لە پارتی دیموکراتەوە تا نەوەی نوێ: چۆن روبەڕوی بوختانی ناڕەوا ببینەوە؟

147 جار خوێندراوەتەوە کات09:02 بەروار08-07-2019
لە پارتی دیموکراتەوە تا نەوەی نوێ: چۆن روبەڕوی بوختانی ناڕەوا ببینەوە؟

رابون مه‌عروف

یەکێك لە دیاریدە ناشرین و قێزەونەکانی سیاسەتی تەقلیدی لە کوردستان، لە کاتی توندبونەوەی جیاوازی و ململانێ سیاسیەکان، لە بری دیبەیت و گفتوگۆی مەدەنی، پەنابردنە بۆ ناوزڕاندن و چنینی تۆمەتی ناڕەوا و درۆ و بوختان. ئامانج لەوە، لادانی سەرنجی رایگشتییە لەسەر خاڵی جیاوازی و ناکۆکیەکان بۆ سەر بابەتی خەیاڵی و بێبنەما.

لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردو، کاتێك ململانێ، لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی پارتی دیموکرات سەریھەڵدا، لەبری تەعامولکردن لەگەڵ رەخنەگرەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان، ھێڵی فەرمی پارتی، پەنایان بردە بەر تەشھیر و ناوزڕاندن. کاتێك لە دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیە، جیاوازییەکان لە ناو یەکێتی نیشتیمانی قوڵبونەوە و بە دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان کۆتاییھات، دیسان دەزگا جیاجیاکانی یەکێتی شاڵاوێکی گەورەی تەخوین و ناو زڕاندنیان دەستپێکرد. لە دوای کۆچی دوایی کاك نەوشیروان، کاتێك لەسەر ھەڵوێستی جیا سەبارەت بە ریفراندۆمەکە و شێوازی رێکخستنەوەی گۆڕان، ئێمە بە شێوازێکی زۆر مەدەنی ئاراستەیەکی جیامان لە گۆڕان گرتەبەر، بزوتنەوەی گۆڕان لەشکرێك جوێنفرۆش و بوختانچی لە دژی ئێمە خستە گەڕ. تەنانەت بەشێك لە خانەی راپەڕاندن، مەکۆ بە مەکۆ و تا دەگات بە ئەنجومەنەکانی ئەوروپا، دەگەڕان و چیرۆکی خەیاڵی و بوختانی بێبنەمایان تەخشان و پەخشان دەکرد. ئێستا و دوای دو ساڵ لەو کێشانە، ھەم بەشێکی زۆر لە خودی تەشھیرچییەکان ھەمان ئەو رەخنانە دوبارە دەکەنەوە کە من ئەوکات بە ئاشکرا و لەبەردەم رایگشتی بڵاومکردنەوە، ھەم دەرکەوت کە ھەمو ئەو تۆمەت و بوختانانە درۆ و بێبنەما بون.

کە، بە ئامانجی راستکردنەوەی ھەمو پرۆسەی سیاسی و میلەتێك لە شکست، نەوەی نوێ-مان دامەزراند، ھەڵبەت یەکێك لە بەڵێنەکانمان لە نێوان خۆمان و لەبەردەم رایگشتی، پابەندبون بو بە ئاستێکی باڵا لە ئەخلاق و مۆراڵی سیاسی کە بتوانێت نمونەیەکی سەرتاپا جیاواز بێت لەبەرامبەر ئەخلاقی سیاسی زاڵ و دەسەڵاتدار، بەڵام ئاھ، لە ماوەیەکی زۆر کورت، ئەخلاقی سەرۆکایەتی نەوەی نوێ، بە جۆرێکی ئەوتۆ، مانیفێستی کەوتن و داڕزینی خۆیکرد، کە ھەزاران دۆلار بۆ تەشھیر و ناوزڕاندن سەرفکران و ئیزافە و داھێنانی سەرۆکایەتی نەوەی نوێ ئەوە بو، کە ئەمجارە پەلامارەکە گەییشتە سەر ھاوسەر و خێزانی رۆژنامەنوس و چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی. جێگەی داخە، ئێستا جگە لەوەی کە کەناڵێکی وەك ئێن ئار تی، چوەتە ریزی دەزگاکانیتری چەواشە و بەلاڕێدابردنی رایگشتی، میدیایەکی وەك "ئاوێنە" بەکاردەھێنرێت بۆ تەخشان و پەخشانکردنی درۆ و بوختانی ناڕەوا.

ئێمە ئەمجارەش، کە لە دژی بەبنەماڵەکردن و بە کۆمپانیاکردنی نەوەی نوێ و سەفەقاتی نھێنی و ژێربەژێر ھاتینە دەنگ، وەك ئەو رابردوە شەرمھێنەرەی سیاسەتی تەقلیدی، دەمانزانی دەکەوینە بەر ھێرش و شاڵاوی بنەماڵە و کۆمپانیا سیاسییەکان و چەورە و چەگلە بەکۆیلەکراوەکان و دەزگای راگەیاندنە زەبەلاحەکانی چەواشە، بەڵام بەڵێنێکە و بە خوا و خەڵك و خۆمان داوە، کە بوختان و تۆمەتی بێبنەما نامانوەستێنێت.

ئێمە جارێکیتر، تەئکید دەکەینەوە، کە پابەندین بە بەڵێنەکانمان. بەڵێنی روبەڕوبونەوەی، بەبنەماڵەکردنی سیاسەت و حوکمڕانی: بەکۆمپانیاکردنی دامەزراوە و رێکخراوە سیاسییەکان و گۆڕینی سیاسەت بۆ کەسابەت.

ئەم بەڵێنە دەمێنێتەوە و خوای گەورە شاھید بێت لە نێوان ئێمە و میلەتەکەمان!