لاھور شێخ جەنگی: باڵباڵێن لەناو یه‌کێتیی زۆر كاڵ بووەتەوە.. پێكەوەكاركردن و لەیەكتێگەیشتنی زیاتر هەیە

75 جار خوێندراوەتەوە کات03:54 بەروار10-07-2019
لاھور شێخ جەنگی: باڵباڵێن لەناو یه‌کێتیی زۆر كاڵ بووەتەوە.. پێكەوەكاركردن و لەیەكتێگەیشتنی زیاتر هەیە

راچڵەکین-

بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوەی ڕووی دا، ڕەنگدانەوەی ئەو پێكەوەكاركردنەیە كە ئێمە لە یەك دوو ساڵی ڕابردوو بینیومانە كە ئێمە لە یه‌کێتیی نیشتمانیی كوردستان، جۆرێك لە پێكەوەكاركردن و لەیەكتێگەیشتنی زیاتر هەبووە لە نێوان ئەوانەی كە جاران پێیان دەگوترا تەكەتولەكان.

لاھور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی هەرێمی كوردستان لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی نزیک لەخۆی رایگەیاندووە: ئەمجارە هەموو نەیارەكانمان تووشی شۆك كرد. بە دڵنیاییەوە ئەوەی ڕووی دا، ڕەنگدانەوەی ئەو پێكەوەكاركردنەیە كە ئێمە لە یەك دوو ساڵی ڕابردوو بینیومانە كە ئێمە لە یه‌کێتیی نیشتمانیی كوردستان، جۆرێك لە پێكەوەكاركردن و لەیەكتێگەیشتنی زیاتر هەبووە لە نێوان ئەوانەی كە جاران پێیان دەگوترا تەكەتولەكان. من با لێرەوە شتێك بڵێم. بە ڕاستی هیچ باوەڕم بە باڵباڵێن نییە و لە ڕابردووشدا ئەم قسەیەم دووپات كردووهتەوە. من نە باڵم هەبووە و نە قەتیش باڵم دەبێت ئیشەڵڵا.
لاهور شێخ جەنگی وتووشیەتی: من هەموو یه‌کێتیی بە هی خۆم دەزانم و خۆشم بە هی هەموو یه‌کێتیی دەزانم،  بەو پێكەوەكاركردنەی ماوەی ڕابردوومان، توانیومانە بەسەر كۆسپی زۆر گەورەدا سەركەوتنی زۆر گەورە بە دەست بهێنین. لە دوو هەڵبژاردنی چارەنووسسازدا، لە عێراق و هەرێم، یه‌کێتیی بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە بینی. هەم لە دانان و كاتی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار لە بەغدا بینیمان كە ئەو پێكەوەكاركردن و كۆدەنگییەی هەمانبوو لەناو یه‌کێتیی، توانیمان سەركەوتنی گەورە بە دەست بهێنین و پۆستی سەرۆككۆمار بە ململانێیەكی قوورس لە بەغدا لە بەرژەوەندیی یه‌کێتیی یەكلا بكەینەوە، لە كاتێكدا هەم ئێران و هەم ئەمهریكا هاتنە سەر خەت بۆ ئەوەی یه‌کێتیی پاشەكشە بكا. لەم ماوەیەی دواییشدا، ئەوەی كە هەندێ كەس گرەوی لەسەر كردبوو كە یه‌کێتیی ناتوانێت خۆی یەكلا بكاتەوە لەسەر مەسەلەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان، بینیمان بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر و لە ماوەی سێ چوار كاتژمێر، لە پڕۆسەیەكی زۆر دیموكراتیدا، توانیمان ناوی كاندیدەكانمان یەكلا بكەینەوە. ئەمە ڕەنگدانەوەی ئەم پێكەوەكاركردنەی یەك دوو ساڵی ڕابردووی برادەرانی ناو یه‌کێتییە. دڵنیاتان دەكەمەوە باڵباڵێن لەناو یه‌کێتیی زۆر كاڵ بووهتەوە.

دەشڵێت: من زۆربەی ئەو برادەرانە بە كاندیدی خۆم دەزانم. دەمەوێت ئەوەش دووپات بكەمەوە هەموو ئەو كاندیدانەی خۆیان هەڵبژاردووە داوای پشتیوانییان لە من كردووە. من پشتیوانیان بووم بە ڕاستی. دەتوانن یەك بە یەك پرسیاریان لێ بكەن، كاك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش، كە بەڕێز كاك شێخ جەعفەرە، من پشتیوانی تەواوی بووم. ئەسڵەن من خۆم پێشنیاری ئەوەم بۆ كرد كە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەربگرێت. بە ڕێواز خانەوە. كە لەو كاتەدا ناكۆكییەك هەبوو لەگەڵ بێگەرد خان لەسەر مەسەلەی یەكلاكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان، ئێمە بە باشمان زانی بەم شێوازە بێت كە ڕێواز خان بۆ سەرۆكی پەرلەمان و بێگەرد خان بە دڵخۆشییەوە و من سوپاسی دەكەم لەبەر خاتری یه‌کێتیی، وەزارەتی كشتوكاڵی پەسەند كرد. واتە هەموو ئەوانە ڕەزامەندیی منی لەسەر بووە و من هەموویان بە كاندیدی خۆم دەزانم.

بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی هەرێمی كوردستان دەشڵێت: ئەمجارە بڕیاری یه‌کێتیی نیشتمانیی كوردستانە، كە ئێمە بە جددی پاڵپشتی ئەم حكومەتە بین. هەروەك باسمان كردووە لە كۆبوونەوەكان لەگەڵ برایانی پارتی، یان نایەینە ناو حكومەتەكە یان ئەمجارە كە هاتین ئێمە سهداسهد پشتیوانێكی سەرسەختی ئەم حكومەتە و كار و بەرنامەكانی دەبین لە پێناوی خەڵكدا. بەڵام مەرجیشمان هەیە، هەم وەكو ئەوەی كە لە ڕێككەوتنە سیاسییەكە لەگەڵ پارتی كردوومانە، بە هیچ شێوەیەك ئێمە قبووڵی ناكەین ئەم چوار ساڵەی داهاتوو وەكو چوار ساڵی ڕابردوو بێت، زۆنی سەوز پشتگوێ بخرێت، و هەرچی سەروەت و سامان و داهاتی ئەم ناوچەیە هەیە ببرێت و لە شوێنی تر بە كار بهێنرێت. بە دڵنیاییەوە ئێمە مەرجمان هەیە و لیژنەیەكی باڵا پێك دەهێنین بۆ چاودێریكردنی دۆخەكە و ئەمجارە دەبێت ئیمكانیات بگەڕێنرێتەوە بۆ زۆنی سەوز. هەندێك دەسەڵاتی پێویست بگەڕێتەوە بۆ زۆنی سەوز بۆ ئەوەی كاروچالاكی و داواكاریی هاووڵاتییان هەمووی نەگەڕێتەوە هەولێر و مامهڵهکانیان دوا بخرێت، بەڵكوو هاووڵاتییان ئاسانتر بتوانن ئیشوكارە ئیدارییەكانیان ڕایی بكرێت. ئەمە یەكێك بووە لە خاڵە ئەساسییەكان كە موناقەشەی گەرموگوڕمان لەگەڵ برایانی پارتی كردووە لەسەری و ئێمە چاودێریش دەبین و دەبێت هەوڵ بدەین لەم ساڵانەی ئاییندە ئەو غەدرانەی ڕابردوو لا ببرێن و ڕاست بكرێنەوە.  هەوڵ بدەین ژێرخانی ناوچەی سەوزیش ببووژێنینەوە بە سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕینیشەوە. دڵنیاشم وەكو یه‌کێتیی، ئێمە چاودێرێكی ورد دەبین بۆ چۆنییەتی بڕگەكانی ئەو ڕێككەوتنهی لە نێوان ئێمە و پارتی هەیە.

لەبارەی کاندیدانی یەکێتی بۆ پۆستە وەزارییەکان لاھور شێخ جەنگی رایگەیاندووە: هەندێك جار پێویستی بە گۆڕانكاریش هەیە. من پێم وایە هەموو ئەو خەڵكانەی كاندید كراون، ئێستا لە بوارە جیاكاندا هەركەسە و ئەزموونی هەیە. ئەزموونی ژیانی هەیە. من پێم وایە ئەزموونی ژیان لە بواری جیاوازدا زۆر گرنگە و ڕەنگدانەوەی دەبێت لە كارەكاندا لەو پۆستانەی وەریدەگرن. بە دڵنیاییشەوە ئێمە بڕیارمان داوە چاودێرێكی وردی هەموو كاروبارەكانی كابینەكە بین. چاودێرێكی وردی كاروبارەكانی هەموو ئەو وەزیر و بەرپرسانە بین كە دانراون. بە تەمای جێبەجێكردنی سزا و پاداشتیشین. ئەو سزا و پاداشتەی كە دهمێک بوو لهناو یه‌کێتییدا نەمابوو، بەڵام كار دەكەین بۆ زیندووكردنەوەی و جێبەجێكردنی. لە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسییش وتراوە كە ئێمە ماوەی ساڵێكمان داناوە بۆ چاودێریكردنی كاروباری ئەو خەڵكانەی كە نوێنەرایەتیی یه‌کێتیی دەكەن لەم حكومەتەدا. لە دوای ساڵێك ئێمە تەقیمیان دەكەین و پێداچوونەوە دەكەین. ئەگەر خەڵكانێك ئەدایان باش نەبووبێت و نەیانتوانیبێت كار و چالاكییەكانیان بە ڕێكوپێكی ڕابپەڕێنن بۆ خزمەتكردنی میللەتەكەمان، بە دڵنیاییەوە ئەگەری لابردنی ئەم خەڵكانە دەبێت. 

لەبارەی پرسی کۆنگرەش لاھور شێخ جەنگی بەو میدیایەی وتووە: كۆنگرە شتێكی حەتمییە. بۆ ئەوەی یه‌کێتیی بتوانێت لە ژیانی خۆی بەردەوام بێت دەبێت بە دڵنیاییەوە لەم پێنج شەش مانگەی ئاییندە، كۆنگرەی خۆی بكات. ئەگەرنا بە دڵنیاییەوە تووشی كارەساتی گەورە دەبێت. كۆنگرەش بۆ تهسفیەی حسابات نییە. كۆنگرە بۆ ئەوەیە بتوانین حزبەكەمان نوێ بكەینەوە، خوێنی تازە بهێنین. پەیڕەو و پڕۆگرام و هەیكەلی حزبەكەمان بگۆڕین. ئەگەر سەیری ئەو پێكەوەكاركردنەی ئێمە و مانان بکهیت لە یەك دوو ساڵی ڕابردوو، جیلی كۆن و جیلی تازە بە ڕاستی بە یەكەوە هەنگاوی باشیان ناوە و لێكتێگەیشتنێكی باش درووست بووە. من پێم وایە ئەوە دەتوانێت ڕەنگ بداتەوە لەناو كۆنگرەش. هەندێك لە جیلی كۆن بمێنێتەوە، ئەوانەی كە ناشمێننەوە، بە ئارەزووی خۆیان یا لە كۆنگرە دەرناچن، پێویستە ڕێز لە خەبات و ماندووبوونیان بگیرێت و پێگەیەكیان بۆ دیاری بكرێت كە ڕاوێژیان پێ بكرێت لەبەر ئەو ئەزموونەی هەیانە. بە دڵنیاییەوە ئێمە بەرەو كۆنگرە دەڕۆین و بە ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی سەركەوتووی یه‌کێتیی، هاوسەنگیی هێز بۆ ناو هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە.