی كشانەوەی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە پێشكەشكردووە".

هاوكات رۆژی 7ی ئەم مانگە، بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدانی خۆی بۆ پۆستە وزاریەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكلا كردەوە.

كاندیدانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستە حكومییەكان بریتین لە:

مستەفای سەید قادر، كاندید بۆ جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

جەلال جەوهەر، كاندید بۆ  یاریدەدەری سەرۆكی حكوومەت بۆ كاروباری چاكسازی.

ئاواتی شێخ جەناب، كاندیدی وەزیری دارایی و ئابووری

 كوێستان محەمەد، كاندیدی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی

كەمال موسلیم ، كاندیدی وەزیری بازرگانی 

 دانا عەبدولكەریم، كاندیدی وەزیری ئاوەدانكردەوە

بەگوێرەی زانیاریەیكانیش پارتی دیوكراتی كوردستان ناوی كاندیدانی بۆ كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رادەستی مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كران.

ناوی كاندیدانی پارتی بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان 

- مەسروور مەسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان 
- رێبەر ئەحمەد بارزانی بۆ پۆستی  وەزارەتی‌ ناوخۆ 
- ئاشتی هەورامی بۆ پۆستی وەزارەتی‌ سامانە سرووشتییەكان
- دكتۆر ڤالا فەرید بۆ پۆستی  وەزارەتی‌ داد 
- دكتۆر سامان بەرزنجی بۆ پۆستی وەزارەتی‌ تەندروستی‌
- كەمال محەممەد ساڵح بۆ پۆستی وەزارەتی‌ كارەبا 
- ئالان حەمەسەعید بۆ پۆستی  وەزارەتی‌ پەروەردە
- فرسەت ئەحمەد بۆ پۆستی وەزارەتی هەماهەنگی‌ نێوان پەرلەمان و حكومەت
- دكتۆر پشتیوان سادق بۆ پۆستی وەزارەتی‌ ئەوقاف و كاروباری ئایینی
- ساسان عەونی بۆ پۆستی وەزارەتی‌ شارەوانی‌ و گەشتوگوزار
- سەفین دزەیی بۆ پۆستی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان

رۆژی 30ی ئەیلولی 2018، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، بەگوێرەی ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنەش، پارتی بەپلەی یەكەم و یەكێتی پلەی دووەم و بزوتنەوەی گۆڕان بەپلەی سێیەم هاتن.