دەربارەی كشانەوەكەی دەرباز كۆسرەت..!

889 جار خوێندراوەتەوە کات12:18 بەروار09-07-2019
دەربارەی كشانەوەكەی دەرباز كۆسرەت..!

عەدالەت عەبدوڵا

وەك ئەو رەخنانەی كە لەكاتی پێكهێنانی كابینەكانی پێشووتری حكومەتەكاندا، سەبارەت بە كاندیدی پۆستە سیادی و وزارییەكان، هاتۆتە سەر هێزە سیاسییەكانمان، چاوەڕوانكراو بوو كە بۆ كابینەی(9)ی هەرێمیش، هەمان ئەو رەخنانە دووبارە ببنەوە.

لەم بوارەدا، هیچ حزبێك ناتوانێت دڵی تەواوی سەركردەو كادیرەكانی خۆی رابگرێت و ناچارە لەكۆتاییدا، بە هەندێ میكانیزم، كۆمەڵێك ناو یەكلابكاتەوە، بەهۆی ئەمەشەوە، بێگومان ناڕەزایی و رەخنە نابڕێنەوە، لەمەدا، هەموو هێزە سیاسییەكان، تاڕادەیەكی زۆر، یەكسانن، رەنگە تاقە جیاوازی ئەوەبێت، لەهەندێ حزبدا، بە ئاشكرا، گوزارشتی لێ دەكرێت و لەهەندێ حزبی تردا دادەپۆشرێ و بێدەنگ دەكرێت!.

بۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، دیسانەوە، وەك نموونە، ناڕەزایی و رەخنە هاتۆتەسەر سەركردایەتیی هێزێكی وەك یەكێتیی نیشتمانی سەبارەت بە ناوی كاندیدكراوانی بۆ پرۆسەی سیاسیی هەرێم، رەخنەكانیش لەناو بەشێك لەكادرو جەماوەرو تەنانەت سەركردەكانیشدا، هەن. لانیكەم، بابەتەكە، دەشێت پەیوەندیی بە جیاوازیی تێڕوانینەوە هەبێت، یان ئارەزووی گۆڕینی كەسەكان، یان خەونی دانانی كاراكتەری شارەزاو پسپۆرتر بۆ پێگەكان، لەم بارەیەشەوە، پێوەرەكان لای سەركردایەتیی ئەم هێزە چی بوون و نەبوون، پرسیارێكە دەبێ لەناوخۆی حزبەكە خۆیدا بوروژێنرێت، یان وەك بەرپرسێكی گەورەی یەكێتی وتبووی، هەڵبگیرێت بۆ مشتومڕەكانی كاتی كۆنگرە!. 

ئەوەی، بەلای بەندەوە، لەم پرسەدا، جێی سەرنج بوو، وازهێنانی كاندیدێكی حزبەكە بوو بۆ وەرگرتنی پۆستێكی وەزاری كە ئەویش كوڕی دووەمی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی بوو. ئەم رووداوە، بەبۆچوونی زۆر كەس، چاوەڕوانكراو نەبوو، چونكە كاندیدەكە كە دەرباز كۆسرەت رەسول-ە، وەك وتەبێژی رەسمیی یەكێتی وتبووی، لەچوارچێوەی پرۆسەیەكدا هەڵبژێردرابوو كە كۆدەنگیی بەدەستهێنابوو، پاشان پاڵپشتی گەورەشی هەبوو كە جێگری سكرتێری گشتییەو هاوكات باوكێتی، ئەو وەك لە سیڤییەكەشیدا هاتووە خاوەنی بڕوانامەیەو گەنجەو ئەزموونی چوار ساڵ وەزیریشی هەیە، بۆیە ئەگەری كشانەوە لەكاندیدبوون، وەك چارەسەرێك بۆ هەندێ لەناڕەزایی و رەخنەكان، زیاتر بۆ سەركردە دێرینەكانی حزبەكە، چاوەڕوان دەكرا.

كشانەوەی ئەم كاندیدە لەو پۆستە، لەناو حزبەكەدا پێشوازی لێكرا، ئەم كاراكتەرە دواتر بە چی قەرەبوو ئەكرێتەوە، بابەتێكی ترەو لەهەموو دۆخێكدا كەمتر ئەبێت لەوەی خۆی، بەڵام پەندەكە لەوەدایە، مەرج نییە كە كوڕی سەركردەیەك بوویت، ئیتر بەمانای ئەوەیە دەبێ لە پۆستی باڵادا بیت، یان ئەوانیتر لەكاندیدبوون بكشێنەوە!. بەدیوێكی تردا، ئەو دەستپێشخەرییە، دەشێت تەنانەت شتێك لە تانەی تەوریسی سیاسییش كەم بكاتەوە كە ماوەیەكە رووبەڕووی حزبەكەی مام جەلال دەكرێتەوە.

لەلایەكی ترەوە، راستە رووداوەكە، هەڵوێستێكی كەسییەو دەستخۆشیشی لێكراوە، بەڵام بێگومان ئەو كارە بۆ بڕیاری جێگری سكرتێری گشتیی حزبەكەش ئەگەڕێتەوە. بەرێز كۆسرەت رەسول، بۆ ئەوەی ناڕەزایی ئەوانیتر خاو بكاتەوە، دەبوو لە كوڕەكەی خۆیەوە دەست پێبكات و كردیشی. رەنگە ئەمە خۆی وەك سەرەتایەك بێت بۆ وەڵامدانەوەی ئیجابییانەی ئەو رەخنانەش كە لەهاتنە پێشەوەی كوڕو كەسوكاری سەركردەكان دەگیرێت، بگرە بۆ هاندانی دووركەوتنەوەی پلە بەپلەش بێت لەدیاردەی مەحسوبیەت و هەر هەوڵێكی سەركردەكانی تریش بە ئاراستەی ئەو دیاردەیەدا!، بەتایبەتی كە زۆربەی باڵادەستانی ناو حزبەكە كوڕو كچ و خزمیان هەیەو رەنگە وەك چاولێكەرییەك بیانەوێ بیانهێننە پێشەوەو بەوەش تەوریسی سیاسی بچەسپێت. 

بە كورتی، كشانەوەی ئەو كاندیدەی یەكێتی بۆ هەڤاڵێكی تری حزبەكەی، سەرەتایەكی باش بوو، دەشێت بەو نیەتەش شرۆڤە بكرێت كە جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی، دەیەوێت هەموو ئەندامانی حزبەكە دەرفەتیان هەبێت كە بگەنە پۆستە باڵاكان، هیچ سەركردەیەكی تریش تەفزیلی كەسی نزیكی خۆی بەسەر ئەوانیتردا، نەكات!.