ئێران بەبەهای 2 ملیار و نیو دۆلار شتومەكی رەوانەی عێراق كردووە

68 جار خوێندراوەتەوە کات03:21 بەروار10-07-2019
ئێران بەبەهای 2 ملیار و نیو دۆلار شتومەكی رەوانەی عێراق كردووە

راچڵەكین 

بەرێوەبەری ژورە بازرگانییەكانی ئێران رایگەیاند،  لەماوەی 100 رۆژی رابردوو تاران بەبەهای 2.5 ملیار دۆلار شتومەكی رەوانەی عێراق كردووە. 

حەمید حوسێنی، بەڕێوەبەری ژوری بازرگانی ئێران لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئاڵوگۆری بازرگانی وڵاتەكەی بۆ عێراق رۆژانە بەبڕی 25 ملیۆن دۆلارە  لەبوارەكانی پیشەسازی و خزمەتگوزارییەكانی دیكە. 

ئاماژەی بەوەشكردووە، قەبارەی بازرگانی ئێران لەگەڵ عێراق تا كۆتایی ساڵ دەگاتە 20 ملیار دۆلار. 

حسێنی باسی لەوەشكردوە، لەئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانبووەكانی عێراق كە بانكی مەركەزی عێراق بڕی 200 ملیۆن دۆلاری بۆ كۆمپانیا ئێرانییەكان تەرخانكردووە و رۆڵی بەرچاویان دەبێت لەئاوەدانكردنەوەی عێراقدا.  


بەرێوەبەری ژورە بازرگانییەكانی ئێران جەختی لەوەشكردووەتەوە، كەوڵاتەكەی لە خاڵە گومركییەكانی بەغدا و بەسرە وهەرێمی كوردستان كار لەسەر بەرەوپێشبردنی كارە بازرگانییەكان و زیاد كردنی ئەو بارهەڵگرانە دەدات كە لەوێ كاردەكەن.

قسەكانی حەمید حوسێنی لەكاتێكدایە، ئێران رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لەدابینكردنی شتومەك و دابینكردنی كارەبا و پیشەسازی عێراق و لەگەڵ توركیا لەكێبڕكێدان تا زۆرترین شتومەك ساخ بكەنەوە لەعێراقدا.