په‌یامێك له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی‌-ه‌وه‌

1119 جار خوێندراوەتەوە کات09:13 بەروار11-07-2019
په‌یامێك له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی‌-ه‌وه‌

راچڵه‌كین

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی‌، جێگری سكرتێری‌ گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی‌ كوردستان، ‎به‌ بۆنه‌ی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت، دواجار به‌ خواست وئیراده‌ی‌ هه‌موو لایه‌ك تێكڕای‌ ئاسته‌نگه‌كانمان بڕی‌ كابینه‌ی‌ نۆهه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش به‌ ستافێكی‌ نوێوه‌ پێك هێنرا.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی‌:

په‌یامی‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی‌ بۆ كۆمه‌لانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان
‎به‌ بۆنه‌ی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
 
‎به‌ سڵاوێكی‌ گه‌رمه‌وه‌، به‌ بۆنه‌ی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، پیرۆزبایی‌ گه‌رمی‌ خۆم ئاڕاسته‌ی‌ ته‌واوی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ گشتی‌ و كه‌س و كاری‌ سه‌ربه‌رزی‌ شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و جه‌ماوه‌رو هه‌وادارانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌ تایبه‌ت ده‌كه‌م و سوپاسی‌ ماندووبوون و خۆڕاگریتان ده‌كه‌م، ده‌زانم كه‌ چاوه‌ڕوانیتان بۆ پێكهێنانی‌ ئه‌م كابینه‌ وه‌زاریه‌ی‌ ئێستا كاتی‌ زیاتر له‌ پێویستی‌ خۆی‌ خایاندو كاریگه‌ری‌ نه‌رێنی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ گوزه‌رانی‌ هاووڵاتیان و سست بوونی‌ بازار و خزمه‌تگوزاریه‌كان به‌جێ هشتبوو. 
 
‎به‌ڵام دواجا ر به‌ خواست وئیراده‌ی‌ هه‌موو لایه‌ك تێكڕای‌ ئاسته‌نگه‌كانمان بڕی‌ كابینه‌ی‌ نۆهه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش به‌ ستافێكی‌ نوێوه‌ پێك هێنرا، كه‌ ئومێدمان وایه‌ ببێته‌ حكومه‌تێكی‌ به‌هێزو خزمه‌تگوزار و له‌ سایه‌یدا كار بۆ چه‌سپاندنی‌ عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و شه‌فافیه‌ت له‌ خه‌رجی‌ و داهاتدا و ئاسووده‌یی‌ و خۆشگوزه‌رانی‌ بۆ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكات.
 
‎سه‌رباری‌ پیرۆزبایشمان له‌سه‌رۆك و جێگرو ته‌واوی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێی‌ وه‌زیران، ڕوویی‌ قسه‌مان له‌ به‌ڕێزیانه‌و داوایان لێده‌كه‌ین كه‌ هه‌رچی‌ له‌ توانایاندایه‌ له‌ ووزه‌ و توانای‌ ماددی‌ مرۆیی‌، ژیرانه‌ بیخه‌نه‌ خزمه‌ت دابینكردنی‌ ئاشتی‌ و ئارامی‌ و ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ مسۆگه‌ر بكه‌ن و ڕێگا خۆشكه‌ر بن بۆ بونیادنانی‌ ژێرخانی‌ ئابووری‌ پته‌و له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ،كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر دامه‌زراندنی‌ پایه‌كانی‌ ئابووریه‌كی‌ به‌هێز هه‌بێت بۆ دابینكردنی‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ ئاسووده‌و خۆشگوزه‌ران و هه‌م له‌ناوه‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و هه‌م له‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ كوردستانین و له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌ت هه‌رێمدان.
 
‎بژی‌ كورد بژی‌ كوردستان
‎نه‌مری‌ و سه‌ربه‌رزی‌ بۆ شه‌هیدانی‌ ڕێگای‌ ئازادی‌ و سه‌رفرازی‌ گه‌له‌كه‌مان

‎كۆسرەت ڕەسول عەلی
‎جێگری سكرتێری گشتی ‎یەكێتی