شاردنەوەی حەشدی شەعبی

168 جار خوێندراوەتەوە کات10:48 بەروار09-07-2019
شاردنەوەی حەشدی شەعبی

ململانێی تایفی لە عێراق بۆ زاڵبوون بەسەر دامەزراوە سەربازییەكاندا مێژوویەكی درێژی هەیە. سەرباری ئەوەی لە یەكەم رۆژی دامەزراندنی سوپاوە هەوڵێكیش هەبووە بە ئاراستەی ئەوەی سوپا بەشێك نەبێت لە ململانێ‌ سیاسی و ئیتنیكییەكان و سوپای هەموو پێكهاتەكان بێت، بەڵام لە هاتنە سەر حوكمی بەعسەوە ئیتر كۆتایی بەو دوو ئاراستەیە هات. بێلایەنیی سوپا كۆتایی هات و ململانێی زاڵبوونیش بە كۆتا هات، چونكە بەعس ئەوەی یەكلایی كردەوە و هەژموونی سوننە بەتەواوەتی زاڵ بوو بەسەر تەواوی دامەزراوە دەوڵەتییەكاندا و لە سەرووی هەمووشیانەوە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكان.

پاش كەوتنی سەدام، (پۆڵ بریمەر) وەك ئاماژەیەك بۆ نەهێشتنی هەژموونی تایفی بەسەر سوپادا، بە بڕیارێك سوپای عێراقی هەڵوەشاندەوە. لایەنە عێراقییەكانیش بە پەندوەرگرتن لەو مەینەتییانەی لەلایەن سوپاوە بەسەر گەلانی عێراقدا هاتبوو لە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی بەرانبەر بە گەلی كورد و شیعەكان، بڕیارەكەی بریمەریان بەسەرەتایەكی گونجاو زانی بۆ دروستكردنی سوپایەكی نیشتمانی كە دڵنیایی بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد و سوننە و شیعە دەستەبەر بكات و هیچ لایەك بەسەر سوپادا زاڵ نەبێت. 

لە یاسای كاتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پاشان لە دەستووردا كۆمەڵێك بنەمای سەرەتایی چەسپێنران و رێكارگەلێكی یاسایی دانرا بۆ ژمارەی سوپا، شێوازی دامەزراندن و چۆنێتی بەڕێوەبردنی بە بەشداریی پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق وەك جۆرێك لە بنەمای هاوبەشی، كە دڵنیایی ئەوە دروستبكات جارێكی تر سوپا نابێتە ئامراز لە ململانێ‌ تائیفییەكانی عێراقدا و رێگە نادرێت ئەوەی سەدام كردی لە بە سوننەكردنی سوپا، بۆ هیچ لایەك دووبارە بێتەوە. بەڵام لە سەرەتاكانی حوكمی مالیكییەوە سەرباری ئامادەیی ئەمریكا وەك چاودێر بەسەر سوپاوە، جۆرێك لە پێشێلكردنی ئەم بنەما دەستووری و یاساییانە دەستیپێكرد و بەشی زۆری ناوەندەكانی بڕیاری سوپا لە ناوەندەوە بۆ ئاستەكانی خوارەوە كەوتە دەستی شیعە و (موالی)ی شیعە لەناو كورد و سوننەكان. 

دواتریش بەهۆی ئەو ناكۆكییانەی لە نێوان سوننە و شیعە سەریانهەڵدا و، بەپاساوی بوونی گرووپی تیرۆریستی لە ناوچە سوننییەكان، سوننە لەناو سوپا خرایە پەراوێزەوە. هەروەها بەهۆی ململانێ‌ و ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا هەولێر، رۆڵ و پێگەی كوردیش لاواز كرا. هاوسەنگی و هاوبەشیی پێكهاتەكان بەجۆرێك لاسەنگ بوون كە هەست بەوە دەكرا سوپا خەریكە هەژموونی شیعە بەسەریدا زاڵ دەبێت، سەرباری بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی لەلایەن كورد و سوننەوە، بەڵام ئەو ململانێ‌ و سیاسەتی بە شیعەكردنەی سوپا بەردەوام بوو تا هاتنی داعش بۆ عێراق. وەك چۆن بە هاتنی بەعس ململانێ‌ كۆتایی هات و سوپا كەوتە دەستی سوننەوە، دەركەوتنی داعش بووە خاڵی كۆتایی ململانێی ئەم قۆناغە و ئیتر دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكان بوونە بەشێك لە مەنزومەی شیعە لە عێراق. 

ئەو سیناریۆیانەی لە یەكەم پەلاماری داعشدا دەركەوتن، لە خۆڕانەگرتنی سوپا و هەڵهاتن و جێهێشتنی چەك و جبەخانە سەربازییەكان، رادەستكردنی تەواوی ناوچە سوننییەكان بە داعش لە شەو و رۆژێكدا. راستەوخۆ بانگەوازی مەرجەعی باڵای شیعە (سیستانی) بۆ چەكداركردنی چین و توێژەكانی شیعە بە پاساوی پارێزگاری لە شوێنە پیرۆزەكان، هەموو ئەمانە بەگەڕخستنی ئەو ستراتیجەی بەشیعەكردنی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكان بوو بە هۆكار و پاساوی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵات. بەڵام لە حەقیقەتدا گەیشتن بوو بەو قۆناغەی دەسەڵاتدارێتی شیعە كە دەبێت سوپا بكەوێتە ژێر ركێفی شیعەوە. ئیتر ئەگەر سیناریۆی داعش سەری بگرتایە یان نا، بێگومان پلان و سیناریۆی بەدیل ئامادە بووە و رەنگە دەیان ساڵی تر نهێنییەكانی پشت ئەو رووداوانە بۆ خەڵك ئاشكرا ببن.

لە دوای دروستكردنی حەشدی شەعبییەوە ئیتر قۆناغی تەشەیوع و گواستنەوەی بۆ ناو ماڵی سوننە و كورد دەستیپێكرد، بە پاساوی شەڕی داعش و بەهۆی ئەو كێشانەی لەگەڵ هەرێم دروستیانكرد، دەرئەنجامەكەی روونە كە ئێستا شیعە گەیشتوونەتە كوێ‌ لە خاكی كوردستان و لە ناوچە سوننییەكان. دەسەڵاتی حەشدی شەعبیش لە هەموو ئەو ناوچانەی كە هەن، لەسەرووی هەموو دەسەڵاتە ئیداری و دادوەرییەكانەوە بووە. كاتێ‌ شەڕی داعش بەرەو كۆتایی دەچوو، لەبەر ئەوەی دڵنیابوون لەوەی كە دوای شەڕی داعش پاساوی مانەوەی حەشدی شەعبیش كۆتایی دێت، لە كۆتایی 2016 بۆ زامنكردنی مانەوەی ئەم هێزە شیعییە بە پەلە یاسای تایبەت بە حەشدی شەعبییان دەركرد. دەسەڵات و ئیمتیاز و مافی زیاتریان بۆ چەسپاند. 

لە دوای راگەیاندنی كۆتایی داعش لە عێراق، دەسەڵاتی زیاتر بەم گرووپانەی حەشد درا و ئاستی پڕچەككردنیان گەیشتە دروستكردنی چەكی تایبەت بەخۆیان و هەموو ئەو چەكە پێشكەوتووانەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دابوویانە سوپای عێراق، خرایە خزمەتی حەشدی شەعبییەوە. بەڵام دوای ئەوەی ناكۆكی و ململانێكانی ئەمریكا و ئێران گەیشتە ئەو ئاستەی كە ئەمریكا بڕیار بدات هاوپەیمانەكانی ئێران و هێزە نزیكەكانی سوپای پاسداران وەك تیرۆریست دەناسێت، ئێستا سیناریۆی شاردنەوەی حەشدی شەعبی دەستیپێكردووە و لەناكاو و بێ‌ راگەیاندنی ئامادەسازی یان پاساوی پێشوەختە، گەلانی عێراق لە میدیاكانەوە بیستیان كە سەرۆك وەزیران بە بڕیارێك حەشدی شەعبی هەڵوەشاندەوە و دەخرێنە سەر هەیكەلەی سوپای عێراق. 

هەموو باڵ و ئاراستە جیاجیاكانی ناو حەشدی شەعبی پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانەوە دەربڕی و كوتلە سیاسییە شیعەكانیش پشتیوانییان كرد. لە كاتێكدا سەرۆك وەزیران دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی یاسای نییە. حەشدی شەعبیش یاسای تایبەت بە دامەزراوەكانیان هەیە و ئەمەی سەرۆك وەزیران پێچەوانەی ئەو یاسایەیە، بەڵام نە دەسەڵاتی دادوەری و نە دادگا دەستوورییەكان و نە هیچ ناوەندێكی تری دەسەڵات هیچیان لەبارەوە نەگوت. بگرە هەموو ستایشی بڕیارەكە دەكەن و لەناو رای گشتی زەمینەی ئەوەش خۆش كرا كە بڕیارێكی گرنگە بە ئاراستەی نەهێشتنی فرەئاراستەیی و فرەهێزی و ئامانج بەهێزكردنی سوپای عێراقە. ئاشكرایە ئەم سیناریۆیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی نییە، بەڵكوو بۆ چەند ئامانجێكی ترە، لە سەرووی هەموویانەوە پاراستنی حەشدی شەعبیە لە سزای ئەمریكا. لەلایەكی تریشەوە بەتەواوی كۆنترۆڵكردنی سوپا و بەشیعەكردنی یەكجاریی سوپایە. چونكە ئەگەر پێشتر بە چەند پۆینتێك رێژەی كورد و نزیك پانزە لە سەتی سوپا سوننە بووبن، لەمەودوا رێژەی كورد و سوننە لەناو سوپای عێراق زۆر كەم دەبێتەوە و سەتا نەوەتی پێكهاتەكەی دەبێتە شیعە. 

وەك چۆن لە هاتنی بەعسەوە بۆ سەر حوكم كۆنترۆڵكردنی سوپا لەلایەن سوننەوە دەرئەنجامەكانی بۆ كورد پێنج جار جینۆساید و بۆ شیعەش ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی بوو. لەپاش بەشیعەكردنی سوپا، چەندین جینۆسایدی تری كورد و كۆمەڵكوژیی سوننە كارێكی چاوەڕوانكراوە.